كارزان گلی – ههولێر
ئەحمەد شەرع، سەرۆكی راگوزەری سووریا، پێشتر وەكوو تیرۆرستێك مامەڵەی لەگەڵدا دەكرا، تەنانەت ئەمریكا بڕی ١٠ ملیۆن دۆلاری دانابوو بۆ هەر كەسێك شەرع دەستگیر بكات یان شوێنەكەی ئاشكرا بكات، بەڵام ئێستا شەرع دۆستێكی نزیكی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكایە و وڵاتانیش بەنۆرە پێشوازی لێدەكەن و وەكوو سەرۆكێكی گرنگ ناوەی دەهێنن. شەرع بۆچی ئەوەندە بەگرنگییەوە لێی دەڕوانرێت و گرنگی پێ دەدرێت؟
توركیا، یەكێكە لەو وڵاتانەی بەردەوام بەدوای حكوومەتی سووریاوەیە، بەردەوام خۆی بە دۆست و برای سووریا ناو دەبات و دووجاریش ئەحمەد شەرعیان وەكوو سەرۆكی سووریا داوەتی توركیا كردووە، ئەمە جگە لەوەی وەزیری دەرەوەی توركیا، بەردەوام لەگەڵ وەزیری دەرەوەی سووریا لەسەر هێڵە و یەكتری دەبینن.
ئیمانوێل ماكڕۆن، سەرۆكی فەڕەنسا، یەكەم سەرۆكی وڵاتانی ئەورووپا بوو كە سەردانی شامی كرد و لەلایەن شەرعەوە پێشوازی لێكرا، پاشان شەرعی داوەتی فەڕەنسا كرد. هەروەها دوپارتی كردەوە وەكوو فەڕەنسا، گرنگی بە سووریا دەدەن و هەموو پاڵپشتییەكی ئەو وڵاتە دەكەن بۆ ئەوەی لەسەر پێی خۆی بوەستێت.
یەكێك لە هۆكارە هەرە سەرەكییەكانی ئەوەی گرنگی زۆر بە ئەحمەد شەرع دەدرێت، ئەوە نییە كەسێك بێت دیموكراخواز بێت، یان گرنگی بە ئازادی تاك و ئافرەت و مافی مرۆڤ بدات نەخێر، وەكوو ئەوەی ئاژانسی (DW)ی توركی بڵاوی كردووەتەوە، دوای ١٢ ساڵ شەڕی ناوەخۆی سووریا و روخانی ژێرخانی ئابووریی ئەو وڵاتە، وڵاتان دەیانەوێت دەستیان هەبێت لە بونیادنانەوە، بەتایبەت كاتێك كێكێكی ٢٠٠ ملیار دۆلاری بوونی هەیە بۆ بونیادنانەوەی سووریا و هەموو دەیانەوێت پشكی خۆیان لەو كێكە هەبێت.
ئیمارات و سعوودیا، دەستیان بە دروستكردنی باڵەخانەی بەرز و نیشتەجێبوون لەو وڵاتە كردووە، بەڵام دەیانەوێت وەبەرهێنانی گەورەتر و زیاتر ئەنجام بدەن. توركیاش یەكێكە لەو وڵاتانەی دەڵێت منیش لەسەر مێزم و دەمەوێت وەبەرهێنان بكەم.
توركیا نەیشاردووەتەوە دەیەوێت ژێرخانی سەربازی سووریا بونیاد بنێتەوە، بەڵام ئیسرائیل لەبەرامبەری وەستاوە و دەڵێت قبوڵم نییە توركیا هیچ رۆڵێكی لەڕووی سەربازییەوە لەسووریا هەبێت، بەكرداریش بنكەی سەربازی ئەبوو زهووری لە سووریا بۆردومان كرد، كە ئەو بنكەیە بنكەیەكی سەربازی توركیا بوو، بەڵام توركیا وەڵامی نەدایەوە.
ئاژانسی ناوبراو باس لەوە دەكات، توركیا دەیەوێت بەشێوەیەكی فراوان بوونی هەبێت لە سووریا، بۆ ئەمەشیان بەدوای هەلدا دەگەڕێت، گرنگترینیان ئەوەیە، رێگە بگرێت لەوەی كورد لە سووریا ببنە خاوەن ستاتۆی خۆیان و فیدڕاڵیان پێ بدرێت، لەوەیاندا توركیا سەركەوتوو بووە.
وڵاتانی ئەورووپا، بۆ ئەوەی رێگە لە شاڵاوی كۆچبەر بگرن، دەیانەوێت لە سووریا وەبەرهێنان بكەن و ئارامیش بۆ ئەو وڵاتە بگێڕنەوە، چونكە ئەگەر سووریا شەڕی تێدا روو بدات و ئارام نەبێت، رێژەی كۆچبەر بۆ وڵاتانی ئەورووپا زیاد دەكات.
هێرشی ئیسرائیل و ئەمریكاش بۆ سەر ئێران، زیاتر سووریای كردە هاوكێشەیەكی گرنگ لە ناوچەكە، ئەمەش دوای ئەوەی گەرووی هورمز داخرا و ٢٠٪ی نەوتی جیهان كەوتە مەترسی و نرخی نەوتیش لە جیهاندا بەرزبووەوە، بۆیە دەیانەوێت سووریا بكەنە جێگیرەوەی هورمز و ئیدی نەوتی وڵاتانی كەنداو بەسووریاوە بنێرنە ئەورووپا.

