ئەمڕۆ سێشەممە، ٨ی ئەیلوولی ٢٠٢٦، شاندێکی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتە شاری بەغدا، بۆ ئەنجامدانی زنجیرەیەک کۆبوونەوە لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدڕاڵ.
شاندەکە پێکهاتووە لە وەزیرانی دارایی و ئابووری و سامانە سروشتییەکان، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و بریکاری وەزارەتی پلاندانان.
بڕیارە شاندەکە سەرەتا لەگەڵ وەزارەتی داراییی فیدڕاڵ و دواتریش لەگەڵ وەزارەتەکانی پلاندانان و نەوت کۆببێتەوە.
ئامانجی سەرەکیی سەردانەکە، بەشداریکردنی ڕاستەوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستانە لە ئامادەکردنی ڕەشنووسی پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی فیدڕاڵ بۆ ساڵی داراییی ٢٠٢٧ و جێگیرکردنی پشک و شایستە دەستووری و داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە پرۆژەیاساکەدا.
لە کۆبوونەوەکاندا، شاندی حکوومەتی هەرێم تێڕوانین و داواکارییەکانی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە تەرخانکراوی مووچە و شایستە داراییەکانی مووچەخۆران و پلە و میلاکی وەزیفی، تەرخانکراوی پرۆژەکانی وەبەرهێنان و پەرەپێدانی پارێزگاکان، تەرخانکراوی بودجەی بەکاربردن و هەروەها دۆسیەی نەوت دەخاتەڕوو.
ئامانج لەم کۆبوونەوانە، گەیشتنە بە تێگەیشتن و ڕێککەوتنێکی هاوبەش لەگەڵ حکوومەتی فیدڕاڵ و جێگیرکردنی ماف و شایستەکانی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدڕاڵی ساڵی ٢٠٢٧دا

