ئیسماعیل بەرزنجی
تەنیا میوانی ماڵوێرانەکانە
لە دەرگای دڵی
مرۆی تەنیاو وێڵ دەدات
خێوەت و دەواری
تەریوەکان تێکدەدات
ئەوکی ئاشقە فاشیل وتەنهاکان
تژی دەکات لە گریان
***
پایز بۆ ئەوانەیە
نە دۆستیان بوو نە دەزگیران
نە لە چیمەنێکدا راکشان
نەتێر سەیری ئەستێرەیان کرد
نەتێر لێوی تەڕیان هەڵمژی
نە مانگ بوو بە هاودەردیان
***
پایز
کون بە کون
بەدوای ماڵە قەرەجاندا دەگەڕێ
هەرچی تۆزوخۆڵ هەیە
بەسەر سمێڵی گەورەی پیاوان و
قژی گروازەی ژنان و
قاقۆلی منداڵەکاندا
دەیپژێنێت
***
پایز ئیلهامی ساختە
دەخاتە مێشکی شاعیرە
سەقەتەکان
ئەوانەی داڵغەو تێڕامان
لێکتر جوداناکەنەوە
***
چیتر
چاوەڕێی پایز ناکەم
بە بەژن و باڵایدا هەڵناڵێم
هەرچی بێوەفا بوو
لەپایزدا ناسیم
هەرچی ساختەبوو
لە پایزدا بینیم
بەخێربێی زستان

