د. نعمەت ئەحمەد مزووری
مێژووی خەباتی گەلی کورد، تەنها مێژووی شەڕ و پێکدادان نییە، بەڵکو مێژووی ئەو مرۆڤە قارەمانانەیە لە سەختترین ساتەکانی ژیانیاندا، بە باوەڕ و ئیرادەیەکی پتەوەوە، لە نێوان ژیان و مردندا هەڵوێستیان گرتووە.
چیرۆکی فەیزی عوسمان پێندرۆیی، یەکێکە لەو چیرۆکە کەموێنە و پڕشکۆیانەیە کە ناتوانرێت بە ئاسانی لە یادەوەریی خەباتی پێشمەرگە و گەلی کورد بسڕدرێتەوە. ئەو، کە بەشداریی کۆماری مەهابادیشی کردبوو، بەرەو یەکەتیی سۆڤیەتیش، بوو بە یاوەری بارزانیی نەمر؛ ساڵی ١٩٦٣ لە شاخەکانی ڕۆژئاوای زاخۆ، لە شاخی سپی، بەشداریی شەڕێکی خوێناوی و سەختی کرد؛ ئەو شەڕە بووە هۆی تاقیکردنەوەی بوێری و خۆڕاگریی ئەو قارەمانە.
نۆ فیشەکی ڕەشاش جەستەی فەیزییان پەلامار دا، بەڵام نەیانتوانی ڕۆحی بشکێنن. لە کاتێکدا هەموو کەسێک پێی وابوو کە ئەو بەو برینە سەختانە گیانی لەدەست داوە، ئیرادە و هێزی ژیانی ئەو مردنیان بەرەو پاشەوە ناچار کرد.
ئەم بەسەرهاتە تەنها یادەوەرییەکی سەربازی نییە، بەڵکو بەڵگەیەکە لەسەر ئەوەی کە مرۆڤ دەتوانێت لە ساتێکی زۆر سەختدا، بە هێزی باوەڕ و ویستەوە، لە سنووری توانای جەستەیی خۆی تێپەڕێت.
چیرۆکی فەیزی پێندرۆیی، چیرۆکی ئەو مرۆڤەیە بە نۆ گوللەی ڕەشاش بریندار کەوت، بەڵام نەشکا؛ لە نزیکترین ساتەکانی مردندا، ژیانی هەڵبژارد و ساڵانێکی زۆری دیکە ژیا. ئەوەی لە جەستەی ئەو بەجێ مایەوە برین بوو، بەڵام ئەوەی لە مێژووی گەلەکەیدا بەجێی هێشت، بوێری، خۆڕاگری و شانازی بوو.
ئەمە چیرۆکی ئەو پێشمەرگە قارەمانەیە کە هەڤاڵەکانی گوتەنی، شکستی بە مردن هێنا.
ئەو پێشمەرگە قارەمانەی شکستی بە مردن هێنا
شاخەکانی ڕۆژئاوای زاخۆ، کە بە «شاخی سپی» ناسراون، تەنها تاشەبەرد و دۆڵ و نێوانەی شاخستان نین؛ بەڵکو ساڵی ١٩٦٣، ئەو شاخە سەرکەشانە شایەتیی خۆڕاگری و قارەمانیی ڕێبوارانی ڕێبازی بارزانی نەمر بوون؛ ئەو پێشمەرگە قارەمانانەی کە بۆ ئازادیی کوردستان و پاککردنەوەی خاکی کوردستان لە داگیرکەران، هەمیشە گیانیان لەسەر دەست بوو.
لەو سەردەمەدا، کاتێک لەلایەن سەرکردایەتیی لەشکرەوە بڕیاری چالاکییەکی سەربازی و ڕاماڵینی دژمن درا، پێشمەرگەکان بۆ پێشڕەوی ئامادە بوون. دژمنی داگیرکەر، بە هێزێکی زۆر و چەک و تەقەمەنییەکی فراوان، نەیتوانی ڕێگە لە پێشڕەوی پێشمەرگەکان بگرێت و نەیتوانی هەنگاوێک بۆ پاشەوە بنێت.
لەو ڕۆژگارەدا، خەباتی گەلی کورد لە قۆناغێکی نوێی چارەنووسگۆڕدا بوو. پارتی، بە سەرۆکایەتیی بارزانیی نەمر، بە ناچاری و بە شێوەیەکی سەربازی و بە چەکی گەرم، بەرگریی لە مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان دەکرد.
لە لووتکەی شاخی سپی، دوو بنکەی دژمن ــ کە بە «ڕەبایە» ناسراون ــ بە هێزێکی زۆر و چەک و تەقەمەنییەکی فراوانەوە، لە ناو جەرگەی شاخەکەدا سەنگەری پتەویان بۆ خۆیان دروست کردبوو. دژمن وای دەزانی بەردەوام دەبێت لە سەرکوتکردنی گەلی کوردستان و هیچ کەس ناتوانێت ئەوان لەو ڕەبایانە ڕاماڵێت؛ بەڵام خەیاڵەکەیان خاو بوو.
ڕۆڵە بەجەرگەکانی پارتی و پێشمەرگە قارەمانەکان، بە سەرپەرشتیی فەرماندەی قارەمان، شەهید عیسا سوار، بە پلان و بەرنامەیەکی داڕێژراو، پێشمەرگەکانیان کردە دوو دەستەوە.
دەستەیەک لە پێشمەرگە بەئەزموونەکان، لووتکەی لای ڕاستی شاخەکەیان پێ سپێردرا، بە سەرپەرشتیی شەهید فەرماندە هاشم مێرۆزی و شەهید فەرماندە عەبدولڕەحیم جەسیم. چەند پێشمەرگەی چاونەترس و بەجەرگیش خۆیان بۆ هەڵکوتنە سەر بنکەکەی لای ڕاستی شاخی سپی ئامادە کرد.

