رۆژنامەی ھەولێر

ئاستی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

ئاستی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی و گەیشتە ١٨٠ ھەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا، لەگەڵ ئەوەشدا دەیان ھەزار بەرمیل نەوتی کەرکووک لەڕێگەی بۆرییەکانی ھەرێمی کوردستانەوە ڕەوانەی دەرەوە دەکرێت، ئەمە لە کاتێکدایە ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێم بۆ بەغدا گرنگییەکی گەورەی ھەیە بۆ چارەکردنی قەیرانی دارایی و بەھێزکردنی ئابووریی گشتیی عێراق و ھەرێم پێکەوە. پسپۆرانی نەوت و گاز، دەڵێن، نەبوونی یاسای نەوت و گاز کێشەی زۆری بۆ عێراق دروست کردووە، ئەگەر یاساکە ھەبێت نەخشەی نەوتی لە عێراق دەکێشێتەوە و چارەی کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا دەکات و گرێنتی پاراستنی مافەکانی ھەردوولاش دەکات.

سەقامگیریی ئابووری یارمەتی بووژاندنەوەی ژێرخانی ئابووری و دابینکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان دەدات لە ھەموو عێراقدا. سەرچاوەیەکی باڵا، بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی گوت: ڕۆژانە ١٨٠ ھەزار بەرمیل نەوتی ھەرێمی کوردستان ھەناردەی دەرەوە دەکرێت، جگە لەوەی ڕۆژانە ٦٠ بۆ ٧٠ ھەزار بەرمیل نەوتی کەرکووک لەڕێگەی بۆریی نەوتی ھەرێمی کوردستانەوە ھەناردەی دەرەوەی عێراق دەکرێت.
سەرچاوەکە باسی لەوە کرد، پێشتر بەھۆی مەترسیی ئەمنییەوە، کۆمپانیاکانی بەرھەمھێنانی نەوت ھەرێمی کوردستانیان جێھێشتبوو، بەڵام ماوەیەکە سەرجەم کۆمپانیاکان گەڕاونەتەوە و دەستیان بە ھەناردەکردنی نەوت کردووەتەوە، بەمەش ھێواش ھێواش ھەناردەی ڕۆژانەیان زیاد کرد و لە ئێستادا گەیشتووەتە ١٨٠ ھەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا.
ئاماژەی بەوەشدا، لە مانگی ئابدا ھەناردەی نەوتی عێراق لە ڕۆژێکدا گەیشتە دوو ملیۆن و ٢٥٠ ھەزار بەرمیل، بەم ھۆیەوە دۆخی دارایی عێراق لە مانگەکانی ڕابردوودا باشتر بووە، پێشبینیشی کرد ئەگەر دۆخەکە بەم شێوەیە بەردەوام بێت، ئاستی ھەناردەکردنی نەوت زیاتریش بێت.
لە ماوەی ڕابردوودا بەھۆی دۆخی ئەمنیی ناوچەکە، بەشێک لە کۆمپانیا بیانییەکان لە ھەرێمی کوردستان کارمەندەکانیان کشاندەوە یان ئاستی بەرھەمھێنانیان کەم کردەوە بۆ پاراستنی سەلامەتیی تیمەکانیان.
ئابووریی عێراق بە ڕێژەی زیاتر لە ٩٠% پشتی بە فرۆشتنی نەوت بەستووە، بەرزبوونەوەی ئاستی ھەناردەکردنی نەوتی عێراق بۆ نزیکەی سێ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا، کاریگەریی ئەرێنی ڕاستەوخۆی لەسەر بووژانەوەی ئابووریی وڵاتەکە و کەمکردنەوەی کورتھێنانی دارایی دەبێت، ئەمەش وا دەکات حکوومەتی فیدراڵی توانای زیاتری ھەبێت بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان و پێدانی شایستە داراییەکان لە کاتی خۆیدا.
لەنێوان ھەولێر و بەغدا چەندین کێشەی جیاواز لە کەرتی وزەدا ھەن، وەک حەقدەستی کۆمپانیاکان، جۆری گرێبەستەکان، ڕەشنووسی یاسای نەوت و گاز، بەشێک لەوان لە ساڵی ٢٠٠٧ـەوە ھەن و چارەنەکراون، نەبوونی یاسایەکی تایبەت بە ڕێکخستنی کەرتی نەوت و گازیش بە ھۆکار دەزاندرێت.
عێراق یەکێکە لە وڵاتانی دەوڵەمەند بە نەوت، بەڵام تا ئێستا یاسای نەوت و گازی تایبەت بەخۆی نییە، سەرەڕای ھەوڵێکی زۆر، بەڵام بەھۆی بەرژەوەندی مەرکەزیی حکوومەتی عێراق و پارتە سیاسییە دەستەڵاتدارەکان لە بەغدا کە دەستیان بەسەر کەرتی نەوتدا گرتووە و ڕێگرن وەک لە دەستووردا ھاتووە ھەرێم و پارێزگاکانی بەرھەمھێنەری نەوت بەشدار بن لە فرۆشتنی نەوت.
لە ٩ـی ئابی ٢٠٠٧، یاسای ژمارە ٢٢ی ساڵی ٢٠٠٧، یاسای نەوت و گازی ھەرێمی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان پەسەند کرا، لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٦ بۆ ٢٠١٣ پەنجاو حەوت گرێبەستی بەرھەمھێنانی ھاوبەش لە نێوان حکوومەتی ھەرێم و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوتدا ئیمزا کران، حکوومەتی ھەرێم لە پرسی دەستووریبوونی بەڕێوەبردنی ئەو سێکتەرە پشتی بە ماددەکانی ١١١، ١١٢، ١١٥ و ١٢١ـی دەستوور بەستووە کە مافی بەڕێوەبردنی سێکتەری نەوت دەدات بە ھەرێمی کوردستان، لە ٢ـی کانوونی یەکەمی ٢٠١٣، لە پەراوێزی سێیەمین کۆنفرانسی نەوت و گازدا، حکوومەتی ھەرێم ھەناردەکردنی نەوتی بۆ دەرەوەی وڵات ڕاگەیاند و جەختی لە دەستووریبوونی گرێبەستەکان و بەرھەمھێنان کردەوە.
لە ٢٠٠٧ـەوە سێ جار پڕۆژەیاسای نەوت و گاز ڕەوانەی پەرلەمان کراوە، بەڵام ناکۆکیی نێوان لایەنە سیاسییەکان ڕێگر بووە لە تێپەڕاندنی، جگە لە ڕەشنووسی ٢٠٠٧، ساڵانی ٢٠٠٨ و ٢٠١١ دوو پڕۆژەیاسای نەوت و گاز لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە ئامادەکران، بەڵام بەھۆی ناکۆکیی نێوان حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەسەری لە پەرلەمان پەسەند نەکران.
ھەردوو حکوومەتی عێراق و ھەرێمی کوردستان بۆچوونی جیاوازیان لەسەر بنەماکانی داڕشتنی پڕۆژە یاساکە ھەیە، حکوومەتی فیدراڵی ڕەشنووسێکی ئامادەکردبوو، زۆرینەی خاڵەکانی بەرەو مەرکەزیەت ھەنگاو دەنا، کەچی پێشنیاز و دیدگای ھەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای بەرگە فیدراڵییەکان بوو، واتا پێی باشبوو دەستەڵاتێکی زیاتر بدرێتە ھەرێمی کوردستان و ئەو پارێزگایانەی بەرھەمھێنەری نەوتن لەسەر ئاستی عێراق.
پسپۆرانی نەوت و گاز، دەڵێن: ئەگەر یاسای نەوت و گاز بەڕەچاوکردنی تێبینییەکانی ھەرێمی کوردستان و ئەو ماددە دەستوورییانەی ئاماژە بە سیستەمی فیدراڵی و دەستەڵاتەکانی ھەرێمی کوردستان دەکەن پەسەند بکرێت، شتێکی باش دەبێت و پەیوەندییەکانی ھەولێر و بەغدا بەھێزتر دەکات، ھەروەھا دەبێتە ھۆکاری خزمەتکردنی ئابووری عێراق.
د. ڕەعد محەممەد، پسپۆر لە بواری نەوت و گاز، بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی گوت: یاسای نەوت و گاز نەخشەی نەوتی لە عێراق دەکێشێتەوە و چارەی کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا دەکات و گرێنتی پاراستنی مافەکانی ھەردوولاش دەکات، کە ئێستا نەبوونی یاسای نەوت و گاز کێشەی زۆری بۆ عێراق دروست کردووە، ئەگەر یاساکە ھەبێت، ھەموو ئەو کێشانەی ئێستا ھەن چارە دەبن، ئەگەر پڕۆژەیاسای نەوت و گاز بە ڕێککەوتنی ھەموو پێکھاتە و لایەنەکانی عێراق پەسەندبکرێت، عێراق دەچێتە قۆناغێکی نوێیەوە، وڵاتەکە یەکدەخات و کاریگەری ئەرێنی لەسەر پەیوەندییەکانی ھەولێر و بەغدا دەبێت، کوردیش پێی باشە لەسەر بنەمای دەستوور پڕۆژە یاساکە ئامادەبکرێت و دواتر لە پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر بدرێت، بۆیە دەبێت دەرکردنی یاسای نەوت و گازی فیدراڵی بە شێوەیەک ناوەرۆکەکەی بە سازان و ڕەزامەندی دەسەڵاتی فیدراڵی و ھەرێمی کوردستان و پارێزگا بەرھەمھێنەرەکان بێت، دەرگا بەڕووی چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی پەیوەست بە نەوت و گاز دەکاتەوە و کۆتایی بە خوێندنەوەی جیاواز بۆ دەقەکانی دەستوور دەھێنێت.
ئەو پسپۆرە، ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات، حکوومەتی ھەرێم ھەموو پابەندییەکانی خۆی بەرامبەر بە بەغدا جێبەجێکردووە، دەبێت بەغداش پابەند بێت و ڕێککەوتنەکان جێبەجێ بکات، ئاستی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی و گەیشتە ١٨٠ ھەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا، کاریگەری ھەبووە لەسەر پڕکردنەوەی کورتھێنانی بودجە و تەرخانکردنی پارە بۆ کۆمپانیاکانی وەبەرھێنانی نەوت، ئەگەر بەغدا پابەند بێت ئاستی بەرھەمھێنانی نەوت زیاتر دەبێت، بەوەش ئابووری عێراق دەبووژێتەوە.