راپۆرت: شەماڵ جەمال دیلان
دوای هەوڵ و ماندوبوونی زۆری کەسانی ئەکادیمی لە یانەی شەتڕەنجی خانزاد، دواجار خەونی ئەوەییان هێنایە دی تاوەکو بتوانن شەتڕەنج بکەنە وانەیەکی گرنگی پراکتیکی و تیۆری لە نێو سیستەمی قوتابخانەکانی کوردستان بگوترێتەوە، بەو هۆیەشەوە ئەو یانە کە تایبەتە بە یاری شەتڕەنج توانیان ڕەزامەندی لە وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەربگرن و لە خوێندنی وەرزی 2026-2027 شەتڕەنج لە نێو خوێندنگاکاندا بخوێندرێت بۆ پۆلەکانی 7-8-9 بنەڕەتی، بڕیاریشە لە ساڵانی داهاتوو بۆ پۆلەکانی تریش زیاد بکرێت، ئامانج لە وانەی شەترەنج بەهێزکردن و فراوانبوونی هزری قوتابییە.
پەرتووکی شەتڕەنج دوای دەرچوون و چاپکردنی لەلایەن یانەی شەتڕەنجی خانزاد و ڕەزامەندی لەسەر کتێبەکە لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە لایەن داموودەزگاکانی حکومەت و میدیایەکان بەگشتیی و یەکێتیە وەرزشیەکانی کوردستان و عیراق دەنگی دایەوە، تەنانەت لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی و جیهانییش بەتایبەتی یەکێتی شەتڕەنجی جیهان (FIDE) ئەو کارەی وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیان نرخاند کە توانیویانە شەترەنج بکەنە وانەیەک لە نێو قوتابخانەکان.
لەبارەی مامۆستای تایبەت بەو وانەیە، دڵزار حەمە ساڵح سەرۆکی یانەی خانزاد تایبەت بۆ رۆژنامەی هەولێر گوتی: لە هەموو قوتابخانەیەک هۆڵێکی تایبەت بە شەتڕەنج و بۆرد و داتاشۆی بۆ دابین دەکرێت، مامۆستاکانی وەرزشیش لەسەر ئاستی هەموو کوردستان خولێکی ڕاهێنایان بۆ ئەنجام دەدرێت.

