رۆژنامەی ھەولێر

ڤایرۆسی سوورێژە و پابەندی بە كوتانی ڕۆتینەوە

ئەژین عەبدوڵڵا – هە‌ولێر

 

ئەو منداڵانەی بە ماکوتەی دژی سوورێژە بەپێ خشتەی کوتانی نیشتمانی نەکوتراوە پێویستە دایكو باوكان منداڵەكانیان ببەن و سەردانی بنکە تەندروستییەکان بکەن بۆ ئەوەی منداڵەکەیان بکوترێت، تا ڕێگری بکرێت لەبڵاوبوونەوەی ئەم نەخۆشییە.

ڤایرۆسی سوورێژە (Measles virus) بە خێرایی لە ڕێگەی هەناسە و پرژەی لیکی دەم لە کاتی پژمین و کۆکەدا دەگوازرێتەوە. دوای تێپەڕینی ٥ بۆ ٧ ڕۆژ بەسەر بەرکەوتندا، نیشانە سەرەتایییەکانی لەسەر جەستەی منداڵ دەردەکەون.
د. دیلان ڕەمزی پیرداود، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان، سەبارەت بە مەترسییەکانی نەخۆشییەکە ڕایگەیاند: «بەداخەوە لەم ماوەیەدا نەخۆشییەکە بە شێوەیەکی بەرچاو لەناو منداڵاندا بڵاو بووەتەوە. نیشانە سەرەکییەکان بە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمای جەستە بۆ ٣٩ پلە، بێتاقەتی، کۆکە، لووتەچۆڕە، سووربوونەوە و ئاوسانی چاو، لەگەڵ دەرکەوتنی پەڵەی سپی لە ناو دەم دەست پێ دەکەن. پاش ٣ بۆ ٥ ڕۆژ، پەڵە و خاڵی سوور سەرەتا لەسەر دەموچاو، مل و سنگ دەردەکەون، دواتریش بە هەموو جەستەدا بڵاو دەبنەوە و بۆ ماوەی ٥ بۆ ٧ ڕۆژ بەردەوام دەبن».
ئەو پسپۆڕەی نەخۆشییەکانی منداڵان جەختی لەوەش کردەوە، لەو قۆناغەدا باری تەندروستیی منداڵ ناسک دەبێت و زۆربەیان پێویستیان بە چاودێریی وردی پزیشکی هەیە؛ پێویستە شلەمەنیی زۆریان پێ بدرێت و دەرمانی دابەزاندنی تا بە بەردەوامی بەکاربهێنرێت.
د. دیلان هۆشداری دەدات لە لێکەوتە و زیانە لاوەکییە مەترسیدارەکانی نەخۆشییەکە و دەڵێت: «سوورێژە لە هەندێک حاڵەتدا دەبێتە هۆی هەوکردنی گوێ، هەوکردنی سییەکان یان هەوکردنی مێشک، کە بەداخەوە هەندێک جار مەترسی لەسەر ژیانی منداڵ دروست دەکات و دەبێتە هۆی گیانلەدەستدان».
لە کۆتاییدا پزیشکان دووپاتی دەکەنەوە کە کاراترین و تاقە ڕێگە بۆ پاراستنی منداڵ لە مەترسییەکانی سوورێژە، پێدانی پێکوتەیە لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا، بەتایبەت کە زۆرینەی ئەوانەی ئێستا تووشی پەتاکە بوون، ئەو منداڵانەن کە ڤاکسینەکەیان وەرنەگرتووە.