یاسین قادر بەرزنجی
با بۆنی خۆی هەیە
زەوی و درەخت و ئاو
بۆنی خۆیان هەیە
تەنیایی و غەم و پێکەنین
بۆنی خۆیان هەیە
بۆنی تۆ لەناو هەموو
ئەوانەدا هەیە
بەڵام بێ ئەوەی ئەوان
بە هەموو بتوانن تۆ بن
(هیوا قادر)
شاعیرو نووسەر و وەرگێڕ و ڕۆژنامەنووس هیوا قادر ناوێکی دیارو ئەدیبێکی خاوەن بەخششە، ئەو لەناوەڕاستی ساڵانی هەشتایەکانی سەدەی ڕابردووەوە دەنووسێت و یەکێکە لەوانەی بە چاپکراوە سەنگینەکانی کتێبخانەی کوردیی دەوڵەمەند کردووە، کاک هیوا لە سلێمانی لەدایک بووەو ٢٠ ساڵ لە وڵاتی سوید ژیاوە، ساڵی ١٩٩٦ سکرتێری گۆڤاری ڕەهەند بووەو بیست ساڵ دەستەی نووسەرانی گۆڤاری سەردەم بووەو پاشان سەرنووسەری گۆڤاری ئەدەبی سەردەم و پاشانیش سەرنووسەری گۆڤاری سەردەمی نوێ بووە.
لە ئێستادا ئەندامی ئەنجومەنی باڵای دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمە لە سلێمانی.
ئەم شاعیرو وەرگێڕە بەتوانایە بەرهەمەکانی بە کوردی نووسیوەو زۆر کاری ئەدەبیی بەنرخیشی لە زمانی سویدییەوە کردووە بە کوردی، چەند بەرهەمێکیشی کراون بە عەرەبی و فارسی.
هیوای شاعیر چەندین بەرهەمی شیعریی لەچاپدراون، لەوانە :
*چاوە زەردەکان، ١٩٩٢
*کڵاوەکەم پڕە لە باران و گوڵ، ١٩٩٤
*کیشوەرێک لە خەون، ١٩٩٨
*سێوی سوور، ٢٠٠٤
*یار لە باخە، ٢٠٠٨
*من و شارەکان، ٢٠٢١
*شاعیرەکان گوڵاڵە سوورەن و خەڵکی هیچ وڵاتێک نین، ٢٠٢٥.
کاک هیوای ڕۆماننووس خاوەنی ئەم ڕۆمانە چاپکراوانەیە :
ئاوێنە سەرابییەکان، منداڵێک لەسەر مانگ، ماڵی پشیلەکان، منداڵانی گەڕەک، کۆشکی سوور، بوومەلێڵ.
هاوکات خاوەنی چەند کۆمەڵە چیرۆکێکی نووسراوو وەرگێڕراوە بۆ منداڵان، لەگەڵ کتێبێکی ئەدەبی گەشت (سەفەرنامە ) و کتێبێکی ئەدەبی نامە(بۆنی شەراب لە هەناسەم دێت).
ڕۆمانی منداڵانی گەڕەک کە ڕۆمانێکی ناوازەی نووسەرە، باس لە بیرەوەرییەکان و ژیانی ئەوساو شەڕەگەڕەکی سەردەمی منداڵی دەکات و ڕامان و سەرنجدانی ژیانی ساڵانی پێشووە.
هیوای هێژا و زمان پاراو چەندین کتێبیشی لە سویدییەوە کردووە بە کوردی، لەوانەش :
*هاوڕێ نیگارکێشەکەم، ڕۆمانی مێرد منداڵان
*جورئەتی کوشتن، شانۆگەریی، لاش نۆرین
*گێڕانەوەیەکی شیعریی، پاولۆ کۆیلۆ
*گفتوگۆیەک لەگەڵ ئەدۆنیسی باوکمدا
*ڕەنگەکانی تر، ئۆرهان پامۆک
*جەنگ هیچ ڕوخسارێکی ژنانەی نییە.
خۆ وەرگێرانی هەر سێ ڕۆمانەکەی نووسەری ئیسپانی کارلۆس رویز زافون بە ناوەکانی
(سێبەری با، یاریی فریشتە، زیندانی ئاسمانی) دیارییەکی گەورەو بەنرخی ئەم وەرگێڕە سەنگینە بوون بۆ خوێنەران و کتێبخانەی کوردی.
کاک هیوا لە پەیڤێکدا سەبارەت (سێبەری با)
وتوویەتی :
[ڕۆمانی سێبەری با لە سەرەتاوە سیحری خۆی لە خوێنەر ئەکات وهەنگاو بە هەنگاو لەگەڵ ئەو ڕووداوانەدا ئەیبات کە لە جەنگی ناوخۆی ئیسپانیادا ڕوویانداوە، سەرباری گێڕانەوەی چەندان چیرۆکی عاشقانە لە بەرگێکی ئەفسووناوی و تا ڕادەیەک ترسناکدا] .
خوازیاری سەرفرازی و ئەفراندنی دیکەم بۆ هاوڕێ ئازیزەکەمان کاکە هیوا قادری خامە ڕەنگین و سەنگین.

