رۆژنامەی ھەولێر

مەترسییەکانی وشکداگەڕانی جەستە لە هاویناندا بۆ شەکرەگرتووان و ڕێگای خۆپارێزی

ئەژین عەبدوڵڵا – هەولێر

 

بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لە وەرزی هاویندا مەترسیی وشکبوونەوەی جەستە زیاد دەکات، بەتایبەت لەنێو تووشبووانی نەخۆشیی شەکرەدا. کاتێک ئاستی شەکری خوێن بەرز دەبێتەوە، گورچیلەکان هەوڵ دەدەن لە ڕێگەی میزکردنی زیاترەوە شەکری زیادە دەربکەن، ئەمەش وادەکات جەستە بڕێکی زۆر لە شلە و ئاو لەدەست بدات و ئەگەری وشکبوونەوەی زیاتر بێت.

د. داهات حەوێزی، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی هەناو، شەکرە و ڕژێنەکان (غودە)، تیشک دەخاتە سەر نیشانە سەرەکییەکان و گرنگترین ڕێکارەکانی خۆپارێزی بۆ نەخۆشانی شەکرە:
نیشانە سەرەکییەکانی وشکبوونەوەی جەستە:
• هەستکردن بە تینوویەتییەکی زۆر و بەردەوام
• وشکهەڵگەڕانی دەمولێو
• کەمبوونەوەی بڕی میز یاخود تۆخبوونی ڕەنگەکەی
• سەرگێژخواردن، بێهێزی و هەستکردن بە ماندووبوونی لەڕادەبەدەر
• بەرزبوونەوەی لەناکاوی ئاستی شەکری خوێن و سەختیی کۆنترۆڵکردنی
ڕێنماییە گرنگەکان بۆ خۆپارێزی لە وەرزی گەرمادا:
• خواردنەوەی بەردەوامی ئاو: پێویستە بە بەردەوامی و بە بڕی پێویست ئاو بخورێتەوە، تەنانەت پێش ئەوەی هەست بە تینوویەتیش بکرێت.
• دوورکەوتنەوە لە تیشکی بەتینی خۆر: لە کاتە گەرمەکانی ڕۆژدا لە بەرکەوتنی ڕاستەوخۆی تیشکی خۆر و شوێنی زۆر گەرم خۆتان بپارێزن.
• پشکنینی بەردەوامی شەکرە: ڕۆژانە و بە شێوەیەکی ڕێکخراو چاودێریی ئاستی شەکری خوێن بکەن بۆ ڕێگریکردن لە هەر ناڕێکییەک.
• خواردنی سەوزە و میوەی شێدار: گرنگیدان بەو سەوزە و خۆراکانەی کە دەوڵەمەندن بە ئاو و ڕیشاڵە تەندروستەکان.
• پابەندبوون بە دەرمان و ڕێنمایی پزیشکی: بەکارهێنانی دەرمانەکان بەپێی ڕێنمایی پزیشکی پسپۆڕ، هەروەها لە کاتی دەرکەوتنی نیشانەکانی وشکبوونەوە یان تووشبوون بە سکچوون، پێویستە دەستبەجێ پزیشک ئاگادار بکرێتەوە.
پاراستنی شێداریی جەستە لە وەرزی هاویندا بۆ تووشبووانی شەکرە تەنیا کەمکردنەوەی تینوێتی نییە، بەڵکو بەردی بناغەیە بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاستی شەکری خوێن و پاراستنی کارئەندامە سەرەکییەکانی لەش لە ئاڵۆزکارییە مەترسیدارەکان.