رۆژنامەی ھەولێر

هەروا بووە و هەروا دەبێ!

خـــــــــوسرەو جـــــــــــــاف
کورە زۆر سەیرە، خۆ ئێمەی کورد جاروبار دەربارەی بڕێک پێویستییەکانی مرۆڤ بیر ناکەینەوە. گرفت لەوەدایە شتێک نەزانین و نەماندیتبێت، لامان وایە ئەو شتە نه هەیە و نه پێویستیشە، جا ئیتر بۆچی خۆی پێوەی ماندوو بکات! گرفتەکە لەوەدایە ئەوانەی بەم شێوەیە بیر دەکەنەوە ژمارەیان هەر یەکجار زۆرە.
بەندە زەمانێکە گەیشتوومەتە ئەو باوەڕەی کە نەزانین تاوانە؛ شتێکە تاوانێکی بێسزایە و زۆر کەسی تریش لەو ڕووەوە لە هەمان باوەڕدان.
باشە ئەوە تاوانە، تاوانی بێسزاش ڕۆژ بە ڕۆژ برەو دەستێنێت. بێگومان هۆکاری ئەوە تاوانە سەرەنجام کەسێکە یان کۆمەڵێک، چوزانم کۆمەڵگایەکە و هەستی پێ ناکرێت. تۆ لەوە گەڕێ، ئێمەی کورد وا ڕاهاتووین؛ با شتێک، بابەتێک دەستنیشان بکەین بە نموونە: نەخوێندەواری، وەرە و تەماشا بکە و ورد ورد بڕوانە؛ کۆمەڵگەی پێگەیشتوو و تێگەیشتوو ژمارەی نەخوێندەوارییان سفرە یان سەدا دووە، ئەو سەدا دووە لە شتێکدا وەستاکارن، ئێمەی ڕۆژهەڵاتی لەوەیشدا هەڕە لە بڕە دەرناکەین، هیچی لێ نازانین.
ئەتۆ وەرە و ورد بەرەوە لە پێشکەوتنی میللەتانی پێگەیشتوو و تێگەیشتوو، ئەو هەموو داهێنان و سازەندەگییەی تیادا
دەژیین زۆربەی کار و کرده‌وە و داهێنانەکانیان گەیشتووەتە ئێمەی ڕۆژهەڵاتی و، بەس شتێکە لە ژیانی ڕۆژانەمان و خۆمان بە خاوەنی دەزانین و ژیانی ڕۆژانەمانی پێ ڕازاندووەتەوە. عالەمێک لە دروستکردن و داهێنانی وەکو ڕەفاهیەت و ئاسایشی ژیانی ڕۆژانەمان؛ ئەتۆ ورد بەرەوە بۆ خوا یەکێک لەو دەستکرد و داهێنانانه، یەکێکیان لە لایەن ئێمەوە نە دۆزراوەتەوە و نه دروست کراون.
پرسیارێکە و دەکرێت: ئەگەر ڕۆژگارێک بێتە پێشەوە ئێمەی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەو داهێنانە بێبەش کرێین، کە بۆ خوا یەکێک لەوانە باب و باپیرانی ئێمە دروستیان نەکردووە، ئەوە باوباپیری ڕۆژئاواییەکان لە دووسەد ساڵی لەمەوپێشەوە دەستیان کردووە بە شۆڕشی داهێنان و دەستکرد و، گەیشتوونەتە ئەم ئاستە؛ ئێمەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش تازە بیروبۆچوونمان بخۆ و بژییە و بەس!
باشە ئێمەی ڕۆژهەڵاتی، نەقسی بایۆلۆژیمان تێدایە؟ یان شێوەی بیرکردنەوەمان، یان توندڕەویی ئایین و دابونەریتە؟ هەر کامیان بێت بۆ کابرایەکی وەک من قابیلی قبووڵ نییە.
با وردتر بیری لێ بکەینەوە، نزیکەی دووسەد ساڵ لەمەوبەر شۆڕشی دەستکردی مرۆڤ دەستی پێ کردووە، کە گەیشتووەتە ئێستا. پرسیارێک بە لامەوە گەڵاڵە بووە: ئەگەر زیندەگیی ئێمە هەر لە جەغزی (بخۆ و بژی)ـدا بێت داخۆ میللەتە داهێنەرەکان لەو دووسەد ساڵەی دابێدا دەگەنە چی و دەگەنە کوێ؟ ئەی ئێمەی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگەینە کوێ و لە کوێدا خۆمان دەدۆزینەوە؟ بابەتی تازەباوی ئێستا بۆ خوا لە یەکێک لەوانەمان دروست نەکردووە و هیچ داهێنانێکی سنعەتیمان نەبووە.
کەواتە لەو دووسەد ساڵەی دانەهاتوویشدا خنکاوی ناو بیروڕای (بخۆ و بژی)ین.
ورد ببەرەوە، زانکۆی جۆراوجۆرمان زۆرە، بڕێک لە قوتابیانمان دەچنە زانکۆ بەناوبانگەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا، بارودۆخی ئابووریی وڵاتەکەمان لە ئەورووپا باشتر نەبێت خراپتر نییە، تەواوی نەوتی جیهان لە وڵاتانی ئیسلامییەوە هەڵدەقوڵێت و هەناردە دەکرێت و بە هەر چوار دەورماندا دەنێردرێت؛ ئێمە بۆچی هیچمان بە هیچ نەکردووە؟ هەڵە زەقەکە لە کوێدایە؟
کورە وەر بمکوژە، کابرا لە ناسراوترین زانکۆی ئەوروپا کۆلێجی تەواو کردووە، هەر لە منداڵییەوە زانستیانە پەروەردە کراوە، کە دەگەڕێتەوە وڵاتەکەی خۆمان هەمان گەمژەکەی جارانە، هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ کوڕی دراوسێیدا نییە! دڵنیا بە، منی بەندەخودا کابرایەکی ڕەشبین نیم و باوەڕم بە زرنگیی مرۆڤ هەیە، بەڵام خەم و خەفەتی، دووسەد ساڵی دانەهاتوو پەرێشانی کردوومە؛ داخۆ هەتا دووسەد ساڵی دی داهێنەرانی ئێستا دەگەنە کام ئەستێرە و هەسارەی فەلەک؟ ئەو کاتە ئێمەی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەمەدا لە کوێداین؟
تۆ بڵێیت لە دوو سەد ساڵی داهاتوودا ئازادیی مرۆڤ پەیوەند بدرێتە ئاستی زانست و ڕۆشنبیرییەوە؟ بە شێوەیەک لە شێوەکان مرۆڤایەتی لەسەر بناغە و ئاستی زانست و پێشکەوتن بێت؟ دەمەوێت ئەوەش بڵێم: ئاستی ئازادیی میللەتان پەیوەند بیدرێتە ئاست و پلە و پایەی زانست و ڕۆشنبیری؟ واتە بەمە بێت گۆڕانکاریی بنەڕەتی پیادە دەکرێت و ئایینەکان بەلاوە دەنرێن، بەشەریەت لە دۆخێکی تردا دەبێت!
ڕەنگە یەکێک بڵێت ئایینەکان تەمەنیان لە دوو هەزار ساڵ زۆرترە و هیچ گۆڕانکارییەکی تێدا نەکراوە.. ڕاست دەکەی، لە دوو سەد ساڵی داهاتوودا مرۆڤایەتی گۆڕانکاریی بنەڕەتی تێدا دەکرێت، تازەباوەکانی ئەم سەردەمە ناچنە عەقڵی مرۆڤی ئێستاوە.
بۆی هەیە پەیوەندی لەگەڵ قووڵایی ئاسماندا دروست ببێت و بگۆڕێت، شتە بەهادارەکان وەکوو (زێڕ و ئەڵماس) پێگە و پایەی ئێستایان لە دەست دەدەن. هیچ بە دووری مەزانە مرۆڤی دوو سەد ساڵی داهاتوو بڕواتە ناو هەسارەیەکی ترەوە کە سەرتاپای لە زێڕ یان پەروەردگار لە ئەڵماس دروستی کردووە، بۆیە دەڵێم: دووسەد ساڵی تر گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی دەبێت لە بیروبۆچوون و تەرازوو و کەیل و کێشانەکاندا.
جا برادەر تۆ هەرکێ هەیت خەفەتی دووسەد ساڵی داهانەتوو مەخۆ. من بەندەی خودام، گەورەیی و مەزنیی پەروەردگار لەوە گەورەتر دەزانم.
مرۆڤ بگاتە هەموو پایەیەکی زانست، هەر عەبدی خودایە. تۆ لە مولحیدەکانی ئێستا گەڕێ، تا دووسەد ساڵی دی، ئەوی مولحیدە دەبێتە سەرئەسپەردەیەکی پەروەردگار. ئەگەر باوەڕ ناکەی مەمرە تا دووسەد ساڵی تر، تا بە چاوی خۆت ئەو گۆڕانکارییە بنەڕەتییە عەجیبەی سەردەمە ببینی.
جا برادەر، من ئاوها بیر دەکەمەوە لەگەڵ خۆما تۆش هەر جۆرێک تێبفکری لەگەڵ خۆتدا، دڵنیا بە، بە هەردووکمانەوە دەبینە خەڵک.
سەد ڕەحمەت لە عێل بەگی جاف کە ٥٥٠ ساڵ لەمەوپێش هاتووەتە جیهانەوە.