حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ڕێکارە یاسایی و کارگێڕییەکانی گەڕانەوەی 33 گەنجی دیکەی هاووڵاتیی هەرێمی کوردستان لە وڵاتی لیبیاوە کۆتاییان هاتووە و بڕیارە هەفتەی داهاتوو بگەنەوە نیشتمان.
ئەمڕۆ چوارشەممە 2ـی ئەیلوول، حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی بێسەروشوێنبوونی ژمارەیەک هاونیشتمانی لە وڵاتی لیبیا، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ڕاسپارد بۆ دۆزینەوە، ڕزگارکردن و گەڕاندنەوەی ئەو کۆچبەرانە. لە ئێستادا تەواوی مامەڵەکانی ئەو 33 هاونیشتمانییە تەواو بووە و ئامادەکارییەکان بۆ گەڕانەوەیان لە هەفتەی ئایندەدا بەردەوامە.
حکوومەتی هەرێم ڕاشیگەیاند، ئەم گەنجانە کە بە ڕێگەی نایاسایی کۆچیان کردبوو، ڕووبەڕووی بارودۆخێکی یەکجار سەخت بوونەتەوە و هەندێکیان بۆ ماوەی 8 مانگ لە زیندانەکانی لیبیادا دەستبەسەر بوون، کە تێیدا لەژێر مەترسیی بەردەوامی مردندا بوون. حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەمبارەیەوە جارێکی دیکە هۆشداری دەداتە گەنجان و خێزانەکان کە خۆیان لە کۆچی نایاسایی بەدوور بگرن، چونکە جیا لە مەترسیی لەدەستدانی ژیان، دەبێتە هۆی پێشێلکاریی یاسایی و ڕووبەڕووبوونەوەی سزای توند لە وڵاتانی دیکەدا.
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، تاوەکو ئەمڕۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان توانیویەتی 302 کۆچبەری نایاسایی لە بارودۆخە جیاوازەکاندا ڕزگار بکات و بیانگەڕێنێتەوە بۆ هەرێمی کوردستان.

