رۆژنامەی ھەولێر

کتێبێکی فۆتۆیی بۆ تۆمارکـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــردنی فەرهەنگی دەوڵەمەندی هەورامان

 

 

کتێبێکی (باوەشی چیا)، نوێترین کتێبی فۆتۆبەڵگەیی فۆتۆگرافەر (تالب حەیدەری)ییە کە سەدان فۆتۆی ناوازەی لە ناوچە و فەرهەنگی هەورامانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تێدایە و بە هەرسێ زمانی کوردی و فارسی و ئینگلیزی شڕۆڤەد و باس کراون.

فۆتۆگرافەر تالب حەیدەری بۆ تۆمارکردنی ئەو فەرهەنگە دەوڵەمەندەی هەورامان، لە ماوەی ٧ ساڵدا واتە لە ساڵی (٢٠١٨ تا ٢٠٢٥)، نزیکەی ٣٠٠ هەزار کیلۆمەتر گەڕاوە و هەوڵی تۆمارکردن و هێشتنەوەی فەرهەنگی کۆنی هەورامانی داوە.
زۆربەی ئەم وێنانەی فۆتۆگرافەر، بەشداریی زیاتر لە ٥٠ فێستیڤاڵی نزیکەی ٢٥ وڵاتی دونیا وەک وڵاتانی فەڕانسە، ئەڵمانیا، سویسرا و بەریتانیایان کردووە و چەندین خەڵاتی گەورەشیان بردووەتەوە.
تالب حەیدەری لەبارەی پیشەکەیەوە دەڵێت: «وێنەگرتن بۆ من تەنها کارێکی وێنەیی نییە، بەڵکو هونەری جۆرێکی تر بینین و باش بینینە، و پێموایە دونیای وێنەگری دونیایەکی جوانترە. وێنەگرتن بۆ من گفتوگۆیەکی ناوەکییە لەگەڵ کات، شوێن و ژیان و بەخت یاوەرم بوو کە ئەمەم لە ناو قووڵایی مانای ژیانی ئەو خەڵکەدا دۆزییەوە کە لە نێو سروشت و نەک لە پەراوێز، دەژین».
جوانییەکانی سروشت و فەرهەنگ و خەڵکی هەورامان، سەرچاوەی ڕەنگ و جوانی و جیلوەی فۆتۆکانی تالب حەیدەرین و خۆشیت لەمبارەوە دەڵێت: «لەبەر ئەوەی شوێنی ژیانم ناوچەی هەورامان بووە و ئەم ناوچەیە پڕە لە دیمەن و بابەتی ناوازە بۆ وێنەگرتن، زۆرینەی بەرهەم و چالاکییە فۆتۆگرافییەکانیشم لەم ناوچەیەدا بوون. بۆیە لەم ڕێگەیەوە هەوڵم داوە ڕۆڵێکی ئەگەر بچووکیش بێت لە گۆڕینی ژینگەی ژیانم بگێڕم و بیکەمە شوێنێکی باشتر بۆ ژیان».
کتێبی فۆتۆیی (باوەشی چیا)، جگە لە دیمەن و سرووشتە جوان و جیهانییەکەی هەورامان، ڕەهەندە جیاواز و تایبەتەکانی ژیانی دانیشتووان و خەڵکی ئەم ناوچەیەشی وێنا کردووە و شاخ و دۆڵ و بەردەڵان و ڕێوڕەسم و بۆنە کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و ئایینییەکانی هەموو تۆمار و وێنە گرتوون و وەک فۆتۆگرافەر خۆی باسی دەکات: «بە هەنگاوی هێمن بەڵام عاشقانە، بە دڵێکی پڕ لە پرسیار و چاوێکی هەمیشە تامەزرۆوە، گوێم بۆ قسە و بەسەرهاتی ژیانی پیرە ئەزمووندارەکانی ئەم ناوچەیە ڕاگرت کە دوانەوە بوون بە شێوازی باوانیان ژیان دەکەن و نەوەکانی دوای ئەوە درێژەیان بەو شێوازە نەداوە»، هەروەها باس لەوەش دەکات کە لە ڕێگەی لێنزی کامێراکەیەوە تەماشای یاریی منداڵانی هەورامان کردووە و لە ئاهەنگەکانیاندا شاد بووە و هەڵپەڕیوە و بۆ خەمەکانیان خەمبار بووە و گریاوە و وەک خۆی دەڵێت «بە سەرسوڕمانەوە بەدوای شوێنەوارە مێژووییە کۆنەکان گەڕام و ژیان و کاری ڕۆژانەی خەڵکەکەم لە نزیکەوە درک و هەست پێکرد. ئەم گەشتە چەندین ساڵەیەشم گەشتێکێ ئاسان نەبوو و گێڕانەوەی زۆری تێدا بوو کە هەندێکجار لەگەڵ ڕووداو و کارەساتی تاڵ و شیرین تێکەڵ دەبوون. ساردایی ئێسقانشکێنی دۆڵ و چیاکان و گەرمای سوتێنەری چەقی هاوین و بەڵگەدارکردنی شیلەی دار قەزوانەکان بۆ دروستکردنی بنێشتی کوردی و لەگەڵ لاوەکان و خەڵکە دڵسۆزەکە، هەڵشاخان بەو چیا و ناوچە سەختانەی کە دەسووتان، تەنها بەشێک بوون لە سەختییەکانی ڕێگاکەم، بەڵام ئەم ڕێگایە ئەو ڕێچکەیە بوو کە بە تێپەڕاندنی تێگەیشتم ژیان هەر لەم ڕێپێوان و تێپەڕینەدایە و هیچ گەیشتنێک لە ئارادا نییە».

فۆتۆگرافەر تالب حەیدەری، پێی وایە قورسترین بەشی ئامادەکردنی ئەم کتێبە هەڵبژاردنێکی سنووردار بوو لە نێوان دەیان هەزار فریم لە ئەرشیفی وێنەکان کە ئێستا ئەم کتێبەی لێ بەرهەم هاتووە.
زۆربەی وێنەکانی ئەم کتێبە لە ڕێگەی کامێرایەکی (DSLR) و بەشێکی کەمیان لە ڕێگەی کامێرای مۆبایلەوە گیراون و دەستکاری وێنەکانیش تەنها لە ئاستی چاککردنی ڕووناکی و ڕەنگدا بووە و هەوڵ دراوە ڕەسەنایەتییان پارێزراو بێت.
ئەم کتێبە تەنها ئەلبوومێکی وێنەیی نییە، بەڵکو گێڕانەوەیەکی ڕاستەقینەی کەسێکی هونەرمەندە وەک بەڵگەیەکی فەرهەنگی لەسەر چیرۆکە تایبەتەکان لە جوگرافیایەکی تایبەتدا، خاکێک کە ڕەسەنایەتیی خۆی هێشتا لەدەست نەداوە، بەڵام لەبەردەم مەترسیشدایە.
لە کۆتایی ئەو پێشەکییەی کە فۆتۆگرافەر لە کتێبەکەیدا نووسیویەتی، دەڵێت: «وەک چۆن هونەرمەند و گۆرانیبێژی خۆشەویست ئەحمەد کایا لە بارەی بەرهەمەکانیەوە گوتی هیوادارم بەرهەمەکانم دەین و ئەرکی سرشانمیان بەرامبەر بە چیاکانی نیشتمانەکەم دابێتەوە، منیش هیوا دەخوازم ئەم کتێبەی منیش دەین و خزمەتێک بێی بەو شوێنانەی کە هەناسەم تیایاندا هەڵکێشاوە و لە ئاوی کانییەکانیم خواردووەتەوە، و هیوادارم ببێتە دیاری و یادگاری من بۆ نیشتمان و گەلێک کە هەزاران ساڵە ماوەتەوە و لە باوەشی چیاکاندا ئارامیان گرتووە و ڕەنگە مانای ژیانیان لە قەرەباڵغی و ژاوەژاوی سەردەمی ئەمڕۆماندا ون بووبێت».