كارزان گلی – ههولێر
محەممەد فاتیح كاجر، وەزیری پیشەسازی و تەكنەلۆژیای توركیا رایگەیاند، توركیا سەركەوتوو بووە لە دروستكردنی كەشتی فڕۆكەهەڵگر و لە ٢٠٢٧دا، ئەو كەشتییە دەكەوێتە ناو دەریا و ئیدی خۆمان كەشتی جەنگی و فڕۆكە هەڵگر دروست دەكەین.
توركیا ماوەیەكی زۆرە گرنگی بە پیشەسازی سەربازی دەدات و پێشتریش بڵاوی كردەوە، تانك و هەلیكۆپتەری خۆیان دروست دەكەن، هەروەها درونی بایڕاكتاریش بە یەكێك لە درۆنە هەرە بەناوبانگەكان دادەنرێت و ئەمجارەیان كەشتی فڕۆكە هەڵگر نیشانی دونیا دەدەن و وەزیری پیشەسازی ئەو وڵاتەش دەڵێت: ”توركیا تەنیا لەڕووی وشكانییەوە خۆی ناپارێزێت، بەڵكوو لە نێوان كێشوەرەكانیش بووەتە ژمارە و حیسابی بۆ دەكرێت.“
لە جیهاندا كەمن ئەو وڵاتانەی خاوەنی كەشتی فڕۆكە هەڵگرن، وەكوو (ئەمریكا، ئیمارات، هیندستان، چین، ئیتاڵیا، رووسیا، ژاپۆن)
ئەوەی بەرپرسیارییەتی ئەو پڕۆژە گەورەیەی هەڵگرتووە هاكان وچارە، كە فەرماندەی هێزە دەریاییەكانی توركیایە و لە مانگی پێنجی ئەمساڵدا لەكاتی بەشداریكردنی لە كۆنفڕانسێكدا، زانیاری لەسەر ئەو پرۆژەیە ئاشكرا كرد.
كەشتییەكە درێژییەكەی ٢٨٥ مەترە، ٧٢ مەتریش فراوانە و ١٠ مەتریش دەچێتە قۆڵایی دەریا و توانای هەیە ٦٠ تەن هەڵبگرێت.
كەشتییەكەی توركیا توانای هەیە ٢٥٠٠ سەرنشین لەخۆی بگرێت و هەروەها ٥٢ فڕۆكەی جەنگیش هەڵدەگرێت و لەوڕووەوە هیچ كێشەیەكی نابێت.
وەكوو ئەوەی وەزیری پیشەسازی و تەكنەلۆژیا باسی دەكات، كەشتییەكە لەڕووی تەكنەلۆژیاوە هەموو شتێكی بۆ دابین كراوە و خاوەن رادارێكی زۆر پێشكەوتووە و چەندین كاری تری تەكنۆلۆژی تێدایە، كە زۆر پێشكەوتووە.
ئەگەر بێت و لە ٢٠٢٧دا ئەو كەشتییە تەواو ببێت، توركیا دەبێت خاوەنی گەورەترین كەشتی فڕۆكە هەڵگر، كە خۆیان دروستیان كردبێت.
رەجەب تەییب ئەردۆغان، لە وتارێكدا باسی لە گرنگی پیشەسازی سەربازی توركیا كرد، ئاماژەی دا دەبێت هەموو گەلی توركیا شانازی بەو كەرتەوە بكات، چونكە خۆمان هەلیكۆپتەر و درون و تانك دروست دەكەین و لە هەوڵی جدیدان تا بتوانین فڕۆكەی جەنگی دروست بكەین.
چەند شارەزایەكی بواری سەربازی پێیانوایە، راستە توركیا تانك و هەلیكۆپتەری جەنگی دروست كردووە، بەڵام باش نین و ناتوانن ركابەری هەلیكۆپتەر و تانكی ئەمریكی و رووسی بكەن، تەنیا درۆنی بایڕاكتار زۆر پێشكەوتووە و چەندین وڵاتی ئەورووپیش داوایان كردوە.
ئەگەرچی توركیا یەكەم كەشتی فڕۆكە هەڵگر دەبێت كە دروستی كردبێت، بەڵام وەكوو ئەوەی وەزیری پیشەسازی باسی دەكات، تا ٢٠٣٢ چەندین كەشتی تریش لەو شێوەیە دروست دەكەن و توركیا لەوڕووە زۆر دەچێتە پێشەوە.
ئەمریكا و چین، زۆرترین كەشتی جەنگی و فڕووكە هەڵگریان هەیە و بەدوای ئەوانیش ژاپۆن و هیندستان و رووسیا و ئیسپانیا دێت.
جیا لە كەرتی پیشەسازی، توركیا خاوەنی دروستكردنی سەیارەی (TOGG)ە، كە لە توركیا بەرهەم دێت و ئەردۆغان پێشكەشی چەندین سەرۆكی وڵاتانی كردووە، بەڵام وەكوو ئەوەی میدیاكانی توركیا باسی دەكەن، هەموو ئەو ئەندازیارنەی ئەو سەیارەیەیان دروست كردووە ئیتاڵین و توركی نین، بۆیە ناكرێت توركیا شانازی بەبەرهەمهێنانی ئەو سەیارەیەوە بكات.

