بە فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ٣٣ گەنجی کورد، کە لە وڵاتی لیبیا دەستبەسەر و بێسەروشوێن بووبوون، ڕزگار کران و دوێنێ بە سەلامەتی گەڕێندرانەوە بۆ هەرێمی کوردستان.
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە بە هەماهەنگیی باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا، شوێنی گەنجە ونبووەکانییان دەستنیشان کرد و دوای ڕێکارەکانی ئازادکردنییان لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە گەڕێنرانەوە. بەشێک لەم گەنجانە زیاتر لە مانگێكە لە بەندیخانەکانی لیبیادا بوون و لەبارودۆخێکی سەختدا ڕووبەڕووی مەترسیی مردن ببوونەوە.
دوای گەیشتنیان بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، تیمەکانی تەندروستی پشکنینی پزیشکیی پێویستیان بۆ ئەنجام دان، پێشتریش ئامادەکاریی تەواو کرا بوو و گەڕێندرانەوە ناو کەسوکاریان.
بە گەڕاندنەوەی ئەم ٣٣ كۆچبەرە، ژمارەی ئەو کۆچبەرە نایاساییانەی تاوەکو ئێستا لە وڵاتی لیبیاوە ڕزگار کراون و گەڕێندراونەتەوە هەرێمی کوردستان، گەیشتە ٣٣٥ کەس.

