سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

پاتریاركی كلدان له‌ عێراق و جیهان ئیدانه‌ی هێرشه‌ تیرۆریستییه‌كه‌ی شاری هه‌ولێر ده‌كات

پاتریاركی كلدان له‌ عێراق و جیهان ئیدانه‌ی هێرشه‌ تیرۆریستییه‌كه‌ی به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌می شاری هه‌ولێر كرد و ڕایگه‌یاند كه‌ له‌ هێرشه‌كه‌دا‌ هاووڵاتییانی سڤیلی كراونه‌ته‌ ئامانج.

پاتریارك مار لویس رۆفائێل – یه‌كه‌م ساكۆ پاتریاركی كلدان له‌ عێراق و جیهان له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا ڕایگه‌یاند: پاتریاركی كلدانی ئیدانه‌ی ئه‌و هێرشه‌ مووشه‌كییه‌ ده‌كات كه‌ به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م كرایه‌ سه‌ر شاری هه‌ولێر و بووه‌ هۆی دروستكردنی ترس و تۆقاندنی هاووڵاتییانی سڤیل و زیانی ماددی به‌ر چه‌ندان خانووی هاووڵاتییان كه‌وتووه‌.

ڕاشیگه‌یاند: پاتریارك دووپاتی ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ده‌بێت چاره‌سه‌ری كێشه‌كان له‌ ڕێگه‌ی دیالۆكی شارستانی بكرێت بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی داهاتوویه‌كی گه‌ش بۆ هه‌مووان نه‌ك به‌ چه‌كی كاره‌ساتبار و توندوتیژی.

پاتریارك مار لویس رۆفائێل ساكۆ داواشی له‌ عێراقییه‌كان كرد دانبه‌خۆدابگرن له‌م بارودۆخه‌ ئاڵۆزه‌دا و هه‌روه‌ها هه‌موو هه‌وڵێكیش بده‌ن هه‌رچووه‌ زووه‌ بۆ پێكهێنانی حكوومه‌تی نوێی عێراق.

له‌ كۆتایی به‌یاننامه‌كه‌دا داوای له‌ خوای گه‌وره‌ كرد هه‌موو وڵاتان دوور بكاته‌وه‌ له‌ شه‌ڕ و هه‌روه‌ها ئاشتی و سه‌قامگیری به‌رقه‌رار بكات.