رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ خالید شوانی، وەزیری دادی حکوومەتی فیدراڵی عێراق کۆبوونەوە و پرسی بەهێزکردنی هەماهەنگییەکانیان لە بواری مافەکانی مرۆڤ و پابەندییە نێودەوڵەتییەکان تاوتوێ کرد.
دوێنێ، دکتۆر دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکەدا جەختی لە گرنگیی هەماهەنگیی نێوان هەردوو لایەن کردەوە، بەتایبەت لە پرۆسەی بەدواداچوون و جێبەجێکردنی راسپاردە نێودەوڵەتییەکان و ئامادەکردنی راپۆرتە نیشتیمانییەکان، بەشێوەیەک تایبەتمەندییەکانی هەرێمی کوردستان بەوردی لەبەرچاو بگیرێن.
هەروەها رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان، گرنگیی بەشداریی کاریگەری هەرێمی کوردستان لە میکانیزم و پرۆسە نێودەوڵەتییەکانی مافەکانی مرۆڤ و هەماهەنگی لە چوارچێوەی پلانی نیشتیمانیی مافەکانی مرۆڤ بۆ ساڵانی ٢٠٢٦تا ٢٠٣٠روونیکردەوە.
لەبەرامبەردا، خالید شوانی جەختی لە پێویستیی بەردەوامبوونی هەماهەنگی و هاوکاریی نێوان حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی هەرێمی کوردستان کردەوە و ئامادەییی خۆی بۆ درێژەدان بە کاری هاوبەش دەربڕی.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، هەردوو لایەن جەختیان لە بەهێزکردنی هەماهەنگی و هاوکاریی هاوبەش کردەوە، بەمەبەستی دڵنیابوون لە بەدواداچوون و جێبەجێکردنی کاریگەری راسپاردە و پابەندییە نێودەوڵەتییەکانی عێراق لە بواری مافەکانی مرۆڤ.

