سلێمان تاشان – ههولێر
نزیکەی چوار مانگ بەسەر دامەزراندنی کابینەی نوێی عێراقی فیدراڵی بە سەرۆکایەتیی عەلی فالح زەیدیدا تێدەپەڕێت، بەڵام هێشتا ژمارەیەکی زۆر لە وەزارەتەکان بێ وەزیرن یان بە وەکالەت بەڕێوە دەبرێن. بەشێک لەو وەزارەتانە وەزارەتی زۆر هەستیارن و لایەنە سیاسییەکانی عێراق داکۆکیی گەورەیان لەسەر دابەشکردنیان هەیە.
لە ناوەڕاستی مانگی ئایاری ڕابردوو حکوومەتی فیدراڵی بە نیوەچڵی دامەزرا دوای ئەوەی لایەنە سیاسییەکانی عێراق نەیانتوانی لەسەر ناوی وەزیرەکان ڕێکبکەون. بەگشتی نۆ وەزارەت بێ وەزیرن. پاش ئەوەی دەنگ لەسەر چواردە وەزیر لە کۆی بیست و سێ وەزیر درا، دەنگدان لەسەر نۆ وەزارەت بەهۆی ناکۆکییە سیاسییەکانەوە لەسەر پالێوراوەکان دوا خرا. هەروەها ئەمریکا ناڕازی بوو بەرامبەر بە سپاردنی هەندێک پۆست بە لایەنە سیاسییەکانی نزیک لە گرووپە میلیشیاکان.
چەند سەرچاوەیەكی عێراقی ئاماژە بەوە دەكەن كە ناوی پاڵێوراوان دراونەتە عەلی زەیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ ئەوەی بەمەبەستی دەنگپێدان ڕەوانەی پەرلەمانی عێراق بکرێن.
ئەو وەزارەتانەی تا ئێستا یەکلایی نەبوونەتەوە بریتین لە بەرگری، ناوخۆ، پلاندانان، خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، کۆچ و کۆچبەران، ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، لاوان و وەرزش، کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، ڕۆشنبیری.
محەمەد موتەلبی سەركردە لە هاوپەیمانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان ڕایگەیاندووە دانوستانی سیاسی پێوەست بە هەڵبژاردنی وەزیرەكان یەكلا بووەتەوە و سەرۆك وەزیران ئەو ناوانەی دیاری كردووە كە ڕەوانەی پەرلەمانیان دەكات وەك كاندیدی فەرمیی وەزارەتە بەتاڵەكان، بۆیە بەراوردكاری لە نێوان كاندیدەكان تەواو بووە و كار بۆ ڕەوانەكردنی ناوەكان دەكرێت بۆ دیاریكردنی دانیشتنی پەرلەمان و دەنگدان و پێدانی متمانە.
جگە لەوەی کە نۆ وەزارەی بەتاڵن لە هەمان کاتدا جێگرانی سەرۆک وەزیرانی عێراقیش یەکلایی نەبوونەتەوە و تا ئێستا هیچ ناوێک بۆ جێگرانی سەرۆک وەزیران هەڵنەبژێردراوە و ئەمەش بە هۆکارێکی دیکەی دواکەوتنی تەواوکاریی کابینە هەژمار دەکرێت.
لە لایەکەی ترەوە عەلا حەیدەری سەرۆكی فراكسیۆنی ئەساسی عێراقی بە ماڵپەڕی ئەلمەدای ڕاگەیاندووە، ناوی كاندیدی نۆ وەزارەتەكە دراوەتە سەرۆك وەزیران، سێ كانید بۆ هەر وەزارەتێك، بەڵام هێشتا چاوپێكەوتن بۆ دیاریكردنی كاندیدێك بۆ هەر وەزارەتێك نەكراوە.
ئەو پێشبینی كرد هەر لەم هەفتەیەدا نوووسراوی حكوومەت بگاتە پەرلەمان بۆ دەنگدان لەسەر كاندیدی نۆ وەزارەتەكە و چوار جێگر بۆ سەرۆك وەزیران لە یەك دانیشتنی پەرلەماندا بدرێت.
دوو لەو وەزارەتانە کە زۆرترین مشتومڕ و ناکۆکییان لەسەر هەبووە ناوخۆ و بەرگرین و هەر یەک لە لایەنەکانی چوارچێوەیە هاوئاهەنگی لە لایەک و سوننەکان لە لایەکی دیکە بەرامبەر بەو دوو پۆستە هەستیارن و ئەو کەسەی دەبێتە وەزیری ناوخۆ یان بەرگری دەبێت کەسێکی متمانەپێکراو بێت.
جگە لە لایەنە سیاسییەکانی ناوخۆ، ئەمریکاش بەرامبەر ئەو پۆستانە داواکاریی تایبەتی خۆی هەیە و پێشتر عێراقی لەوە ئاگادار کردووەتەوە کە نابێت بە هیچ شێوەیەک پۆستی حکوومی بە گرووپە میلیشیاکان بدرێت.
مانگی ئەیلوول مانگێکی گرینگە بۆ چارەنووسی عێراق و بڕیارە لە کۆتایی ئەم مانگەدا کۆتایی بە گرووپە میلیشیاکان بهێنرێت و سەرجەم ئەو گرووپانە چەک بکرێن و بخرێنە ژێر دەسەڵاتی حکوومەتەوە.
ئەگەر پەرلەمانی عێراق بە زۆرینەی دەنگ و بێ هیچ کێشە و ناکۆکییەک متمانە بە وەزیرەکان جێگرانی سەرۆک وەزیران بدات و کابینەی زەیدی تەواو بکات ئەوا دەبێتە تاقیکردنەوەیەکی گرنگ بۆ حکوومەت بۆ ئەوەی بەڵێنەکانی خۆی لەبارەی چەککردنی گرووپە میلیشیاکان جێبەجێ بکات. بەڵام ئەگەر لایەنە سیاسییەکان بە تایبەتی چوارچێوەی هاوئاهەنگی نەتوانن ئەم پرسە یەکلایی بکەنەوە ئەوا ئەگەری زۆرە لە جێبەجێکردنی بەڵێنەکان شکست بە حکوومەت بهێنن و ببنە هۆی سەرهەڵدانی گەڕێکی نوێی ئاڵۆزی و پشێوی لە عێراق.

