ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر
لە گەڕی شەشەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق 3 یاری دەکرێن، هەولێر رووبەڕووی دووەم بەهێزترین هێڵی هێرشبەری خولەکە دەبێتەوە، دهۆکیش بەرامبەر هێڵی پتەوی بەرگری گازی باکوور یاری دەکات.
هەولێر ـ دیالا
ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە لە گەڕی شەشەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق لە یاریگەی فرەنسۆ هەریری لە کاتژمێر 6:45 خولەکی ئێوارە یانەی هەولێر میوانداریی یانەی دیالا دەکات.
یانەی دیالا ئەم وەرزە بە ئاستێکی مامناوەند تێپەڕ دەبێت، لە کۆی 5 یاری ئەم وەرزە تەنیا یەک یاری بردووەتەوە، بەڵام هێرشبەرانی یانەکە 9 گۆڵیان کردووە و لە دوای یانەی زەورا خاوەنی بەهێزترین هێڵی هێرشبەرین، سالم ئەحمەد ترسناکترین هێرشبەری دیالایە و 3 گۆڵی لە دوایین 5 یاری کردووە. بەڵام خاڵی لاوازی دیالا لە هێڵی بەرگرییە، یانەکە 10 گۆڵی لێکراوە و خاوەنی خراپترین هێڵی بەرگرییە لەسەر ئاستی خولەکە.
لە بەرامبەردا خاڵی بەهێزی یانەی هەولێر لە گۆڵپارێز و هێڵی بەرگرییە ئەم وەرزە تەنیا یەک گۆڵیان لێکراوە ئەمەش کەمترین رێژەی گۆڵلێکرانە لەسەر ئاستی خولەکە. یانەی هەولێر لە مێرکاتۆی هاوینە، گرێبەستی 10 یاریزانی وەرزی رابردووی نوێ کردووەتەوە، دەستبەرداری 15 یاریزان بووە، لە بەرامبەردا 14 یاریزانی نوێی گواستووەتەوە و ئەم وەرزە کێبڕکێ لەسەر چوار ناسناو دەکات و بەشداریی لە چامپیۆنزلیگی کەنداو، سووپەری عێراق، خولی ئەستێرەکانی عێراق و جامی عێراق دەکات.
یانەی هەولێر لەسەر داوای لوئەی سەڵاحی راهێنەری، گرێبەستی پێدرۆ هێنریکی بەرگریکاری بەرازیلی هەڵوەشاندەوە، ئەو یاریزانە پیشەگەرە بەبێ ئەوەی هیچ یارییەکی فەرمی بکات 60 ملیۆن دیناری عێراقی لە یانەی هەولێر وەرگرت.
پێدرۆ هێنریکی لە یانەی ئەلحوسەینی ئوردنییەوە پەیوەندی بە هەولێر کردبوو، بەڵام ئەو یاریزانە لە یارییە دۆستانەکانی هەولێر نەیتوانی رەزامەندی لوئەی سەڵاحی راهێنەری یانەی هەولێر بەدەست بهێنێت، بەم هۆیەوە دوای 40 رۆژ لە واژۆکردنی گرێبەستەکەی لەگەڵ هەولێر بەرامبەر چوار دەفتەر دۆلار رازیکرا گرێبەستەکەی هەڵبوەشێنێتەوە و یانەکە جێبهێڵێت.
دهۆک ـ گازی باکوور
ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە لە گەڕی شەشەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق دهۆک لە یاریگەی خۆی میوانداریی یانەی گازی باکووری نوێنەری شاری کەرکووک دەکات، یارییەکەش لە کاتژمێر 6:45 خولەکی ئێوارە دەکرێت.
یانەی دهۆک لە گەڕی رابردوو یەکەمین سەرکەوتنی لە خولەکە تۆمار کرد، دوای ئەوەی لە کۆتاییەکانی یارییەکە ریمۆنتادای بەسەر قوە جەوییە پاڵەوانی وەرزی رابردووی خولەکەدا کرد.
یانەی دهۆک لەڕووی هێرشبەرییەوە تاڕادەیەک باشە، بەڵام چوار یاری سەرەتای خولەکە بەهۆی هەڵەی بەرگریکارانەوە کەوتە داوای یەکسانبوونەوە، بەجۆرێک هەڵۆیەکانی بادینان لەم وەرزە لە کۆی 5 یاری، 6 گۆڵیان لێکراوە و 7 گۆڵیشیان تۆمار کردووە.
لە بەرامبەردا یانەی گازی باکوور کە ئەم وەرزە بۆ یەکەمجارە بۆ خولی ئەستێرەکانی عێراق سەرکەوتووە شەڕی مان و نەمان بۆ مانەوە لە خولەکە دەکات.
یانەی گازی باکوور ئەم وەرزە تەنیا یەک یاری بردووەتەوە، لەڕووی بەرگرییە تیپەکە تاڕادەیەک باشە و لە کۆی 5 یاری 4 گۆڵی لێکراوە و تەنیا 3 گۆڵیان تۆمار کردووە.
گازی باکوور ئەم وەرزە ئەرکی راهێنەرایەتی تیپەکەی داوەتە رەفئەت محەمەدی راهێنەری سووری، لە بەرامبەردا یەحیا گۆڵمحەمەدی ئێرانی سەرپەرشتی دهۆک دەکات و یانەکە لە مێرکاتۆی ئەم هاوینە گرێبەستی 11 یاریزانی وەرزی رابردووی نوێ کردووەتەوە، لە بەرامبەردا دەستبەرداری 12 یاریزان بووە و 15 یاریزانی نوێی گواستووەتەوە.
یانەی دهۆک لە مێرکاتۆی ئەم هاوینە گرێبەستی لەگەڵ موهەند جەعازی بەرگریکار واژۆ کرد، بەڵام ئەو یاریزانە نەیتوانی لە یارییە ئامادەکاری و دۆستانەکان رەزامەندی راهێنەرە ئێرانییەکەی دهۆک بەدەست بهێنێت بۆیە دوای 51 رۆژ، بەبێ ئەوەی بەشداریی هیچ یارییەکی فەرمی بکات گرێبەستەکەی لەگەڵ هەڵۆیەکانی بادینان هەڵوەشایەوە.
موهەند جەعازی 29 ساڵ بە رەسەن عێراقییە بەڵام لە سوید لە دایکبووە، پێش ئەوەی پەیوەندی بە یانەی دهۆک بکات لە خولی ئەمریکا و نەرویج یاری کردبوو، دوای رۆیشتنی لە دهۆک پەیوەندی بە یانەی قوە جەویە کرد.
غەراف ـ شورتە
یانەی شورتە دوای یەکسانبوونەکەی بەرامبەر هەولێر روودەکاتە شاری ناسریە و رووبەڕووی غەراف دەبێتەوە، یارییەکەش لە کاتژمێر 09:00ـی شەو دەکرێت.
یانەی شورتە ئەم وەرزە بە سەرەتایەکی خراپ تێپەڕ دەبێت، لە کۆی 5 یاری یارییەکی دۆڕاندووە و لە دوو یاریش یەکسانبووە و تەنیا بردنەوەیەکی هەیە، شورتە بە کۆکردنەوەی 8 خاڵ لە خانەی حەوتەمی ریزبەندی دێت.
لە بەرامبەردا یانەی غەراف بە ئاستێکی ناجێگیر تێپەڕ دەبێت لە کۆی 5 یاری تەنیا 5 خاڵی کۆکردووەتەوە.

