ئەمرۆ پینجشەممە 2026.9.17، بە ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، و کارزان عەبدولهادی، سەرۆکی شارەوانیی هەولێر، بە ئامانجی بەرزکردنەوە و پەرەپێدانی ئاستی ڕۆشنبیری، هۆشیاریی ئیداری، و زانیاری مێژوویی و هاوچەرخی کارمەندانی کەرتی گشتیی لە سنووری پارێزگای هەولێر، ڕێورەسمی دەستپێکردنی خولەکانی پڕۆژەی “وەرزی ڕۆشنبیری” كە لەلایەن سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر، بە هەماهەنگیی “ئەنیستیتوتی هەولێر بۆ گەشەپێدان” ڕێکخراوە بەڕێوەچوو.
لە خولەكەدا كە هەفتانە بەڕێوەدەچێت، نوێنەران و فەرمانبەرانی سەرجەم دامودەزگا، دامەزراوە، و فەرمانگە جیاوازەکانی سنووری پارێزگای هەولێر بەشدارن و پڕۆژەکە وەک بەشێک لە پلانی پەرەپێدانی مرۆیی دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەیر دەکرێت، تاوەکو فەرمانبەران لە پاڵ ڕاپەڕاندنی کارە فەرمییەکانیاندا، ئاستی مەعریفی و پیشەیی خۆیان نوێ بکەنەوە و تێیدا چەندین تەوەر و بابەت و پرسیی تایبەت بە بەڕێوەبردن و كاری حكومی لەلایەن پسپۆڕان و شارەزایان پێشكەش دەكرێت.
لەڕێورەسمەكەدا پارێزگاری هەولێر ، وێڕای دەستخۆشی لە ڕێکخەران، سەرپەرشتیاران و مامۆستایانی خولەکە، جەختی لەسەر گرنگی هۆشیاریی مەعریفی فەرمانبەران کردەوە لە پەرەپێدانی کارگێڕیدا و ئاماژەی بەوەدا كە پەرەپێدانی مرۆیی و گرنگیدان بە توانای کادیرانی حکومی، بنەمای سەرەکی سەرکەوتنی هەر چاکسازی و گەشەپێدانێکە و هیوای سەرکەوتن و بەدەستهێنانی زۆرترین سوودی بۆ بەشداربووانی خولەكە خواست تا بتوانن ئەم ئەزموونە لە شوێنی کارەکانیاندا ڕەنگ پێبدەنەوە.

