رۆژنامەی ھەولێر

بۆ حەمەسەعید حەسەن

زانا خەلیل
من لە ئەڤین لەدایکبووم، بۆیە هەر زوو عاشقی حەرف و وشە بووم، دواتر شیعر بووە ماڵم، بووە جوگرافیا و نیشتمانم، بووە خەون و بووە هەناسەهەڵکێشان و هەناسەدانەوەم. شیعر بووە دیرۆک و باڵم. من بۆ شیعر ژیام، لەناو شیعر ژیام، بۆ شیعریش دەمرم. من (حەمەسەعید حەسەن)ی شاعیرم.

من کە گوزارشتی خراپ و بیری خراپ و بەگشتی خراپە لەم دنیایەدا دەبینم، هەموو هەوڵم بۆ ئەوەیە: بە چەکوشی نوور، شاخی سەهۆڵبەندانی دەیجوور و تاریکی وردوخاش بکەم، من ڕەخنەگرێکی ڕووناکم، بەدوای ڕۆشنکردنەوەی بیری تاریک و کرداری تاریکەوەم. من چرام لەناو شەوەزەنگدا. من (حەمەسەعید حەسەن)ی ڕەخنەگرم.

پێم خۆش نییە هەر خۆم بە تەنیا لەزەت لە بەرهەمەکانی دوورگەی داهێنەرانی دنیا ببینم، كونفوشیوس و مەولانا و ئیبن عەرەبی و نازم حیکمەت و دەروێش و سەدانی دیکەتان بۆ تەرجەمەی کوردی دەکەم، تا ئێوەش وەک من لەزەت و جوانییان لێ ببەن. من بەخشندەم و میهرەبانیش. من (حەمەسەعید حەسەن)ی وەرگێڕم.

ڕقم لەوانە دەبێتەوە کە نە کوردی دەزانن، نە ڕێنووس و خاڵبەندی، خۆیشیان لا نووسەرە. من (حەمەسەعید حەسەن)ی پارێزەری زمانی کوردیم.

من لە ڕۆژە تاریکەکاندا دژی داگیرکەرانی کوردستان بووم، بە ڕۆژی ڕووناکیش دژی داگیرکەر و داپلۆسێنەرەکانم، من حەزم لە ئاسمان و باڵە. من ( حەمەسەعید حەسەن)ی ئازاد و ئازادیم.

ئێستا سەرووی حەفتا ساڵم، بەڵام بیرم لە حەڤدە ساڵییەک تیژتر و کارکردنم زیاتر، من تا مردنم بە عەشقەوە لەپێناو خزمەتکردنی ئێستەتیک و ئەدەبیاتی جوان و مرۆڤایەتیدا بەردەوام دەبم، من (حەمەسەعید حەسەن)ی ئینسانم، ئینسانێکی گەورە.