یاسین قادر بەرزنجی
لەهەر ماڵێکدا خاچێک و
لەسەر هەر خاچێکیش دڵێک،
هەموو ماڵەکان لە شووشەن
زۆربەی دڵەکانیش لە بەرد،
ئەوەیان نەبێت کە هێشتا
بەسەر خاچەکەوە لێدەدات !
دڵسۆز حەمە
خاتوو دڵسۆزی شاعیرو ڕۆماننووس و نووسەرو ڕۆژنامەنووس، ناوێکی دیاری دنیای ئەدەبی و فەرهەنگیی ئێمەیە، لە شاری سلێمانی لەدایک بووەو هەر لەوێش قۆناغەکانی خوێندنی تەواو کردووە، بۆ خوێندنی زانکۆش چووەتە بەشی تەلارسازیی زانکۆی موسڵ و ساڵی ١٩٩٣ بڕوانامەی بەکالۆریۆسی بەدەستهێناوە.
لە خێزانێکی کوردپەروەرو خۆبەدەستەوەنەدەردا پەروەردە بووە، لە قۆناغەکانی ناوەندی و ئامادەییەوە لە شانە نهێنییەکانی کۆمەڵەی رەنجەدەراندا کاری کردووەو هاندەری خوێندکاران و سەردەستی خۆپیشاندەران بووە، وەک خێزانێکی کۆڵنەدەری دژ بە ڕژێمی بەعس هەمیشە ژیانیان نا ئارام و پڕ لە ململانێ و مەترسی بووە.
لەساڵی (١٩٩٨) ەوە چووەتە هۆڵەندا و لەوێ
دەژی و دایکی سێ منداڵە، لەو وڵاتەش بڕوانامەی دیبلۆمی پیداگۆکی منداڵانی بەدەستهێناوە.
ماوەی ١٠ساڵ گۆشەی (بینین)ی لە ڕۆژنامەی هەواڵ دا نووسیوەو سەدان وتاری لەمەڕ پرسە سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەکان و سەبارەت کێشەکانی ژنان و چەوساندنەوەیان لە کۆمەڵگەی ئێمەدا لە گۆڤارو ڕۆژنامەکاندا بڵاوکردووەتەوە.
خاتوو دڵسۆز لە کوردستان و ئەوروپا بەشداریی دەیان کۆڕو ڤێستیڤاڵی ئەدەبی و ڕوناکبیریی کردووەو هەمیشە خاوەنی دەنگی خۆی بووەوە بە سەنگینی دەرکەوتووە.
دلسۆز حەمە دەڵێت :
[شێرکۆ بێکەس لە یەکەمین تێکستەوە هاندەری ڕاستگۆی من بووەو لە بیرەوەرییەکانیشیدا ناوی منی هێناوەو ناوی دیوانی (تاقانە یار)یشم پێشنیازی ئەو شاعیرە گەورەیە بوو].
ئەم خانمە زمانەکانی عەرەبی و فارسی و ئینگلیزی و هۆڵەندی دەزانێت و ژمارەیەک لە شیعرەکانی بۆ عەرەبی و فارسی و ئینگلیزی و ئیسپانی و فەڕەنسی و هۆڵەندی وەرگێڕراون و خاوەنی ئەم کتێبە چاپکراوانەیە ..
هەر سێ کۆمەڵە شیعری:
*تاقانە یار.
*لە کۆتاییدا بیرم کەوتەوە تەماشای خۆم بکەم.
*لە پایزێکدا دەمخوازێت.
لەگەڵ ڕۆمانی:
*یادەوەریی خوێن لە زمانی گوڵەوە، ٢٠٢٣ .
مامۆستا شێرزاد حەسەن لە پێشەکیی ڕۆمانەکەیدا دەڵێت :
[ئەوەی جێگەی ستایشە، ئەم ڕۆمانە بە هەناسەی پاکی ژنانەوە پەرەی پێ دراوە، بە خوێن و فرمێسک و ئارەقەو ڕەنجی لە بننەهاتووی ژنانە ڕەنگڕێژکراوە، دەقێکی واڵایە هەم خودگەراییە تا ئەوپەڕی ملنەدان ونەترسی و داهێنان و سنووربەزێن، بە مانا پۆزەتیفەکەی ].
هەر سەبارەت یەکەم ئەزموونی ڕۆماننووسینی دڵسۆزی شاعیر، د.مەریوان وریا قانع نووسیویە :
[یەکەمجارە بەر قەڵەمی خانمێکی کورد بکەوم بەو شاعیرییەت و بەو توانا گەورەیەی درووستکردنی کاراکتەرو بەو وردەکارییەوە لە درووستکردنی ڕووداودا، ڕۆمانەکە تێکستێکی دەگمەنە لە درووستکرنی وێنەیەکی گشتیی ئەو جیهانەی ئێستای ئێمەی دوای ڕاپەڕین ].
بە هیوای بەردەوامی و سەرفرازی و ئەفراندنی نوێم بۆ خۆشک و هاوڕێم خاتوو دڵسۆز حەمەی شاعیر و ڕۆماننووسی هەمیشە قەڵەم جوان.

