ئەمڕۆ یەكشەممە لە بەغدا، کۆبوونەوەی هاوبەشی باڵای ئەمنی لەنێوان هێزە ئەمنییەکانی عێراق و هێزی پێشمەرگە بەڕێوەچو، لە كۆبوونەوەكەدا جەخت لە هاوكاری و هەماهەنگی زیاتری نێوانیان لە سەرجەم ناوچەكان كرایەوە.
وەزارەتی پێشمەرگە بڵاوی كردەوە: بەمەبەستی زیاتر پتەوکردن و بەرەوپێشبردنی هاوکاری و هەماهەنگییەکانی نێوان هێزە ئەمنییەکانی عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە، ئەمڕۆ یەكشەممە لە بەغدا بە ئامادەبوونی فەریقی یەکەم روکن عەبدولئەمیر شەممەری بەڕێوەبەری نووسینگەی تایبەتی سەربازی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق، فەریق روکن عیسا عوزێر سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە، ژمارەیەك ئەفسەری باڵا و فەرماندە سەربازییەکان و بەرپرسی دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق، کۆبوونەوەی هاوبەشی باڵای ئەمنیی نێوان هەردوولا بەڕێوەچوو.
لە کۆبوونەوەکەدا، باس لە ئاسایشی ناوچەی جێی بایەخی هاوبەشی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی عێراق کرا، کە لە ڕێگەی لیوا هاوبەشەکان دەپارێزرێن، بۆ ئەمە جەختیان کردەوە لە هاوکاری و هەماهەنگی زیاتر لەگەڵ ئەو لیوایانە، بۆ ئەوەی بتوانن باشتر و تۆکمەتر ئەو ناوچانە کۆنترۆل بکەن و ئاسایشیان بپارێزن.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا، بابەتی ئاسایشی سنوور و پاراستنی سنوورەکان لەلایەن پاسەوانی سنوور و هێزەکانی پێشمەرگە بە هاوبەشی باسکران، هەروەها گفتوگۆ لەسەر بەرنامە و پڕۆگرامی مەشق و راهێنانی هاوبەش لەنێوان هەردوولا کرا.

