رۆژنامەی ھەولێر

گەشتێکی ئەدەبی لەنێوان مێژوو و تراژیدیا

خوێندنەوەی: باهۆز مستەفا
ئەدەبیاتی گەشتنامە یەکێکە لە کۆنترین و دەوڵەمەندترین جۆرەکانی ئەدەب لە جیهاندا. لەم جۆرە ئەدەبەدا، نووسەران تەنیا جوگرافیا و شوێنەکان ناگوازنەوە، بەڵکوو ئەزموونی ڕۆحی، فەرهەنگی و گۆڕانکارییە دەروونییەکانی خۆیان دەگێڕنەوە.

بۆ نموونە:
گەشتنامەی ئیبن بەتووتە لەلایەن (ئەبو عەبدوڵلا محەمەد کوڕی عەبدوڵلا کوڕی محەمەد ئەللەواتی تەنجی کوڕی بەتوتە ١٣٠٣ – ١٣٦٨) ناسراو بە ئیبن بەتووتە، یەکێکە لە بەناوبانگترین گەشتنامەکانی مێژوو. ئەم گەشتیارە مەغریبییە بۆ ماوەی نزیکەی ٣٠ ساڵ گەشتی بەناو جیهانی ئیسلامی و دەرەوەیدا کردووە (لە باکووری ئەفریقاوە تا دەگاتە هیندستان و چین). ئەم بەرهەمە تابلۆیەکی زۆر وردی ژیانی کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی و ئایینیی سەدەکانی ناوەڕاست پێشکەش دەکات.
گەشتەکانی مارکۆ پۆلۆ لەلایەن مارکۆ پۆلۆ ١٢٥٤ – ١٣٢٤، ئەم پەڕتووکە گەشتەکەی مارکۆ پۆلۆی بازرگانی ئیتاڵی بۆ ئاسیا و چین (لە سەردەمی ئیمپراتۆریەتی مەغۆل) دەگێڕێتەوە. کتێبەکە کاریگەرییەکی گەورەی هەبوو لەسەر ناساندنی ڕۆژهەڵات بە ئەوروپا و تەنانەت بووە ئیلهامبەخش بۆ گەشتیارانی دواتری وەک کریستۆفەر کۆڵۆمبس.
یاداشتەکانی ماتۆڕسکیل لەلایەن چێ گیڤارا ١٩٢٨ – ١٩٦٧، لەم گەشتنامەیەدا، ئێرنێستۆ چێ گیڤارای گەنج پێش ئەوەی ببێتە سەرکردەیەکی شۆڕشگێڕ لەگەڵ هاوڕێکەی بە ماتۆڕسکیلێک بەناو وڵاتانی ئەمریکای باشووردا دەگەڕێن. گەشتەکە تەنیا بینینی جوانییەکانی سروشت نییە، بەڵکوو ڕووبەڕووبوونەوەیە لەگەڵ نەهامەتی و هەژاریی چینی کرێکار و جووتیاران، کە دواتر تەواوی بیروباوەڕی سیاسیی ئەو دادەڕێژێت.

گەشتنامەی تەنزئامێز و ئەدەبی
هەروەها مارک توەینی نووسەری گەورەی ئەمریکی، باسی گەشتەکەی خۆی و کۆمەڵێک ئەمریکی دەکات بۆ ئەوروپا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە شێوازێکی کۆمیدی و تەنزئامێز، ڕەخنە لە تێڕوانینی ڕۆمانسییانەی ئەمریکییەکان بۆ جیهانی کۆن دەگرێت.
گەشتنامەی “پاییزی ڕۆما” تەنیا سەردانێکی جوگرافی نییە، بەڵکوو دەقێکی ئەدەبییە بە زمانێکی ڕۆمانئامێز و پڕ لە مۆنۆلۆگی ناوەکی و وەسفی دەروونی داڕێژراوە. نووسەر لەم دەقەدا وەک ئەدەبی گێڕانەوەیی، یان گەشتنامەیەکی دەروونی خوێنەر دەباتە نێو گەشتێکی ئاڵۆزەوە، کە تێیدا ململانێکانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا، شکۆمەندیی شارستانیەت و داڕمانی مرۆڤ، هەروەها خەون و نائومێدی بە یەکدادەدەن. لەم بەرهەمەدا، شارەکان تەنیا شوێنی جوگرافی نین، بەڵکوو بوونەوەرێکی زیندوون کاریگەرییان لەسەر ڕۆح و بیرکردنەوەی نووسەر هەیە.
گەشتەکە لە فڕۆکەخانەی قاهیرە لەنێو بێزاری و چاوەڕوانییەکی هەشت کاتژمێریدا دەست پێدەکات. نووسەر بەدەست ترس لە فڕین و بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن و ماندووبوونەوە دەناڵێنێت، ئەم وێستگەیەی چاوەڕوانی دەکاتە دەرفەتێک بۆ تێڕامان لە مرۆڤەکانی دەوروبەری. بینینی سەبری، ئەو کارگوزارە میسرییەی، کە مانگانە تەنیا بە سەد و سی دۆلار ژیانێکی سەخت بەڕێ دەکات، وا لە نووسەر دەکات بچێتە نێو قووڵایی بیرکردنەوە لە ئارامگریی مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی و ئەو هەژارییەی باڵی بەسەر وڵاتێکی پڕ لە جموجۆڵی وەک میسردا کێشاوە. لەم ساتانەدا، نووسەر بە خەیاڵ دەچێتە نێو شەقامەکانی قاهیرە و بازاڕی خان خەلیلی و بیر لەو شۆڕشە خێرایانە دەکاتەوە لە ماوەیەکی کورتدا دوو سەرۆکی وەک حوسنی موبارەک و محەممەد مورسییان گۆڕی، ئەمەش وێنایەکی زیندووی ئەو ناسەقامگیرییە سیاسی و کۆمەڵایەتییە دەدات، کە مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی تێیدا دەژی.
گەیشتن بە ڕۆما و نیشتنەوە لە فڕۆکەخانەی فۆمنکینی، وەرچەرخانێکی گەورەیە لە دەقەکەدا. نووسەر لەگەڵ بینینی یەکەم نمەبارانی پاییزی ڕۆما و هەڵمژینی هەوا فێنکەکەی، تەواوی ماندووبوونی فڕۆکەخانەی قاهیرەی لەبیر دەچێتەوە. چاوەڕوانی لە هاتنی ئیسماعیل، کۆنە دراوسێیەکی گەڕەکی کورانی هەولێرە و ئێستا لە ڕۆما دەژی، هێمایە بۆ پێویستیی مرۆڤ بە خاڵێکی ئاشنا لەنێو جیهانێکی نامۆدا. ڕۆما لە چاوی نووسەرەوە تەنیا باڵەخانە مێژووییەکانی وەک کۆلۆسیۆم یان پەیژەکانی ئۆرسۆلا نییە، بەڵکوو شارێکە مێژوو تێیدا هەناسە دەدات. کاتێک نووسەر لە ڕۆخ ڕووباری تیبەر دادەنیشێت، هەست دەکات ئاوەکە چیرۆکی سەربازە دێرینەکانی ڕۆما دەگێڕێتەوە، ئەو لەبەردەم ئەم هەموو جوانییەدا تەنیا دڵۆپە ئاوێکی بچووکە لە دەریایەکی بێکۆتاییدا.
نووسەر زۆر ژیرانە ڕێگە نادات دەقەکە تەنیا ببێتە وەسفێکی ڕۆمانسییانەی شارەکە، بەڵکوو پەردە لەسەر دیوە تاریک و تراژیدییەکەی ئەوروپاش لادەدات، لە ڕێگەی گێڕانەوەی چیرۆکی سەعید و هیشامی براکەیەوە، نووسەر تراژیدیای کۆچ و نامۆبوونی مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی لە ئەوروپا دەخاتە ڕوو. هیشام دەکەوێتە نێو داوی ماددە هۆشبەرەکان و گەڕەکە پەمەییەکان (شوێنی سۆزانییەکان)، دواتر هاوسەرگیری لەگەڵ ئێڤای سۆزانی دەکات و دواجار بەهۆی زۆربەکارهێنانی ماددەی هۆشبەرەوە گیان لەدەست دەدات. مەرگی هیشام منداڵێکی بێسەرپەرشت و خەمێکی قووڵ و هەتاهەتایی بۆ سەعیدی براکەی جێدەهێڵێت، ئەمەش وێنایەکی دراماتیکیی ئەو ئازادییە بێسنوورەیە، کە دەبێتە هۆی لەناوچوونی مرۆڤ.
لە پاڵ ئەم تراژیدیایەدا، دەقەکە تیشک دەخاتە سەر ئازارەکانی پەنابەرە کوردەکان لە ئیتاڵیا. سەردانی نووسەر بۆ ماڵە بچووک و هەژارانەکەی بەختیار، دانیشتنی لەگەڵ کارزان و شێرە، دیوێکی شاراوە و تاڵی ڕۆمامان پێ نیشان دەدات. ئەم گەنجانە لە کەمپەکاندا بە چل یۆرۆی هەفتانەوە دەژین، بەدەست بێکاری و نائومێدی و شەڕەچەقۆی ناو کەمپەکانەوە دەناڵێنن. شوێنی چەقۆی سەر ڕوومەتی شێرە و بۆنی ناخۆشی پێڵاوەکانی کارزان، هاوکات لەگەڵ گریانەکەیان بۆ مەقامێکی مامۆستا عەلی مەردان، گوزارشتێکی قووڵە لەو ئازارە ڕۆحییەی پەنابەران لە تاراوگەدا دەیچێژن، کە چۆن لەنێوان شکۆمەندیی ڕۆما و ژیانی کوللەمەرگیی پەنابەریدا ون بوون.
گەشتنامەکە خاڵێکی بەهێزی دیکەی هەیە، کە بریتییە لە ململانێی دەروونی و فەرهەنگیی نووسەر، کاتێک نووسەر لە ڕێستورانتی “لاتافێرنا” بەبێ ئاگا گۆشتی بەراز دەخوات، یەکسەر دەنگی دایکی لە خەیاڵیدا دەزرنگێتەوە کە دەڵێت: “ئەوەی گۆشتی بەراز بخوات بێغیرەت دەبێت”. ئەم ڕووداوە بچووکە دەبێتە پرسیارێکی گەورەی فەلسەفی لای نووسەر، کە ئایا بەڕاستی کەرامەت و غیرەتی مرۆڤ بە خواردنێکەوە گرێ دراوە؟ ئەو دەگاتە ئەو بڕوایەی کە بێغیرەتیی ڕاستەقینە دزی و درۆ و ناپاکییە بەرانبەر نیشتمان، نەک خواردنێک. ئەم هەستە یاخیبوونە وای لێ دەکات هەست بە ئازادییەکی قووڵتر بکات، تا ئەو ڕادەیەی بیەوێت لەسەر پەیژەکانی ئۆرسۆلا بە دەستی بەتاڵ و دڵێکی مەستەوە سەما بکات، بە چاوێکی پڕ لە سۆزەوە بڕوانێتە سۆزانییەکانی سەر شەقام و نامەیەکی شیعرییان بۆ بنووسێت کە دواتر فڕێی دەداتە تەنەکەی خۆڵەوە.
لوتکەی دراماتیکیی ئەم گەشتنامەیە لە چیرۆکی لووسیدا بەرجەستە دەبێت. لە ڤاتیکان، نووسەر بە ڕێکەوت چاوی بە لووسی، کچە خوێندکارێکی جوانی مەغریبی دەکەوێت و سەرسامی جوانی و خوێنشیرینییەکەی دەبێت. ئەم ناسینە لە کافێیەکی سان لۆرێنزۆ و باڕێکی پڕ لە شەرابدا گەشە دەکات، وەک سەرەتای فیلمێکی ڕۆمانسی دێتە بەرچاو. کاتێک لووسی بانگهێشتی دەکات بۆ شوقەکەی، نووسەر بە خەونێکی گەورەوە دەچێت، بەڵام لەناکاو ئەم خەونە دەبێتە مۆتەکەیەکی ترسناک. دەرکەوتنی پیاوێکی عەرەب لە ژوورەکەدا و سەندنی هەزار یۆرۆ لێی بە هەڕەشە، زەبرێکی دەروونیی هێندە گەورە لە نووسەر دەدات، کە تەواوی جوانییەکانی ڕۆمای لەبەرچاو دەخات. ئەم فێڵە وا دەکات نووسەر لە ڕۆژانی کۆتاییدا لە هەموو ژنێکی ناو شارەکە بترسێت و هەموویان بە وێنەی لووسی ببینێت.
ئەم زەبرە ڕۆحییە کاردانەوەیەکی هێندە قووڵی دەبێت، کە نووسەر لە خەونێکی ترسناکدا لە هۆتێل کۆڵۆمبس دەبینێت لە ڕێستورانتێکدا هێرش دەکاتە سەر لووسی و پەرداخێکی شووشە بە سەریدا دەشکێنێت و خۆیشی لەلایەن هاوڕێکەی لووسییەوە بە چەقۆ بریندار دەکرێت. ڕاچڵەکین لەم کابووسە و هەناسەتوندییەکەی ناو هۆتێلەکە، نیشانەی ئەو برینە قووڵەن کە خیانەت و فریودان لە ڕۆحی مرۆڤدا جێی دەهێڵن.
دەقەکە بە گەڕانەوە بۆ هەولێر و دانیشتن لە قاوەخانەی مەچکۆ کۆتایی دێت. نووسەر کە هێشتا بە جەستە لە هەولێرە و بە خەیاڵ لەنێو شەقامەکانی پاییزی ڕۆما و یادەوەرییە تاڵ و شیرینەکانیدا دەژی، بە دەنگی چایچییەکە دەگەڕێتەوە بۆ واقیع. ئەم کۆتاییە هێمایە بۆ ئەوەی کە گەشتەکان تەنیا بڕینی مەودای جوگرافی نین، بەڵکوو ئەزموونێکی ڕۆحیین مرۆڤ دەگۆڕن. ڕۆما بۆ نووسەر تەنیا شارێک نەبوو، بەڵکوو کتێبێک بوو بۆ تێگەیشتن لە خۆی، لە شکۆمەندیی مێژوو و لە هەمان کاتیشدا لە تاریکی و برینەکانی مرۆڤ.

سەرچاوە: بژار حەکیم، ٢٠٢٦، پایزی رۆما، چاپخانەی چوارچرا