هاودەنگ فارووق
شۆڕشی ئەیلوول تەنیا شۆڕشێک دژی ڕژێمێکی سیاسی نەبوو؛ بەڵکوو پرۆژەیەکی نەتەوەسازی بوو، کە لە ناخی دوو هەزار ساڵ ژێردەستەیی و بێدەنگیی کورددا سەری هەڵدا. ئەیلوول تەنیا جوڵانەوەیەکی سیاسی نەبوو؛ بەڵکوو هەوڵێکی سەرتاپایی بوو بۆ دروستکردنەوەی مرۆڤ و نەتەوەی کورد، بۆ ئەوەی چیتر بە ژێردەستەیی ڕازی نەبێت و مافی خۆی بە دەنگێکی بەرز داوا بکات.
دوو ساڵ مێژوو کوردی دەهاڕی. ئیمپراتۆریەت و دەوڵەتەکان هاتن و چوون، بەڵام کوردستان هەروا بوو بە مەیدانی پێکدادانی دەسەڵاتەکان. هەمووان لەسەر خاکی کوردستان بۆ خۆیان قەوارە و دەسەڵاتیان دروست کرد، تەنیا خاوەنە ڕاستەقینەکەی ئەو خاکە، کورد، لە مافە نەتەوەییەکانی بێبەش بوو. بێدەنگییەکی سامناک بەسەر کۆمەڵگەی کوردیدا زاڵ بوو؛ کوردستان بوو بە کاروانسەرای داگیرکەران و هەمووان هاتن، بەڵام کورد نەهات. لە دوای دوو هەزار ساڵ لە شکانی مێژوو و ژێردەستەیییەکی تاڵ و تفت، عەزمی مرۆڤێکی گەورە و ڕێبەرێکی کاریزماتیک ڕێڕەوی مێژووی گۆڕی. ئەو مرۆڤە مستەفا بارزانی بوو؛ ئەوەی لە قووڵایی مێژووی ژێردەستەییەوە هەڵسا و گوتی: «ئیتر بەسە؛ یان کوردستان یان نەمان.»
ئەم دەنگە بۆ کورد تەنیا بانگەوازێکی سیاسی نەبوو؛ شکاندنی بێدەنگییەکی دوو هەزار ساڵە بوو. ئەو کوردەی ساڵانێکی زۆر لەبەردەم داگیرکەران بێوەڵام مابوو، ئەمجارەیان نەعرەتەی لێدا. بارزانی لە چیا و دەشت و دۆڵ و خەرەند و لێڕەوارەکانی کوردستان هەڵقوڵا؛ لەگەڵ بازووی جووتیار، هەناسەی گەرم و ماندوونەناسی کرێکار، قەڵەم و تەنۆکی مەرەکی پۆلە خوێندنەکان و هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی کوردی.
بارزانی نەمر برووسکەی شمشێری نەبەزینی مەیدانی جەنگ، بێڵی دەستی جووتیار، هەناسەی کرێکاری کورد و تەنۆکی مەرەکی خوێندکارانی بۆ ئامانجێکی سیاسی و نەتەوەیی گەورە کۆکردەوە. ئەو توانای ئەوەی هەبوو کە جیاوازییە کۆمەڵایەتی، فکری و سیاسییەکان بخاتە ژێر چەتری ئامانجێکی هاوبەش: ڕزگارکردنی کورد لە ژێردەستەیی.
بارزانی لە شۆڕشی ئەیلوولدا تەنیا دژی ڕژێمێکی سیاسی نەوەستا؛ بەڵکوو پێش هەموو شتێک دژی خۆبچووککردنەوەی کورد و نەریتی بێدەنگی و ملکەچی وەستا. کوردی وەک نەتەوەیەکی خاوەن ماف و توانای سیاسی ڕێکخست و هەوڵی دا کوردستان لە سنووری داواکارییە تاکەکەسییەکان و پۆست و دەسەڵاتی کاتی بەرزتر بکاتەوە. لەو ڕۆژەوە کورد بۆ یەکەمجار بە شێوەیەکی دیارتر خۆی لە ژێر ڕێبەرایەتییەکی سیاسیی هاوبەشدا بینی. لە زاخۆوە تا خانەقین و مەندەلی، لە ئاکرێوە تا شارەزوور و هەڵەبجە و هەورامان، هەستی هاوبەشییەکی نەتەوەیی بەهێزتر بوو. کورد، کە ساڵانێکی زۆر دابەش و بێدەنگ کرابوو، دەستی کرد بە بینینی خۆی وەک یەک جەستە و یەک نەتەوە.
ئەو «نا»یەی کورد لە ئەیلوولدا گوتی، وەک زریان و گەردەلوول، هاوکێشەکانی مێژووی گۆڕی. داگیرکەر تێگەیشت کە کوردستان خاکێکی بێخاوەن نییە و کورد نەتەوەیەکی بێدەنگ و بێئیرادە نییە. لەوە بەدوا، داگیرکردنی کوردستان و بێبەشکردنی خەڵکەکەی لە ماف، چیتر کارێکی ئاسان نەبوو.
شۆڕشی ئەیلوول، لە ڕاستیدا، تەنیا ڕووداوێکی سەربازی نەبوو؛ ڕووداوێکی کۆمەڵایەتی، سیاسی، دادپەروەری و فکری بوو. بە مانای تەواوی وشە، ڕووداوێکی مێژوویی بوو؛ چونکە نەتەوەیەک لە خەوی غەفڵەت بەئاگا هاتەوە و لەبری ئەوەی تەنیا ڕەعیەتێکی گوێڕایەڵی داگیرکەر بێت، بوو بە هێزی شۆڕش و خاوەن ویستی ئازادی.
ئەوەی گەورەیی بارزانیی نەمرە، تەنیا شەڕکردن لە مەیدانی جەنگ نییە؛ بەڵکوو توانای ئەوە بوو کە هەموو ئەو هێز و توێژانەی کۆمەڵگەی کوردی لەسەر یەک هێڵی گۆڕانکاریی ڕیشەیی ڕێکبخات. ئەیلوول، بە ڕێبەرایەتیی بارزانی، دەنگی ئەو کوردە بوو کە دوای دوو هەزار ساڵ ژێردەستەیی، بۆ یەکەمجار بە دەنگێکی بەرز گوتی:
ئیتر بەسە؛ یان کوردستان یان نەمان.

