رۆژنامەی ھەولێر

شاندی باڵای دانوستانکاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ مەکتەبی سیاسیی پارتی و فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوە

دوێنێ، لە بارەگای مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پیرمام، شاندی باڵای دانوستانکاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ مەکتەبی سیاسیی پارتی و فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوە. دوای کۆبوونەوەکە، شاخەوان عەبدوڵڵا، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ئەنجامی کۆبوونەوەکەی بۆ رۆژنامەنووسان خستەڕوو.

شاخەوان عەبدوڵڵا، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی، ڕایگەیاند؛ کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە هەڵسەنگاندنی دوایین پێشهاتەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و پرسی بودجە و مووچەی فەرمانبەران. گوتی، “حکوومەتی هەرێمی کوردستان تەواوی ئەرکە دەستوورییەکانی خۆی بەرانبەر حکوومەتی فیدراڵی جێبەجێ کردووە، چ لە رووی رادەستکردنی داهاتە نانەوتییەکان و چ لە پرسی وردبینیکردنی لیستی مووچەخۆران، بۆیە لە ئێستادا هیچ پاساوێک بۆ بەغدا نەماوەتەوە بۆ ئەوەی مووچەی فەرمانبەران دوا بخات و کێشەکە بەرەو چارەسەری کۆتایی دەچێت.”
ئەوەشی خستەڕوو؛ هەوڵێکی زۆریان داوە بۆ ئەوەی پرسی بژێویی ژیانی خەڵک و مووچەی فەرمانبەران بە تەواوی لە ململانێ سیاسییەکان جیا بکرێتەوە. ئاماژەی بەوە دا، “شاندی دانوستانکار بە داتا و ژمارە هەموو راستییەکانی خستووەتە بەردەم وەزارەتی دارایی عێراق، پرۆسەی بایۆمەتری و بەبانکیکردنی مووچە قۆناخێکی زۆر باشی بڕیوە، ئەمەش وای کردووە متمانەیەکی زیاتر لە نێوان هەردوو حکوومەتدا دروست ببێت.”
سەبارەت بە پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٧، شاخەوان عەبدوڵڵا، ئەوەی خستەڕوو، بڕیارە ناوەڕاستی مانگی داهاتوو پڕۆژەیاساکە رەوانەی پەرلەمانی عێراق بکرێت و فراکسیۆنی پارتیش پشتیوانیی تەواوی داواکارییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکات.
لەبارەی پشکی هەرێمی کوردستانیش لە بودجەی فیدراڵیدا، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی، ئاشکرای کرد، هێشتا هەولێر و بەغدا لەسەر جێگیرکردنی رێژەی ١٤٪ رێکنەکەوتوون و گفتوگۆکان لەو بارەیەوە بەردەوامن. جەختی لەوەش کردەوە، پێویستە سەرجەم لایەنە کوردستانییەکان لە بەغدا یەکدەنگ و یەکهەڵوێست بن، لەبەر ئەوەی بابەتی مووچە پەیوەندیی بە ژیانی هەموو تاکێکی کوردستانەوە هەیە و نابێت بکرێتە کەرەستەی ململانێی حزبی.