رۆژنامەی ھەولێر

بە چەپکێک بەرهەمی هونەرییەوە گەڕایەوە نیشتمان

شیڤان شێرزاد – هەولێر

 

دوای ساڵانێکی زۆر لە غوربەت، هونەرمەندی گۆرانیبێژ “خۆشەوی عەزیز” لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە بە ئامادەبوونی خانەوادە و هاوڕێ و هونەرمەندانی کوردستان گەڕایەوە باوەشی نیشتمان.

“خۆشەوی عەزیز” وەک داهێنەرێک لە هونەری سەر شەقام لە هەرێمی کوردستان هەژمار دەکرێت، بەو پێیە زۆربەی کۆنسێرت و کارە هونەرییەکانی لەبەردەم مەچکۆ و شەقامە گشتییەکان بوو، هەر ئەوەش وایکرد، کە ئیدی کارە شانۆییەکانیش لە نێو چوار دیواردا بێنە دەرەوە و هونەری هونەرمەندان کورد لە شەقامەکانی هەولێر و دەربەندیخان و کەرکوک و سلێمانی نیشانی جەماوەر بدرێن.
هونەرمەند “خۆشەوی عەزیز” بەر لە سەفەرە مەودا درێژەکەی بۆ هەندەران و گیرسانەوە لە وڵاتی ئەڵمانیا، شاکارێکی هونەریی خۆی لە ڕێگەی تۆڕی میدیایی کوردستانەوە دووبارە کلیپ کردەوە، کە ناوی ناوە “هەر ساتێ ناوی دێنم”.
پاشان لە تاراوگە و غوربەت و دوور لە نیشتمان سەکۆیەکی بۆ خۆی دروست کردبوو، کە گۆرانیی فۆلکۆریی و ڕەسەنی بە گوێی ئەڵمانەکان و خەڵکی بیانی و ڕەوەندی کوردی لە هەندەران دەچرپاند و هەمیشە وەک هونەرمەندێکی باڵابەرز و خاوەن دەنگێکی ڕەسەنی کوردی شەقامەکانی کۆڵن و بۆنی پڕ دەکرد لە موزیکی کوردی و ئێستاش بە چەپکێک بەرهەمی جوان و چەند پڕۆژەیەکی هونەرییەوە گەڕاوەتەوە نیشتمان و دەیەوێت مشتێک بخاتە سەر خەروارێک لە نێو گۆرانی و موزیک و کولتوور و فەرهەنگی کوردیدا.