یەڵدا هەرکی
ئەگەر ئەندازەی ئەم جیهانە لارە،
لە تەنگیی کۆڵانێکی بنبەستدا دەتوایەوە،
تۆش،
کوڕی دراوسێی ئەودیوی دیوارەکە بوویتایە…
بە کراسێکی گڕگرتوو لە خۆرەتاو،
بەو دەستانەی کە دواهەمین نیشانەکانی حەوتساڵانەتی و
هەر شەوی ڕابردوو… حەڤدەساڵانی خۆی
لەپشت پەرژینەکە، لە ژێر خۆڵی باخچەکەدا ناشتبوو؛
تا من، ئەو کچە بم کە تەواوی چۆلەکەکانی کۆڵانی بە ڕکابەر دەزانی و،
لەگەڵ سێبەری دارتووەکەی حەوشەکەتاندا لە جەنگدا بوو!
چەندە جوان دەبوو
ئەگەر بەختەوەری
هێندە نزیک بوایە…
دایکەکانمان
جاری وا بوو خوێیان لە یەکدی قەرز دەکرد؛
ئەوسا، دەستاودەستکردنی گۆزە گڵینەکە،
دەبووە بیانوویەک تا
بەرکەوتنی لەپڕی پەنجەکانمان
زەوی بۆ ساتێک لە خولگە گێژەکەی بخات؛
تۆ، گڕکانی لەشتت
دەدایە پاڵ تەنووری گەلاوێژ و
من گۆزەکەم ئەوەندە بە سینەمەوە دەگوشی
تا ترپەی چۆلەکە کێوییەکانی گەرووم
دەستنوێژی شکاوی ئەم ماڵە ئاشکرا نەکەن.
هەتا دەورووبەری نیوەڕۆیەکی کشاو،
کاتێک شێی هەوا بۆنی خەستی باخی دەگرت،
تیرۆژی چاوت کە بەسەر پێستی ئارەقاوییمدا دەخلیسکا،
دڵۆپەکانی سەر پێستم
تامچێژی نۆبەرەی هەنارە کاڵەکانیان دەگرت.
بە دەنگێک کە لە قوڵایی چاڵی ساڵانەوە دەهات، دەتپرسی:
سێوەکانی باخی من کەی پێدەگەن؟
منیش، لە ژێر جۆڵایی شەرمی هاویندا،
کوڵمەکانم،
پێش هەموو درەختەکان سوور دەبوونەوە،
وەک ئەوەی وەرزەکان
ڕازی پێگەیشتنیان
پێش باخ، بۆ باخەڵی من وتبێت…
ئەگەر هێندەی ئەوەی دووریت، نزیک بوویتایە…
لەوانەیە کتێبدارێکی بێدەنگ بووبایت…
گەمارۆدراو لەناو ئەو تۆزەی لە شەبەنگی خۆردا سەما دەکات؛
تا منیش شاعیرێک بم بە بیانووی دۆزینەوەی هەسارەی نوێ،
هەناسەکانم لە کەشی کاغەزە کاهییەکانتدا قەتیس بکەم و
دێڕە سرپییەکانی لاپەڕە شەستونۆ،
بە هێڵی لێوەکانم واژوو…
مەخابن…
ئێمە لە دوو وەرزی دژبەیەکی مێژوودا سەوز بووین؛
تۆ لە بەرزاییەکی تەمگرتوودا
کە تەنانەت هەڵۆش تێیدا لە هەناسە دەکەوێت؛
دوور، سەنگین و شکۆدار…
منیش،
لە کۆتایی هەر ئەم کۆڵانە بنبەستەدا،
لە کەنار حەوزە پیرۆزەییە و دیوارە کاگڵە نمگرتووەکاندا
وا نیشان دەدەم
کە تەواوی خەمم
فەلسەفەی سەرگەردانیی ماسییەکانە…
هەر بەیانییەک کە چاو هەڵدەدەم،
دەبینم دراوسێی دیواربەدیواری من
هێشتا هەر ئەم تەنیاییە سەرکێشەیە؛
لە تەنیشت گۆڵدانێک لە هەزاران خۆزگە
کە هێواشهێواش،
وەک لاولاوێکی برسی،
لە سینەی ئەم ماڵەدا ڕەگی داکوتاوە؛
چاوەڕێی سێبەرێک دەمێنمەوە
کە ڕەنگە لە پشت پەرژینی خەیاڵەوە تێپەڕێت…
کێ دەزانێت؟
لەوانەیە لە پەراوێزی هەر ئەم فیلمە بێڕەنگەدا
بەیانییەک،
لە دەرگای ماڵەکەم بدەیت؛
نیگایەک بڕوانیتە شانە ماندووەکانما و،
بپرسیت:
خاتوون! خوێتان نەبوو؟

