رۆژنامەی ھەولێر

دیپ وێب؛ ماڵپەڕی تاوان.. ئایا کورد گەیشتووەتە ئەو قۆناغە؟

عەلی جاف
تۆڕی تەکنەلۆژیا تا دێت فراوانتر دەبێت و تاوانەکان لە ڕێی ئینتەرنێتەوە ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبن، بەڵام ئەوەی تا ئێستا وڵاتانی سەرقاڵ کردووە و کۆنترۆڵ ناکرێت، بوونی ماڵپەڕێکە کە زۆرترین تاوانی لێ ئەنجام دەدرێت؛ واتە بە جۆرێکە: “پارە بدە و کەسێک بۆ ئەنجامدانی تاوان بەکرێ بگرە”.
لە هەرێمی کوردستان، ئەو تاوانانە کەم نین کە لە ڕێی ئینتەرنێت یان تەکنەلۆژیاوە بە گشتی ئەنجام دەدرێن، بەڵام هێشتا لە چوارچێوەی هەڕەشە، نامە و بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆ تێپەڕی نەکردووە.

پڕیەتی لە قۆڵبڕین
شارەزایەکی تەکنەلۆژیا دەڵێت: “وڵاتانی دنیا ئێستا بەدەست ‘دیپ وێب’ (Deep Web) دەناڵێنن و زۆرترین ئەو تاوانانەی ئەنجام دەدرێن لە ڕێی ئەو وێبەوەیە. ئێستا زۆرێک لەوانەی لە کوردستان بەدواداچوون لەسەر ئەو وێبە دەکەن، دوودڵن لەوەی بچنە ناو ئەو ماڵپەڕانەوە.”

“دیپ وێب” چییە؟
ماڵپەڕێکی ئەلیکترۆنییە، هەر کەسێک بچێتە ناوەکەیەوە دەتوانێت کەسێک بەکرێ بگرێت بۆ ئەوەی تاوانێکی کوشتنی بۆ ئەنجام بدات، بەبێ ئەوەی بزانێت کێیە و تەنیا لەسەر بڕە پارەیەک ڕێککەوتن دەکەن. جیا لە تاوانی کوشتن، زۆرترین گرووپی هاککەر یان دزینی پارەی ئەلیکترۆنی وەک “بیتکۆین” لەو ماڵپەڕانەدا کار دەکەن و مامەڵە لەگەڵ بەکارهێنەران دەکەن.

ئایا چوونی ناو ئەو ماڵپەڕانە سەلامەتە؟
ئێستا لە کوردستان زۆر کەس مێشکی خۆی بەو بابەتەوە سەرقاڵ کردووە؛ ئایا ئەگەر بچێتە ناوییەوە سەلامەتە یان دەگیرێت و تووشی تاوان دەبێت؟ لە ڕاستیدا ئەمە مەترسیدارە و پێویستە ئەو کەسەی دەچێتە ناوییەوە شارەزاییەکی تەواوی لە چەند پرۆگرامێکدا هەبێت.
ماڵپەڕەکان زیاتر بە زمانەکانی (PHP)، (HTML) و (JavaScript) دروست دەکرێن؛ ئەوەی کارنامەی ئەم زمانانەی لای بێت، دەزانێت کە ناتوانرێت لە ڕێی ئەم زمانانەوە هیچ فایلێکی کۆمپیوتەری کەسی بەرامبەر کار پێ بکرێت. بەڵام ئەوانەی لە عێراقەوە کار لەسەر کردنەوەی ئەو ماڵپەڕانە دەکەن مەترسیدارە، چونکە هیچ فلتەرێک بۆ ئەو شوێنانە نییە و پێویستە بەردەوام ناوی “دۆمەین” بگۆڕدرێت. تەنیا ئەوانە دەتوانن بچنە ناو ئەو ماڵپەڕانە کە تۆڕی تایبەت یان “ڤی پی ئێن” (VPN) بەکاردەهێنن.
لە کۆتاییدا، ئامۆژگاری بەکارهێنەرانی ئینتەرنێت دەکەم کە هەرچییەکیان لەو تۆڕانەدا بینی باوەڕی پێ نەکەن، چونکە پڕیەتی لە قۆڵبڕین.