فەرەیدوون سامان
کوردستان لانکەی شارستانییەت و ناوچەیەکی جوگرافییە کە لە دێریندا نووسین و ژمارەی تێیدا داهێنراوە، یەکەم نۆتەی مۆسیقیش لەلایەن هۆرییەکان داهێنراوە، کە باوباپیرانی کوردبوون، هەروەها بەخێوکردنی ئاژەڵە کێوییەکان دوای دۆزینەوەی بنچینەکانی کشتوکاڵ و گواستنەوە لە ژیانی ڕاوکردن بۆ ژیانی گوندنشینی زیاتر لە ٩٠٠٠ ساڵ لەمەوبەر.
زمان ئەو ئامرازەیە کە پێداویستییەکانی مرۆڤ بۆ پەیوەندی وەک ئامرازێکی تێگەیشتن کە لە ڕێگەی ئەو زمانەوە هزر و بیرۆکە و بینینەکان دەگوازرێنەوە، ڕێشەی زمانی کوردیش بەگوێرەی مێژووناسان دەگەڕێتەوە بۆ نزیکەی ٥٠٠٠ پ.ز، زمانی کوردی سەر بە کۆمەڵەی زمانە هیندوئەوروپییەکانە، کە چەندان کۆمەڵە زمانی ئاسیایی وەک فارسی و ئازەری و پشتوونی و تاتی و تاڵەشی و بلووچی و گیلەکی و زمانەکانی تر لە خۆ دەگرێت، کە لەو ناوچە جوگرافییەدا هەن، پێی دەڵێن سەر زەمینی ئێران، بە ڕای زمانناسانێکی ئەمریکی وەکو(مایکل چاید- وتووێژی گۆڤاری زمان و زار لەگەڵ بەڕێزیاندا) زمانی کوردی زمانێکی سەربەخۆیە و لقێکی هیچ زمانێکی دیکە نییە، وەک ئەو بانگەشانەی کە لەلایەن دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستانەوە بۆ دەکرێت، کە گوایە زارێکی فارسی یان عەرەبی و تورکی بێت.
سەرەڕای نەبوونی قەوارەیەکی سیاسی بۆ کورد و هەوڵە بێوچانەکان بۆ تواندنەوەی کورد لە بۆتەی وڵاتانی داگیرکەری کوردستاندا و ڕێگری کردن لە ئاخاوتننی خەڵکی کورد بە زمانەکەیان، بەڵام زمانی کوردی توانی سەربەخۆیی خۆی بپارێزێت، وەک هەموو توێژینەوە دەنگییەکان و ئێتنۆگرافی و لێکۆڵینەوە بەراوردکارییەکانی زانایانی ئەڵمانی لە ساڵی ١٨٤٠ ی زایینی، کە لە ئەنجامی توێژینەوەی بەردەوامدا لە بەراوردکردنی زمانەوانی نێوان وشەی کوردی و زمانە ئێرانییەکاندا، سەلماندیان کە زمانی کوردی بە یاسا و وشەگەل و ڕەچەڵەک و دەنگەکانییەوە زمانێکی سەربەخۆیە .
ڕۆژهەڵاتناسی ڕووسی “لێرخ” لە توێژینەوەیەکیدا کە بە ناونیشانی “لێکۆڵینەوە لەسەر کورد” بڵاوکرایەوە، هەروەها ڕۆژهەڵاتناسە دیارەکانی وەک (ڕێنان، دۆرن وارش، مولەر و ژابا) پشتگیری ئەم بۆچوونەیان کردووە، ئەدمۆنسی شارەزای مێژووی کورد دەڵێت: دەرکەوت کە زمانی کوردی شێوەزارێکی شێواوی فارسی نییە، بەڵکو زمانێکی ئاریایی پاک و ناسراوە، تایبەتمەندی و پێشکەوتنە دێرینەکانی خۆی هەیە.
“ڤلادیمێر مینۆرسکی” لە ئەنجامی توێژینەوەکانیدا گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە زمانی کوردی بە کەسایەتییەکی تەواو جیاواز لە زمانی فارسی دەناسرێتەوە و بەڵگەی زمانەوانی دەخاتەڕوو، کە جیاوازییە بنەڕەتییەکانی نێوان هەریەکەیان دەسەلمێنێت، باووباپیرانی سۆمەری و ئیلامی و ماد بۆ یەکەمجار لە مێژوودا نووسینی بزمارییان بەکارهێناوە، کە لەسەر تەختەی قوڕ و بەرد و مۆم و کانزا و شتی تر هەڵکۆڵرابوون، دواتر پیتەکانی نووسین پەرەیان سەند، کورد ئەلفوبێیەکی تایبەتیان هەبووە کە پێش داگیرکردنی ئیسلامی لە کوردستاندا پەیڕەو کرابوو، ئیبن وەحش زیاتر لە ١١٠٠ ساڵ لەمەوبەر لە کتێبەکەیدا ئاماژە بە ” ئارەزووی سرووش لە ناسینی هێماکانی قەڵەم” دەکات کە کورد لە نووسین و هێماکردندا بەکاری دەهێنا.
بۆ لێکۆڵینەوە لە بنەچەی زمانی کوردی دەبێت پێداچوونەوە بە کۆنترین ئەدەبی نووسراو بکرێت و کۆنترین ئەم کارانەش کتێبی ئاوێستایە، کتێبی ئاوێستا، کە لە دەوروبەری سەدەی حەفتەمی پێش زایین بە شێوەزاری پەهلەوی نزیک لە زاری گۆران نووسراوە، مەسعودی لە کتێبی “مروج الذهب- مێرگەکانی زێڕ” ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەبستاق – ئاوێستا لە دوازدە هەزار بەرگی بە زێڕ نووسراوە، کە بەڵێن و فەرمان و قەدەغە و یاسا و پەرستنی دیکەی تێدا هەبووە، بێگومان زمانی کوردی وەک هەر زمانێکی زیندووی دیکە چەندان زاری تێدایە کە گرنگترینیان کرمانجی باکوور، کرمانجی باشوور، زاری گۆران و کوردی خوارینە، کە لە ئەوانیشدا لە چەندان لق دەبنە بنزاری خۆجێی، کە ئێستا دەگاتە ١٨ بنزار.
بە گوێرەی ئینسایکلۆپیدیای ئەلیکترۆنی ویکیپیدیا، زمانی کوردی لە کۆی ١٠٠ زمانی سەرەکی کە خەڵکی جیهان قسەی پێدەکەن، لە ڕیزبەندی ٥٩ەمین دادەنرێت، زمانی کوردی ٧٣٥ هەزار و ٣٢٠ وشەی بنەڕەتی و زیاتر لە یەک ملیۆن و ٢٠٠ هەزار وشەی بنەڕەتی بە هەموو شێوەزارە کوردییە جۆراوجۆرەکانیەوە لەخۆ دەگرێت.
زمانی میدییەکان لەگەڵ زمانی ئیلامیدا زاڵترین و باوترین زمان بووە لە ئێرانی کۆندا، پێشهاتنی هەخامەنشییەکان و تەنانەت لە سەردەمی فەرمانڕەوایی ئەواندا و بۆ ئەمە لەلایەن گەلانی کۆن(میدییەکان) تێگەیشتوون، هۆزە میدییەکان یەکەمین کەس بوون کە نیشتەجێی سەرزەمینی ئێران بوون و زمانیان بە گوێرەی هۆزە یەکگرتووەکان و پێش بڵاوبوونەوەیان تەواو و فرە زاری بوو و بەم هۆیەشەوە ئەم زمانە مایەوە و سەلمێندرا و بە زمانی پەهلەوی ناسراو و دانیشتوانی باکوور و باکووری ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای ئێران قسەیان پێدەکرد، زمانی میدییەکان ناسراو بە (پەهلەوی- کە بنەمای زاری گۆرانی ئەمڕۆیە))یە تەنانەت دوای هاتنی ئیمپراتۆریەتی ئەشکانی هەر لەسەرزەمینی ئیران باو بووە، بۆیە لە سەردەمی خۆیاندا ناوی (پەهلەوی ئەشکانی)ە درا بەو زمانە، ئەشکانییەکان میدی بوون لە ناوچەکانی دەریای قەزوین دەژیان.
میدیای پەهلەوی وەک زمانێک لە سەردەمی حوکمڕانی ساسانیدا بە پێی زمانەوانان بەردەوام بوو و تەنانەت لەو سەردەمەدا ئاوێستای زەردەشتی وەرگێڕدرا بۆ پەهلەوی و بە تەفسیری(زەند) ناو برا، بۆ ئەوەی زۆربەی خەڵک بیبینن کە زمانی ئیمپراتۆریەتی ساسانی بووە و ناوی (پەهلەوی ساسانی) لەو سەردەمەدا کرا بە زمانی دەوڵەت، ناسیۆنالیستە فارسەکان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە زمانی فارسی لە بنەڕەتەدا زارێکە لە زمانی پەهلەوی مادییەوە وەرگیراوە و بە فارسی ناوەند ناوی دەبەن، بەگوێرەی زمانەوانانە فارسەکان، فارسی زارێکی ناتەواوە بەهۆی کەمی وشە و زاراوە و جێگرتنەوەی بە وشەی بیانی تێدا ئاخنراوە.
ئەو زاراوانەی وەک(فارسی کۆن) و(فارسی ناوەند) و(فارسی نوێ) باسی لێوە دەکەن، بەم دواییانە لە زمانەکانی ئێرانی یان ڕۆژهەڵاتی بە فێڵێکی زۆرەوە دەیخوێنینەوە، پرسیارێک دێتە پێشەوە مێژوونووسان چۆن زانیویانە کە نامەکانی داریوش و کوروش بە زمانی فارسی نووسراون، نەک بە زمانی میدی یان پەهلەوی و کە بەگوێرەی توێژینەوەکان بەربڵاوترین زمان بوون لەو سەردەمانەدا؟
ڕۆژهەڵاتناسان و زمانەوانانی ناسراوی ئیرانی لەوانە پرۆفیسۆری کۆچکردوو (محەمەد تەقی بەهار) کە هەوڵێکی زۆری داوە بۆ ڕاستکردنەوەی زمان و ڕێزمانی فارسی، ئەو جەخت لەوە دەکاتەوە کە ماد زمانی زاڵ بووە و هەروەها ئەوەی پێی دەگوترێت(پەهلەوییە) و زمانی زۆرترین خەڵک بووە لە ئێرانی دێریندا و لە سەردەمی هەموو ئیمپراتۆرییەتەکان باڵادەست بووە.
توێژینەوە زمانەوانییەکان ئەوە پشتڕاست دەکەنەوە کە فرەچەشنی زمان و زارەکان دیاردەیەکی هەڕەمەکی نییە، بەڵکو لە ئەنجامی پرۆسەیەکی درێژخایەنی مێژوویی و کولتوورییە، کە ڕەنگدانەوەی گەشەسەندن و کارلێکی مرۆڤە لەگەڵ ژینگەدا، زمانی کوردیش وەک نموونەیەکی زیندووی ئەم کارلێککردنە دەمێنێتەوە، وەک هەر زمانێکی زیدندووی سەر ئەو زەمینە خاوەنی چەندان زار و بنزارو دەڤۆکە، لە ڕووی مێژووییەوە زمانی ئاخاوتن پێش نووسینە، وەک چۆن یەکەمیان هەزاران ساڵ پێش ئەوەی بنووسرێتەوە وەک ئامرازێکی پەیوەندی کردن سەریهەڵداوە، بە تێپەڕبوونی کاتیش، زارەکان لە زمانە دایکییەکانەوە لق و پۆپیان کردە دەرەوە، یاسا و وشەسازی و ڕستەسازی خۆیان پاراست، لەگەڵ هەندێک جیاوازی لەگەڵ زمانی پێوەر-ستاندەردا، بەکارهێنانی زمان ڕۆژانە توانای مێشکی مرۆڤ نیشان دەدات کە دەستبەجێ هەڵەی زمانەوانی دەستنیشان بکات، تەنانەت بەبێ زانیاری فەرمی ڕێزمانی، زمانناسان ئاماژە بەوە دەکەن کە زمان وەک زیندەوەرێکی زیندوو وایە؛ خۆی لەگەڵ گۆڕانکارییە زانستی و کولتوورییەکان دەگونجێنێت و بەردەوام زاراوەی نوێ لەخۆدەگرێت بۆ ئەوەی لەگەڵ گەشەسەندنی هزری مرۆڤدا هاوسەنگ بێت، بۆیە هەموو بیرۆکەیەکی نوێ پێویستی بە چوارچێوەیەکی زمانەوانی هەیە بۆ دەربڕین، ئەمەش پەیوەندی نێوان هزر و زمان دەکاتە پەیوەندییەکی دانەبڕاو لە یەکگرتندا، لەم چوارچێوەیەدا زمانی کوردی لە بازنە ئەکادیمییەکاندا سەرنجێکی بەرچاوی بۆ خۆی ڕاکێشاوە، بەتایبەتی لە سەدەی نۆزدەهەمەوە کە ڕۆژهەڵاتناسان و زمانناسان لە چوارچێوەی توێژینەوەی زمانناسی هیندوئەورووپیدا لێکۆڵینەوەیان لەسەر کردووە.
ئەو توێژینەوەیانە گەیشتنە ئەو ئەنجامەی کە زمانی کوردی زمانێکی سەربەخۆیە و سەر بە لقی زمانە هیندۆ ئێرانییەکانە، لەسەر بنەمای لێکچوون لە وشەسازی و پێکهاتەی فۆنۆلۆژی لەگەڵ زمانە ئەوروپی و ئاسیاییەکان، بەڵگەکانی پەیوەست بە ناوی ڕووەک و ڕێوڕەسمە کۆنەکان و شێوازی ژیانی هاوبەش، وەک مەڕداری و کۆچەری، گریمانەی ڕیشەی هاوبەشیان لە نێوان ئەم زمانانەدا زیاتر بەهێزتر کرد لە ناوچەکانی کە لە چەمی ئۆراسیا تا هیمالایا درێژدەبنەوە. لە تایبەتمەندییە سەرنجڕاکێشەکانی زمانی کوردیدا توانای درووستکردنی واتای نوێی هەیە بە زیادکردنی بزوێن بۆ ناو، کردار، یان ئاوەڵناوەکان، کە ڕەنگدانەوەی دەوڵەمەندی زمانەوانی و دەربڕینە، هەروەها بە کۆمەڵێک هاوواتای زۆر تایبەتمەندە، تایبەتمەندییەک کە لەگەڵ زمانە زیندووە سەرەکییەکاندا هاوبەشی دەکات.
مخابن دەسەڵاتی ناسیۆنالیزمی نەتەوە سەردەستەکانی کوردستان لە سەد ساڵی ڕابردوودا زمانی کوردییان بە هەڕەشە لەسەر ئاساییشی نەتەوەیی خۆیان زانیوە، بۆیەش هەمیشە لە هەوڵی ئەوەدان کار لەسەر تواندنەوەی زارو بنزارەکان بکەن، لە زمانی کوردی دایک دایانبڕێنن، وەک چۆن پێشتر ئیشیان لەسەر زارەکانی لەک و لوڕ و گۆران کرد، ئیستاش ئیش لەسەر کوردانی زازاکی و ئێزیدی و هەورامی و شەبەک و فەیلی دەکەن، بە جۆرەها شێوە دەیانەوێ چی وەک زمان و چی وەک نەتەوە لە نەتەوەی کوردییان دابڕێنن.
مخابن لەدوای ڕێککەوتننامەی لۆزان لەساڵی ١٩٢٣ کوردستان بەسەر چوار دەوڵەتدا دابەش کرا، بۆیە زارە کوردییەکان لە ژینگەیەکی جوگرافیای دیارکراودا سنوردار بوون و هەروەها ڕێگرییان کرد لە فێربوونی ڕۆڵەکانی گەلی کورد بە زمانی دایکیان، شەڕکردن لەسەر زمانی کوردی و بەدواداچوونی بێوچانی وڵاتانی داگیرکەری کوردستان بۆ دزینی هەموو ئەو شتانەی پەیوەستە بە کەلەپووری کەلتووری دێرینی گەلی کوردەوە، ئەمەش بووەتە هۆی تا ڕادەیەک جیاوازی زارەکان و زەحمەتی مامەڵەکردن و پەیوەندی کردن لەگەڵ پێکهاتە جۆراوجۆرەکانی گەلی کورددا.
داگیرکەرەکانی کوردستان دوای پڕوپاگەندەی میدیایی چالاک کەوتن بۆ پرسیارکردن لە ڕەچەڵەکی هەندێک لە پێکهاتەکانی گەلی کورد وەک ئێزیدی و هەورامی و شەبەک و لەک و لوڕ و فەیلی و کاکەییەکان، لە هەوڵی دابەشکردنی کۆمەڵگەی کوردی و درێژەدان بە داگیرکاری بوون، تورکیا بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە زازاکی کورد نین و نەتەوەیەکی تەواو جیاوازن لە کورد، ئێرانیش بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە لەک و لوڕ و کورمانج و کەلهوڕ.. هیچ پەیوەندییەکیان بە کوردەوە نییە، بۆیه ستانداردکردنی زاره کوردییەکان لە زمانێکی یەکگرتوودا پێویستییەکی نەتەوەیی و ستراتیژیی پرۆسەی نەتەوەسازی کوردبوونمانە لەبەردەم هەرەشەی جینۆسایدی کەلتووری و توانەوەی زمانەکەمان.
پەراوێزەکان:
– کتێبی(شاعیرانی کوردی فارسی ئاخێوەر ) لاپەڕە 46 – 47 …
نووسەر سەید عەبدولحەمید حەیرت سەجادی
-پرۆفیسۆر محەمەد تەقی بەهار(ملک الشعراء)

