جێگری سەرۆک و سەرۆک وەزیرانی ئیمارات و حاکمی دوبەی، پەیامێکی هاوخەمی ئاراستەی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان کردووە بەهۆی کۆچی دوایی عەبدولواحید ئیبراهیم شێخ عەبدولسەلام بارزانی برا گەورەی بنەماڵەی بارزانی.
محەمەد بن ڕاشد ئال مەکتووم جێگری سەرۆک و سەرۆک وەزیرانی ئیمارات و حاکمی دوبەی لە پەیامە هاوخەمیەكەیدا بۆ مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان نووسیویەتی: بە خەم و پەژارەیەکی زۆرەوە هەواڵی کۆچی دوایی عەبدولواحید ئیبراهیم شێخ عەبدولسەلام بارزانی، برای گەورەی بنەماڵەی بارزانیمان پێگەیشت، لەم کۆستە گەورەیەدا پرسە و سەرەخۆشی و هاوخەمیی خۆمانتان ئاراستە دەکەین.
محەمەد بن ڕاشد ئال مەکتووم لە پەیامەكەدا هەروەها رایگەیاندووە: لە خودای گەورە داواکارین خوالێخۆشبوو بخاتە بەر ڕەحمەتی خۆی و بە بەهەشتی فراوانی خۆی شاد بکات و ئارامی و دڵنەوایی بدات بە بنەماڵە و کەسوکارەکەی.
ڕۆژی هەینی رابردوو رێكەوتی 4ـی ئەیلوولی 2026، عەبدولواحید ئیبراهیم شێخ عەبدولسەلام بارزانی، برا گەورەی بنەماڵەی بارزانی و نەوەی ڕێبەری ئایینی و نیشتمانی شێخ عەبدولسەلام بارزانی، بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کرد.

