مامەیارە ئەحمەد – هەولێر
فابریزیۆ ڕاستیی دەنگۆی گرێبەستێکی ئاڵوگۆڕیی نێوان بەرشە و ئینتەری ئاشکرا کرد
فابریزیۆ ڕۆمانۆ شارەزای بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان و راهێنەران لە ئەورووپا، ڕاستیی ئەو دەنگۆیانەی ئاشکرا کرد کە باس لە ئەنجامدانی گرێبەستی گۆڕینەوەی یاریزانێک لە نێوان بەرشلۆنە و ئینتەرمیلان لە کۆتا کاتژمێرەکانی گواستنەوەی هاوینەدا دەکەن.
ڕاپۆرتەکان باسیان لەوە کردووە، کە فێدریکۆ دیمارکۆ دەگوزارێتەوە بۆ یانەی بەرشلۆنە، لە بەرانبەردا ئەلیخاندرۆ باڵدێ لە هاوینی ئەمساڵدا پەیوەندی بە یانەی ئینتەرمیلانەوە دەکات.
هانز فلیک، راهێنەری یانەی بەرشلۆنە، هیچ دوودڵ نییە لەو گرێبەستە و پێی وایە باڵدی بە زەحمەت دەتوانێت ڕۆڵێکی دیار لەگەڵ یانە کەتەلۆنییەکەدا بگێڕێت.
ڕۆمانۆ لە چەناڵی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی یوتیوب باسی لەوە کردووە: ئەمشەو پرسیاری زۆر لەسەر ئەگەری گۆڕینەوەی گرێبەستی نێوان ئینتەرمیلان و بەرشەلۆنە ورووژێنرا، هەروەها پرسیاری زۆرمان پێگەیشت سەبارەت بە گواستنەوەی لاوتارۆ مارتینێز لەلایەن بەرشلۆنە.
باسی لەوەش کردووە: چەندان پرسی پەیوەست بە بەرشلۆنە و ئینتەر خراونەتە ڕوو لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەدا، بەڵام هەردوو یانە هیچ گرێبەستێکیان لەنێوان یەکتردا نەکردووە، بە تەواوی لە بیری بکەن، هیچ هەلێک نییە و هیچ ئەگەرێک بۆ ئەو گرێبەستە نییە. هەروەها هەمان قسە و ڕاستی لەسەر دۆخی لاوتارۆ مارتینیز ڕاستە.
گوتیشی: هەروەها قسە لەسەر گواستنەوەی ئەلیساندرۆ باستۆنی بۆ بەرشلۆنە کرا لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەدا، بەڵام هانز فلیک بڕیاری دا هیچ پێشکەوتنێک لە گرێبەستەکەی باستۆنی بەدی نەکرێ، لەگەڵ کریستیان ڕۆمیرۆشدا.
باسی لەوەش کرد، ئەمشەو قسە و دەنگۆی زۆر لە نێوان ئینتەر و بەرشلۆنە کرا، بەڵام بیرۆکەی گۆڕینەوەی یاریزان لە نێوان بەرشلۆنە و ئینتەر میلاندا لە بیر بکەن. هیچ ڕووی نەدا و هیچ ڕوو نادات.
ئەستێرەیەکی ئەرژەنتینی گوازرایەوە یانەی چێڵسی
یەکێک لە ئەستێرەکانی هەڵبژاردەی ئەرژەنتین، لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەی ئێستەدا، گوازرایەوە ریزەکانی یانەی چێڵسیی ئینگلیزی.
یانەی چێڵسیی ئینگلیزی، بە فەرمی ڕایگەیاند، کە گرێبەستی لەگەڵ یاریزانی نێودەوڵەتی ئیمیلیانۆ مارتینیز، گۆڵپارێزی یانەی ئەستۆن ڤێلادا واژۆ کردووە و لەمەودوا لە یانە لەندەنییەکە درێژە بە کاروانی پیشەگەریی خۆی دەدات.
یانەی چێڵسی دڵخۆشە بە تەواوکردنی گرێبەستی مارتینیز، کە لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەرژەنتین توانیی مۆندیالی ٢٠٢٢ـدا بباتەوە.
ئەو گۆڵپارێزەی یانەی ئەستۆن ڤێلا، تەمەنی ٣٣ ساڵانە و گرێبەستێکی بۆ ماوەی سێ ساڵ لەگەڵ یانەی چێڵسیدا واژۆ کرد.
دوای ئەو گرێبەستە، مارتینیز، ڕایگەیاندووە: زۆر دڵخۆشم بەوەی لە یانەی چێڵسیم، گواستنەوەم بۆ چێڵسی، بۆ خۆم و ماڵباتەکەم، بڕیارێکی ئاسان بوو، زۆر دڵخۆشم لێرە، ناشتوانم چی دیکە خۆم بگرم تا دەستپێکی کارەکەم.
ئەو گۆڵپارێزەی پێشووی یانەی ئەستۆن ڤێلا، وتیشی: دەمەوێ لێرە سەرکەوتن بە دەست بهێنم، من کەسێکم هەمیشە حەز دەکەم هەموو شتێک ببەمەوە و بکەم، دەشمەوێ خۆم بۆ جێبەجێکردنی ئەم خواستە ئامادە بکەم لە یانەکە، چونکە یانەکە ناسناوەکان دەباتەوە، بۆیە پێم وایە ڕێککەوتنێکی باش بوو.
باسی لەوەش کرد: بە جدی و بە دڵ یاری دەکەم، ئەوەی لە توانامدایە ١٠٠% پێشکەشی دەکەم لە هەموو یارییەک و تەنانەت یەکە مەشقییەکانیشدا، بۆ ئەوەی یانەکە و هاوڕێکانم و هاندەرانم شانازی بکەن.
مارتینیز کاروانی وەرزشی لە تازەپێگەیشتووانی یانەی ئیندیپێندێتی ئەرژەنتینییەوە دەست پێ کرد، دواتر لە ئابی ٢٠١٠ـدا چووە یانەی ئارسناڵی ئینگلیزی، لە کاتێکدا تەمەنی تەنیا ١٧ ساڵ بوو.
مارتینیز لەو ماوەیەدا کە لە تیپی یەکەمی ئارسناڵ بەشداریی کرد، ئەزموونێکی زۆری کۆ کردەوە، پێش ئەوەی ببێتە یاریزانی سەرەکیی ئارسناڵ لە وەرزی ٢٠١٩ – ٢٠٢٠ـدا، کە دوا ١١ یاری بووە سەرەکی و جامی یەکێتیی ئینگلیزیی لەگەڵ یانەکەی بردەوە.
هەروەها لەگەڵ سەرەتای وەرزی دواتر، بە بردنەوەی ناسناوی قەڵغانی کۆمەڵگە دەستی پێ کرد، پێش ئەوەی لە ئەیلوولی ٢٠٢٠ـدا بۆ یانەی ئەستۆن ڤێلا بگوازرێتەوە.
لەو ماوەیەی لە یانەی ئەستۆن ڤێلادا بوو، توانی بوونی خۆی بسەلمێنێ، وەکوو یەکێک لە باشترین گۆڵپارێزەکانی جیهان، لە ماوەی ٦ وەرزدا، ٢٥٦ یاریی بۆ یانەی ئەستۆن ڤێلا ئەنجام دا، لە مانگی ٥ی ڕابردووش ناسناوی خولی ئەورووپای لەگەڵدا بردەوە.
ئەو گۆڵپارێزە یەکەم یاریی نێودەوڵەتیی بۆ ئەرژەنتین لە مانگی مایسی ٢٠٢١ـدا ئەنجام دا، لەو کاتەوە بووە گۆڵپارێزی سەرەکیی ئەرژەنتین و ٦٧ یاریی نێودەوڵەتیی بۆ هەڵبژاردەی وڵاتەکەی ئەنجام داوە.
مارتینیز دوو جار کۆپا ئەمریکای لەگەڵ ئەرژەنتین لە ساڵای ٢٠٢١ و ٢٠٢٤ـدا بردووەتەوە و لەگەڵ تانگۆدا جامی جیهانیی ٢٠٢٢ـی بەرز کردەوە.
دوای ئەو ناسناو و سەرکەوتنانە، مارتینیز خەڵاتی یاشینی پێ درا، کە دەدرێتە باشترین گۆڵپارێزی جیهان لە کاتی ئاهەنگی تۆپی زێڕینی ساڵانی ٢٠٢٣ و ٢٠٢٤ـدا.
سوفیان ئیمبرات چووە یانەی ئەیاکس ئەمستردامی هۆڵەندی
سوفیان ئیمبرات، یاریزانی هەڵبژاردەی مەغریب، بە فەرمی گواسترایەوە ریزی یانەی ئەیاکس ئەمستردامی هۆڵەندی.
یانەی ئەیاکس ئەمستردامی هۆڵەندی، بە فەرمی گواستنەوەی یاریزانی هەڵبژاردەی مەغریب سوفیان ئیبراتی بۆ ریزەکانی یانەکەی ڕاگەیاند.
دوای هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکەی پێشتری کە فەنەرباخچەی تورکییە، بە بۆندێکی ئازاد ئەو یاریزانە پەیوەندیی بە یانە هۆڵەندییەکەوە کرد.
ئیمبراتی تەمەن ٣٠ ساڵان، دەمودەست گرێبەستەکەی چووە واری جێبەجێکردنەوە و تا ٣٠ی مانگی مایسی ٢٠٢٨ بەردەوام دەبێ، کە دوو ساڵە.
ئەو یاریزانە مەغریبییە کاروانە وەرزشییەکەی لەگەڵ یانەی ئۆترێختی هۆڵەندی دەستی پێ کرد، دواتر یاریی بۆ یانەی فیێنۆردی هۆڵەندی کرد. ئینجا بۆ دەرەوەی ئەو وڵاتە گوازرایەوە.
ئەو یاریزانە ئەزموونی یاریکردنی لە یانەکانی کلۆب برۆج، هیلاس فیرۆنا، فیۆرێنتینیا، مانچستەر یونایتد و فەنەر باخچە هەیە.
لە وەرزی ڕابردوودا، ئیمبرات لە ئیسپانیا و یانەی ریاڵ بێتس یاریی کرد. هەروەها لە ئاستی نێودەوڵەتییش بۆ جاری سێیەم لەگەڵ مەغریب بەشداریی مۆندیالی کرد.
جۆردی کرۆیڤ، بەڕێوەبەری هونەریی یانەی ئەیاکس ئەمستردام ڕایگەیاند: ئێمە زۆر خۆشحاڵین کە گرێبەستمان لەگەڵ سوفیاندا واژۆ کردووە، ئەو لە ڕووی جەستییەوە بەهیزە، هەروەها توانایەکی زۆری لە یاریکردن هەیە، ئەزموونێکی فراوانی نێودەوڵەتییشی هەیە. لەگەڵ ئەوەی بە باشتی ئاشنا و شارەزای خولی هۆڵەندایە. بۆیە چاوەڕێ و پێشبینی دەکرێ زۆر بە زوویی خۆی بگونجێن.
وتیشی: ئەو تایبەتمەندییانەی تێدایە کە ئێمە دەمانویست، بۆیە گرێبەستمان لەگەڵدا واژۆ کرد.

