رۆژنامەی ھەولێر

بۆ / سەرجەم کۆمپانیاکانی تایبەت بە گەیاندنی خێرا (دیلیڤەری)

ماوەیەکە دیاردەیەک لە سنووری شاری هەولێر بەدی دەکرێت کە ماتۆڕسکیلەکانی تایبەت بە گەیاندنی خواردنی خێرا، لە بری ترافیکەکان و یوتيرنەكانى تایبەت بە سوڕانەوەی یاسایی، خۆیان هەڵساون بە شکاندنی کێربستۆنی دوورگە ناوەندییەکانی نێو شەقامەکان لە بەرامبەر چێشتخانەکان بۆ ئەوەی لەو پێچکردنەوە نایاساییانە بپەڕنەوە. هەروەها دروستکردنی ڕێڕەوی ڕۆیشتن لەسەر شۆستە و سەوزایی نزیک ترافیک لایتەکان.
ئەو کارە جگە لەوەی نایاسایی و ڕێگەپێنەدراوە و مەترسییە بۆ سەر گیانی هاووڵاتیان و جوڵەی هاتوچۆ، هەروەها هۆکاری تێکدانی ئەو دامەزراوانەیە لە شۆستە و کێربستۆن و سەوزایی و دار و درەخت ، کە ئەو شوێنانە لەلایەن شارەوانییەوە بە مەبەستی جوانترکردنی سیما و ژینگەی شاری هەولێر و خەڵکەکەی ئەنجامدراون و بەردەوام خزمەت دەکرێن.
بۆیە بە پێویستی دەزانین کە ئاگادارتان بکەینەوە و پێویستە لەلایەن کۆمپانیاکانتانەوە ئاگاداری ماتۆرسوارەکانتان بکەن کە ڕێڕەوە فەرمییەکان بەکار بهێنن و ئەو ڕێڕەوە نایاساییانە بەکار نەهێنن.، بە پێچەوانەوە لە حاڵەتی دووبارەبوونەوەی هەر رەفتاريكى لەو شێوەیە ماتۆڕسکیلەکان دەستیان بەسەردا دەگیرێت و ڕێكارى یاسایی بەرامبەر کۆمپانیاکە دەگیرێتە بەر و دەدرێنە دادگا.
داواش لە هاووڵاتیانی خۆشەویست دەکەین، کە ئەو سەوزایی و دورگە ناوەندییانە لە خزمەتی ئەواندان، لە کاتی بینینی سەرپێچی لەم شێوەیە وێنەی سەرپێچییەکان بگرن و بۆمانی ڕەوانە بکەن بۆ ئەوەی کاردانەوەی یاسایی لەگەڵ سەرپێچیکاران بکەین.
لەگەڵ ڕێزدا…