(فیلیپا گریگۆری ـ Philippa Gregory)، کە زنجیرە ڕۆمانێکی دەربارەی (جەنگی گوڵەکان – Wars of the Roses) لەلایەن BBC کراوەتە درامای تەلەفزیۆنی و ناوی (شاژنی سپی – The White Queen) لێناوە، لەم گفتوگۆیەیدا باس لە شێوازی نووسینی ڕۆمانی مێژوویی و ئەزموونی لەگەڵ سیناریۆنووسین دەکات.
ـ (شاژنی سپی – The White Queen) وەک زنجیرەیەکی تەلەفزیۆنی دەرکەوت. پێمان بڵێ چۆن ئەو کتێبە هەڵبژێردرا و پڕۆسەی ئامادەکردنی سیناریۆکە بۆ تۆ چۆن بوو؟
فیلیپا گریگۆری: چەندین بەرهەمهێنەر هاتنە لام و دەیانویست فیلم یان زنجیرەیەکی تەلەڤزیۆنی لەسەر (شاژنی سپی – , The Red Queen,) دروست بکەن. دوای گفتوگۆیەکی زۆر، گەیشتمە ئەو بڕوایەی کە دەمەوێت زنجیرەکە لەسەر سێ کتێب بێت: (شاژنی سپی)، (شاژنی سوور -The Red Queen)، و (کچی پاشاساز – The Kingmaker’s Daughter). لەو هەرسێکیاندا، ڕووداوەکان لە چاوی سێ لە گرنگترین ژنانی ئەو سەردەمەوە نیشان دەدرێن. نووسینی سیناریۆکە بە جۆرێک چنینەوەی ئەم چیرۆکانە بوو پێکەوە؛ ئەو چیرۆکانەی کە من لە مێژوو دەرمهێنابوون، دووبارە پێکەوەمبەستنەوە و لە ژنێکەوە بۆ ژنێکم دەگواستنەوە.
ـ خەونی زۆرێک لە نووسەرانە کە کارەکتەرەکانیان لەلایەن ئەکتەرەکانەوە لەسەر شاشە ببینن، بەڵام کتێبەکانی تۆ کەسایەتی مێژوویین کە تۆ لێکدانەوەت بۆ کردوون. ئێستا ئەو لێکدانەوەیەی تۆش دووبارە لەسەر شاشە لێکدانەوەی بۆ کراوەتەوە. چەندێک لەو زنجیرە تەلەفزیۆنیانەی کە ئێمە تەماشایان دەکەین، دەنگی تۆی نووسەریان تێدایە؟
فیلیپا گریگۆری: پێم وایە کاتێک لە ڕۆمانەوە دەچیت بۆ سیناریۆ، دەنگی نووسەربوونی خۆت لەدەست دەدەیت. ئەوە یەکەم شتە کە لەدەستی دەدەیت. جگە لەوەش، کە کتێبەکەت دەکرێتە فیلم یا زنجیرە، ئیتر ئەوە ئەکتەرەکەیە قسە دەکات نەک تۆ. لە ڕووی وردەکاری مێژووییشەوە، ئێمە بۆ ڕۆمانەکانم هەوڵمان دا زۆر نزیک لە ڕۆمانەکە و ڕاستییە مێژووییەکان بمێنینەوە. هەندێک گۆڕانکاری هەبوو کە من بەدڵم نەبوون و لەو کاتەدا گوتم کە حەزم لێیان نییە، بەڵام ئەوە بەشێکە لە کاری سیناریۆنووس. ئەوان دەڵێن “بەڵێ، بەڵام ئەمە دەبێت بگۆڕدرێت بۆ ئەوەی وەک زنجیرەیەکی تەلەفزیۆنی سەرکەوتوو بێت”. پسپۆڕی من ڕۆمانە، بۆیە چاوەڕێ ناکەم لە سیناریۆنووسێک باشتر بزانم.
ـ لە نێوان ئەو هەموو کتێبەی نووسیوتە، کامەیان پێشنیار دەکەیت بۆ خوێنەرێک کە تا ئێستا هیچی تۆی نەخوێندبێتەوە؟
فیلیپا گریگۆری: پێم وایە یەکێک لە کتێبە دڵخوازەکانم (گەمژەی شاژن – The Queen’s Fool)ـە. کەمێک جیاوازە چونکە لەسەر کەسایەتییەکی مێژوویی ڕاستەقینە نییە، بەڵکو کارەکتەرێکی خەیاڵییە. بەڵام کەسێک هەبووە کە وەک لێبۆک یا قەشمەری دەربار و کۆشکی (شازادە ئێدوارد – Prince Edward) /Henry VIII’s son))، (شاژنە ماری یەکەم – Queen Mary) / (Henry VIII’s daughter)و (شاژنە ئەلیزابێس- Queen Elizabeth) کاری کردووە. بۆیە ئەو کارەکتەرە دەستڕاگەیشتن و بینینێکی وردی هەبووە بۆ ناو ژیانی ئەو سێ پاشایەتییە. چیرۆکەکە باس لە کچێکی جولەکەی خوێندەوار دەکات کە چۆن لە کۆمەڵگەیەکدا دەژیت کە تێیدا چۆن خەڵک لەسەر بیروباوەڕ دەکوژرێت؟ یا لەو سەردەمە وەک ژن، چاوەڕوانیت لێ ناکرێت بیر بکەیتەوە یان بخوێنیت. ئەمە چیرۆکێکی ئاڵۆزە دەربارەی چۆنیەتی ڕزگاربوونی ژنێکی بەهێز لە کۆمەڵگەیەکدا کە دژی ئەو جۆرە ژنانەیە.
ـ کەی بڕیارت دا ببیتە نووسەرێکی هەمیشەیی، واتە نووسەری پیشەی سەرەلکیت بێت؟
فیلیپا گریگۆری: هەرگیز تەواو بڕیارم لەسەر نەدا. کە یەکەم ڕۆمانم نووسی، چاوەڕێم دەکرد کارێکی ئەکادیمیم دەست بکەوێت. بڕیار بوو ببمە مامۆستای مێژوو لە زانکۆ. کاتێک چاوەڕێی چاوپێکەوتنی کار بووم، یەکەم ڕۆمانم نووسی و بڵاوکرایەوە و بووە پڕفرۆشترین کتێب لە ئاستی جیهان. گوتم باشە، بۆ ماوەیەک ئەمە دەکەم. داوایان لێکردم گرێبەستی سێ کتێب واژۆ بکەم، پێم وابوو ئەو سێ کتێبە دەنووسم و دەگەڕێمەوە سەر کارە بنەڕەتییەکەم. بەڵام ئەوە ٣٠ ساڵە من بەمشێوەیە بەردەوامم.
ـ دیمەنی شوێنی کارەکەت چۆنە؟
فیلیپا گریگۆری: لە گوند دەژیم، بەرامبەرم باخچەیەکی بچووکە کە گۆمێکی تێدایە و ئەو مراویانەم تێدا مەلە دەکەن کە خۆم لە ناو هێلکەوە پەروەردەم کردوون. پێنج مراوی بچووکم هەیە. لە پشت ئەو دیمەنەشەوە گردەکانی (نۆرس یۆرک مۆرس – North York moors) دیارە. لە کاتی کارکردندا زۆر بە دەگمەن مرۆڤ دەبینم.
ـ باسی بەرنامەی بەیانیانت بکە.
فیلیپا گریگۆری: هەڵدەستم و نانی بەیانی دەخۆم و دەچمە ژووری خوێندنەکەم. ئەو بەشەی کتێبەکەم دەخوێنمەوە کە دوێنێ نووسیومە و دەستکاری دەکەم. دواتر لەو شوێنەی وەستابووم بەردەوام دەبم، هەرچەندە هەندێکجار دووبارە دەیاننووسمەوە. دەنووسم تا ئەو کاتەی شتێکی تر دێتە پێشەوە کە ناچار بم بیکەم. بە گشتی دەگەمە خاڵێک کە دەڵێم “باشە، بۆ ئەمڕۆ ئەوەندە بەسە”.
ـ هیچ کڵاوێکی جادووییت نییە کە لەکاتی نووسین لە سەری بکەیت؟
فیلیپا گریگۆری: ها! نا، من پێش ئەوەی ببمە ئەکادیمی، ڕۆژنامەنووس بووم، بۆیە ڕاهاتووم لە هەر کات و شوێنێک پێویست بێت بنووسم. تەنها دادەنیشم و دەستپێدەکەم. ئەگەر کارەکە باش نەڕۆیشت، ئەوا کێشەکە لە بابەتەکە یان لێکۆڵینەوەکەیە، نەک لەبەر ئەوەی لە شوێنێکی هەڵە دانیشتووم.
ـ لە ماڵپەڕەکەتدا، کتێبەکانت بەپێی ساڵە مێژووییەکان دابەش کراون. ئایا ساڵەکە هەڵدەبژێریت و دواتر کتێبەکەی لەسەر دەنووسیت؟
فیلیپا گریگۆری: سەرەتا لێکۆڵینەوە دەکەم، چونکە سەرنجم دەچێتە سەر کەسایەتییەک. دواتر لە ناو تەواوی ژیاننامەی ئەو کەسەدا، بڕیار دەدەم کام بەشەی بۆ ڕۆمان دەبێت. ڕۆمان ناتوانێت تەنها باسی لەدایکبوون تا مردن بێت – ئەوە دەبێتە ژیاننامە. بۆ ئەوەی ببێتە ڕۆمان، دەبێت لایەنێکی ژیانیان هەڵبژێریت کە گوزارشت لەوە بکات تۆ چۆن دەیانبینیت، یان چی لە ژیانیاندا جوان و سەرنجڕاکێشە، و ئیش لەسەر ئەوە بکەیت. ئەوەش دیاری دەکات کە ڕۆمانەکە باس لە کام ساڵ دەکات.
ـ سووکەژەمی دڵخوازت چییە؟
فیلیپا گریگۆری: ئای خوایە، نا! ئەوە کوشندەیە! من ژنم؛ دەبێت ئاگاداری کێش و لەشولاری خۆم بم. هەرگیز ناتوانم لە یەک کاتدا بخۆم و بنووسم!
ـ چ دەستەواژەیەک زۆر بەکاردەهێنیت؟
فیلیپا گریگۆری: کاتێک خەریکی نووسینی کتێبێک بووم لەسەر (ماری، شاژنی سکۆتلەندییەکان – Mary, Queen of Scots)، وشەی (deliciously/ تامەزرۆیانە)م زۆر بەکاردەهێنا. هێندەم بەکار هێنا کە وەک خوویەکی پێکەنیناوی لێهات، بۆیە تەرکم کرد و ئیتر ئێستا بەکاری ناهێنم!
ـ حەز دەکەیت چی لەسەر کێلی قەبرەکەت بنووسرێت؟
فیلیپا گریگۆری: “پیر، تەندروست، بەختەوەر”.
تێبینی:
ئەم چاوپێکەوتنە کورت و دەستکاری کراوە.

