عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا
دڕندەیی لەڕووی زمانەوانی و چەمکسازییەوە ئاماژە بە دڵڕەقیی لەڕادەبەدەر، توندوتیژیی ئەنقەست، و داماڵرانی مرۆڤ لە بەها مرۆییەکان دەكات؛ ئەو چەمکە لە چەندین سیاقدا دەردەکەوێت کە دیارترینیان سیاقی ئەخلاقی، هونەری و کۆمەڵایەتییە؛ هەر بەو مانایەش لە فکری مۆدێرندا، دڕندە بەرهەمی نەزانی یان خەیاڵپڵاوی نییە، بەڵکو ئامرازێکی مەعرفییە بۆ دیاریکردنی سنوورەکانی مرۆڤبوون، ئەخلاق، و دەسەڵات. زیگمۆند فرۆید پێی وایە دڕندە شتێکی نامۆ و بە تەواوی دەرەکی نییە، بەڵکو بەشێكی ترسناک و سەرکوتکراوەی دەروونی خۆمانە کە ناتوانین دان بە بوونیدا بنێین و دەیخەینە دەرەوەی خۆمانەوە. دڕندە ئەو شتەیە کە لە دەروونی خۆماندایە و لێی دەترسین و بەسەر کەسانی تردا دەیسەپێنین.
فەیلەسوفە مۆدێرنەکان، چەمکی دڕندەیان بۆ تێگەیشتن لە پێکهاتەی کۆمەڵگا و دەسەڵاتی سەرکوتکاریی بەکارهێناوە؛ میشێل فوکۆ دڕندە وەک لادان لە یاسای سروشتی دەبینێ و ڕوونی دەکاتەوە کە لە سەرەتای مۆدێرنیتەدا، “دڕندە- ئەخلاقی یان جەستەیی” بە کەسێک گوتراوە کە سنووری یاساکانی سروشت و کۆمەڵگای بەزاندبێت، بەو مانایەش دڕندەیی وەكـ هەڕەشە بۆ سەر نەرمی و یاسا کۆمەڵایەتییەکان تەماشا كراوە؛ بۆیە دەسەڵات ئامرازی دادوەری و پزیشکی بۆ ڕێكخستن و کۆنتڕۆڵکردن یان پەراوێزخستنی بەکار هێناوە، هەموو ئەو بەكارهێنانانە لە فکری (لیۆتار و ئەدۆرنۆ)ی پۆستمۆدێرندا بەو مانایە دێ کە مۆدێرنیتە نەیتوانیوە دڕندەیی لە مرۆڤایەتی بكاتەوە، بەڵكو هاتووە لە (نەخۆشخانە، زیندان، کەمپی لەناوبردن، چەکی ناوەکی)دا ڕێکیخستۆتەوە.
لە کتێبی «دروستکردنی دڕندەکان: سایكۆلۆژیای لێسەندنی سیفەتی مرۆڤبوون»ی “دەیڤد لیڤینگستۆن سمیس” و وەرگێڕانی بۆ زمانی عەرەبی “سلمی الحافی” و بڵاوكردنەوەی لە “دار الساقی- ط1 2025″؛ پێی وایە چیتر دڕندە بوونێكی سروشتی نییە، بەڵکو بەرهەمی پرۆپاگەندە و مێشکی کلتوورییە؛ واتە بۆ ئەوەی مرۆڤ مرۆڤێكی دیكە بتوێنیتەوە یان گروپێكـ جینۆسایدی گروپێكی دیكە بكات، لە سەرەتادا پێویستە لە چاوی کۆمەڵگادا بیانکەیتە “دڕندە”، بیانكاتە بوونەوەرێک کە لە “هۆشیاریی گشتی”دا لە هاوپۆلی مرۆڤ دەرکراون و بەردەوام بۆ سەر مرۆڤ مەترسیین. (دەیڤد لیڤینگستۆن سمیس- لەدایکبووی ٢٦ی ئەیلوولی ١٩٥٣) فەیلەسوف، نووسەر، و مامۆستای زانکۆی نیو ئینگلاند لە ئەمریکا وەک یەکێک لە دیارترین بیرمەندە هاوچەرخەکان، لە توێژینەوە فەلسەفی و دەروونناسییەكانیدا خۆی بۆ تێگەیشتن لە چەمکەكانی لێسەندنی سیفەتی مرۆڤبوون، رەگەزپەرستی، خەڵەتاندنی خۆ، و ئایدۆلۆژیای کۆمەڵکوژی و جەنگ… تەرخان کردووە، بەوەی چۆن مرۆڤی ئاسایی دەبێتە ئامرازی تاوانکاری و کۆمەڵکوژی؟! بەپێی تێزەکانی ئەو، بۆ ئەوەی کۆمەڵگایەک یان سوپایەک بەرامبەرەکەی بکوژێت، سەرەتا پێویستە لەڕووی کۆمەڵایەتی و ڕەمزییەوە لە هاوپۆلی مرۆڤ دەریانبهێنێت و وەک “دڕندە” یان “مەترسیی نا-مرۆیی” نیشانیان بدات؛ ئەگەرچی لەو حاڵەتەدا مرۆڤ تووشی نێودژیی دەبێتەوە، واتە لە مێشکی ئەو كەسەی بەرامبەرەكەی دەكات بە دڕندە، بەرامبەرەکەی لە هەمان کاتدا هەم مرۆڤە (لەڕووی جەستەیییەوە) و هەم ناوەرۆکێکی نادیار و دڕندانەی هەیە؛ ئەم هاودژییە دەروونییە لە خەیاڵدانی گشتیدا دروستكردنی وێنەی دڕندەیە و بەخشینییەتی بە ئەویدیكەی دوژمن.
لێسەندنەوەی سیفەتی مرۆڤبوون
بێگومان مێشکی مرۆڤ کاتێک تاوان یان ڕەگەزپەرستی بەرامبەر ئەویدیكە، گرووپێک دەکات؛ رووبەڕووی پرسیارێكی سەرەکی دەبێتەوە: چۆن مرۆڤێک لە هەمان کاتدا “مرۆڤە” و “دڕندە”یە؟ هەڵبەتە لەلایەک دەزانێت ئەو کەسە لەڕووی جەستەییەوە مرۆڤە، بەڵام لەلایەکی ترەوە پێی وایە لەڕووی ناوەرۆکەوە خاوەنی سروشتێکی مەترسیدار و نا-مرۆییە. ئەم ململانێ دەروونییە، بەرامبەرەکە بە «دڕندە» و تووندوتیژكەر دەبینێت— کە هەم هاوشێوەی مرۆڤە و هەم هەڕەشەیەکی نادیار و سەیری هەیە!. کتێبەکە ڕوونی دەکاتەوە کە چۆن دەسەڵاتدار، سیاسی، و ئایدۆلۆژیاکان هەڵدەدەن زمانی نەرێنی و خوازە بۆ دەستکاریکردنی هۆشیاری خەڵکی بەکاربهێنن!. بۆ نموونە: بەکارهێنانی وشەی وەک: «مێروو»، «ڤایرۆس»، «نەخۆش»، یان «مەترسی بۆ سەر ڕەگەز»… ئەم وشانە وا لە کۆمەڵگا دەکات سڕکردنی بەزەیی بەرامبەر گرووپی بەرامبەر بە ڕەوا بزانن. ئەو جۆرە زمانە سوود لە ترسە سەرەتایی و بە نەریتكراوەكانی دەروونی مرۆڤ وەردەگرێت بۆ بنیادنانی وێنەی کیانێک کە تەنیا ناخرێتە پلەیەکی نزمترەوە، بەڵکو وەک بوونەوەرێکی ڕیشەیی جیاواز وێنە دەکرێت کە سەر بە جۆری ئێمە نییە!.
ئەم فەیلەسوفە سەرنجمان بۆ ئەوە ڕادەکێشێت کە لە هەندێک سیستمدا، مرۆڤ وەک ڕاستییەکی بیۆلۆژی سەیر ناکرێت، بەڵکو وەک بەهایەکی هێمایی ژێر دەستەڵاتی پێوەرەکان دەبینرێت. نە هەموو جەستەکان هەمان پێگەیان پێ دەبەخشرێت و نە هەموو ڕۆحەکانیش وەکو یەک مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت. بەم مانایە، کۆمەڵکوژی تەنیا بەرهەمی ڕق و کینە نییە، بەڵکو بەرهەمی سیستمێکی تەواوکاری خەیاڵکردنی هێماییە، کە ڕەوایی بە کوشتن دەبەخشێت، وەدەرنان دەکاتە فەزیڵەت و دڕندەییش دەکاتە پێویستی.
كەواتە بێبایەخکردنی نەریتی کە خەڵکی دەخاتە پلە نزمەکانەوە، بۆ دروستکردنی پروپاگەندەیەکی کۆمەڵکوژیی گشتگیر بەس نییە. بەڵكە پێویستی بە دروستکردنی وێنەیەک هەیە کە “ئەوی تر” نە هەر تەنیا وەک پەراوێزخراو نیشان بدات، بەڵکو وەک تۆقێنەر، نائاسایی، و تێپەڕێنەری سنوری مرۆڤبوون… وێنەی بکات. ئەو کەسەی سیفەتی مرۆڤبوونی لێ دەسێنرێتەوە، وەک کەسێکی نوقسان سەیر ناکرێت، بەڵکو تەواوی تایبەتمەندییە مرۆییەکانی لێ دەسێنرێتەوە.
لێرەدا دڕندە بەرهەمی نەزانی یان خەیاڵپڵاوی نییە، بەڵكو وەک ڕاوەستاوترین و بەردەوامترین وێنەی دروستكراو لە خەیاڵدانی مرۆڤدا دەڕوێنرێتەوە. بوونەوەرێک کە بۆ یاسا مل کەچ ناکات و بەهاکان نایوەستێنن، و دەمانەوێت لێی ڕزگاریان بین، بەڵام نەک بەهۆی ئەوەی هەڵەی کردووە، بەڵکو لەبەر ئەوەی سەر بە ئێمە نییە. بەمجۆرە داماڵینی سیفەتی مرۆڤبوون لە ئەنجامی نەزانین نایەت، بەڵکو لە ڕێڕەوە خەیاڵکراوەکانەوە سەرچاوە دەگرێت کە ڕەگی قووڵی لە کلتوور و لە ناوەوەی خۆماندا هەیە؛ ئەم ڕێڕەوانەش تەنیا کار لەسەر چەمکەکان ناکەن، بەڵکو وێنە و نوێنەرایەتی حەزی هێمایی بەرهەم دەهێنن کە لە خەیاڵدانی بەکۆمەڵدا هەڵدەکۆڵرێن، و بوونەوەرەکانی شێواندن، نامۆیی، و لادانی ئەخلاقی و جوانکاری دروست دەکەن. بەمجۆرە داماڵین لە مرۆڤبوون تەنیا نەزانین نییە بەرامبەر ڕاستیی ئەوی تر، بەڵکو کارێکی خەیاڵکردنی ئاڵۆزە کە فۆرمێکی مەعریفی، هەستیاری، و جوانکاری وەردەگرێت.
لێرەوە دەكرێ لە دڕندەیی تێبگەین، چێژ لە ئەشکەنجەدان، و بەکارهێنانی ئامرازەکانی ڕسوایی وەرگرین. بە دیوەكەی دیكە توندوتیژی بەرامبەر ئەویدیكە مرۆڤ ئامراز نییە، بەڵکو خۆی ئامانجە. کاتێک کەسێک بە تەواوی لە مرۆڤبوونی دادەماڵرێت، ئیتر ئەشکەنجەدانی تەنیا ئامرازێک نییە، بەڵکو لە خۆیدا دەبێتە ئامانج. واتە سووکایەتیپێکردن و شێواندن دەبێتە ڕێگایەک بۆ ڕاگەیاندنی سەرکەوتنێکی هێمایی بەسەر “بوونەوەرە دڕندە”كاندا. بەم جۆرە، كێشانی وێنەی دڕندە تەنیا ئامانجی کەمکردنەوەی پێگەی ئەوی دیكە نییە، بەڵکو سەرلەنوێ بەرهەمهێنانەوەیەتی وەک مەترسییەکی ڕیشەیی بەرگەنەگیراو.
کوشتنی مۆراڵ
کوشتنی مۆراڵی چەمکێکی فکری و دەروونناسی-سیاسییە؛ ئاماژەیە بۆ ئەو پرۆسە ئایدۆلۆژی و هۆشیارییەی کە تێیدا تاوانی کوشتن و کۆمەڵکوژی لە فۆرمی تاوانێکی قێزەونەوە دەكات بە “ئەرکێکی ئەخلاقی”، “کارێکی مەزن” یان “پێویستییەکی بەرگریکارانە” و هەرگیز بکوژەکە خۆی بە تاوانبار یان سادیست نازانێت، بەڵکو بڕوای وایە کە کردەوەیەکی پیرۆز یان بەرگریکارانە لەپێناو ڕەگەز، نەتەوە، یان ئایینەکەی ئەنجام دەدات. ئیتر کوشتن و جینۆساید وەک بێڕێزیکردن بەرامبەر بە ڕەوشتی مرۆڤایەتی سەیر ناکرێت، بەڵکو دەبێتە ئەرکێک بۆ پاککردنەوە، بۆ پاراستنی کۆمەڵگا لە “مەترسی یان پاشەڕۆ”… بەمجۆرە تاوانە گەورەکانی مێژوو مەرج نییە لەلایەن کەسایەتیی سادیستی یان ڕادیکاڵەکانەوە بەجێهێنرابن.
(هانا ئارێنت) چیرۆکی دادگاییكردنی “ئادۆڵف ئایشمان” دەگێڕێتەوە كە ئەفسەرێکی پلە ناوەندی نازییەکان بوو، ئەو بکوژێکی مەیدانی نەبوو کە بە دەستی خۆی چەک بگرێت. ئەو چیڕۆكە یەکێکە لە دراماتیكیترین و کاریگەرترین ڕووداوەکانی سەدەی بیستەم کە هانا ئارێنت هەر دوو چەمكی «تەقلیدیبوونی شەڕ» و «غیابی بیرکردنەوە» لێ بەرهەمهێناوە. «تەقلیدیبوونی شەڕ- واتە سڕبوونی هەستەکان و لەدەستدانی هەستیاری بەرامبەر بە تاوان یان نادادپەروەری» و «غیابی بیرکردنەوە- واتە نەبوونی توانای دادوەریی ئەخلاقی و ڕەخنەیی بەرامبەر بەو فەرمان و نۆرمانەی كە لە دەسەڵاتەوە دێن».
ئارێنت دەڵێت “ئایشمان” تووشی “غیابی بیرکردنەوە” بووبوو، بەڵام مەبەستی ئەوە نەبوو کە ئایشمان کەسێکی بێمێشک یان گەمژە بێ؛ بەڵکو مەبەستی ئەوە بوو کە توانای بیرکردنەوەی سەربەخۆ و ڕەخنەیی لەکار کەوتبوو. چونكە ئەو نەیدەتوانی لە شوێنی بەرامبەرەکەی (قوربانییەکان) دابنیشێت و لە ڕوانگەی ئەوانەوە لە ئەنجامی کردەوەکانی خۆی بڕوانێت؛ پێی وابوو ئەو تەنها ئەركی خۆی پیادە كردووە، واتە پشتی بە «پاکانەی عەقڵانی» دەبەست! هەڵبەتە ئەرکی سەرەکیی ئایشمانیش ڕێکخستنی شەمەندەفەر و گواستنەوەی ملیۆنان جولەکە بوو لە سەرانسەری ئەوروپاوە بۆ کەمپەکانی لەناوبردن. ئایشمان هەمیشە لە بەرامبەر دادگادا دەیگوت: «من بکوژ نیم… من تەنیا فەرمانەکانم جێبەجێ کردووە. من فەرمانبەرێک بووم کە یاسام جێبەجێ کردووە.» لەو خاڵەوە ئارنێت پێی وایە زۆرجاران كۆمەڵكوژی لەلایەن مرۆڤی ئاسایی و پابەندەوە ئەنجام دەدرێت، مرۆڤێكـ کە ملکەچی فەرمانەکانە و بڕوای وایە ئەرکی خۆی جێبەجێ دەکات. بەو مانایە ئارنێت پێی وایە کۆمەڵکوژییەکان پێویستیان بە دڕندەی دیار نییە، بەڵکو پێویستیان بە مرۆڤانێکی گۆێڕایەڵە… بەڵام دەیڤد لیڤینگستۆن سمیس ڕەخنە لە هانا ئارێنت دەگرێ و پێی وایە، کوشتن تەنیا بەهۆی گوێڕایەڵی یان ڕۆتینەوە ڕوو نادات، بەڵکو بەهۆی پێکهاتەیەکی کلتووریی خەیاڵکراوەوەیە کە قوربانی وەک بوونەوەرێکی نا-مرۆیی بەرهەم دەهێنێتەوە. کاتێک ئەوی تر لە مرۆڤبوونی دادەماڵرێ، کاتێک بەرامبەرەکە (قوربانی) لەڕێگای زمانی میدیا و پرۆپاگەندەوە ڕووت دەکرێتەوە لە سیفەتی مرۆڤبوون (کتوپر دەبێتە ژمارە، دەبێتە مەترسی)، ئیتر تۆڕە دەماریی و دەروونییەکانی هاوسۆزی لە مێشکی بکوژدا دەکوژێنەوە؛ لێرەوە کوشتن دەبێتە کارێکی سارد، بێهەستكردن بە تاوان… ئیتر ڕێگریی ڕەوشتی دەڕووخێت و كۆدێكی هێمایی جێگەی دەگرێتەوە کە ڕایدەگەیەنێت کۆمەڵکوژی نە کارێکی قێزەونە، بەڵکو ئەرکێکی ڕەوشتییە! ئیتر داماڵینی تەواوەتی ڕوو دەدات، بۆیە کوشتن وەكـ کارێکی دژە-ڕەوشتی تەماشا ناكرێت، بەڵکو ئەرکێکی پاککەرەوەییە، بەوەش قووڵیی هێمایی و خەیاڵدانی تاوانەکە فەرامۆش دەكرێ؛ واتە تەنیا “غیابی بیرکردنەوە” و گوێڕایەڵی بەس نییە، كە ئارێنت بڕوای پێیە، بەڵکو دەبێت پێشتر لەڕێگای ئایدۆلۆژیا و زمانەوە قوربانییەکە لە مێشکی بکوژەکەدا وەک “دڕندە یان پەتا” دروستکرابێت تا کوشتنەکەی ببێتە ئەرکێکی پاککەرەوەیی (تطهیری)، بەو مانایەش کتێبەکەی سمیس لەڕووی دەروونی و جەماوەریییەوە پێماندەڵێت: “لێسەندنی سیفەتی مرۆڤبوون” لەو ڕاهێنانەوە دێ كە کەسانێکی تر بە مرۆڤ نەزانین!.
کۆمەڵکوژی لەڕێگای زمانەوە
بێگومان کۆمەڵکوژییەکان لە زمان جیا ناكرێنەوە، بەڵکو بە زمان دروست دەکرێن. چونكە زمان تەنیا پێش کردەوە ناکەوێت، بەڵکو ڕێگا بۆ بەرهەمهێنانەوەی كردەوەكانیش خۆش دەکات. زمان تەنیا ڕێگا بۆ پەڕینەوەی ماناکان خۆش ناكات، بەڵکو ڕاستییەکان سەرلەنوێ دروست دەکاتەوە، و نەخشەی ئەخلاقی بەرهەم دەهێنێتەوە کە بەشێکی زۆری لە دانپێدانانی خەڵکەوە دەكەوێتەوە. کاتێک ئەوی تر وەک مەترسییەکی بوونیی یان کیانێک وەسف دەکرێت، ئیتر ئەو وەسفانە ناكەونە دەرەوەی تێگەیشتن و دانوستاندنەوە، بەڵكو دەبنە ڕاستیەیەکی خەیاڵکراو کە ئەستەمە تانەیان لێ بدرێت. واتە کاتێک ئەوی تر وەک هەڕەشەیەک نیشان دەدرێت، ئیتر کوشتنی ئەو، كوشتنی کردەوەیەک نییە پێویستی بە بەڵگەهێنانەوە هەبێت، بەڵکو دەبێتە پێویستییەکی خۆپارێزی.
زمان لەم بەکارهێنانەدا، وێنەی حەزی بینراو و خوازەیی بەرهەم دەهێنێت و پێکهاتەیەکی هەستیار دروست دەکات، کە لەڕێگایەوە نیشاندانی ئەوی تر لەسەر شێوەی پەتا، دڕندە، زیانبەخش یان لادان دروست دەکرێتەوە. بەمجۆرە (وتار) دەبێتە ئامرازێک بۆ بەرهەمهێنانی جیاوازیی ڕیشەیی لەنێوان ناسیار (خۆ) و نەناسراو (ئەوی تر)، و کوشتن دەبێتە ئەنجامێکی لۆژیکی.
کاتێک “بکوژ” دەکرێتە “پاڵەوان” و “قوربانی” وەک “ناپاک” وێنە دەکرێت و دەبێت بسڕێتەوە، ئیتر سنوورەکانی نێوان یاسا و تاوان، نێوان ڕەوشت و کۆمەڵکوژی تێکدەچێت. ئەو میکانیزمە هەمیشە پشت بە فێڵی زمانەوانیی دەبەستێ و دووبارە دەبێتەوە: وەسفکردن، سادەکردنەوە، گشتگیریکردن، و دەستەواژەكانی وەک مەترسیی بوونی، نەخۆشی، دوژمنی ناوخۆیی، و مەترسیی لەپڕ… بۆ وێنەکردنی كەسێ، گرووپێ وەک سەرچاوەیەکی بەردەوامی مەترسی نانەوە، بەکاردێت. زمان لەم جۆرە بەكارهێنانەدا بایەخ بە قەناعەتپێکردن نادات، بەڵکو ترس کەڵەکە دەکات، و دەستدرێژی دەکاتە کردەوەیەکی بەرگریکارانە.
لێرەدا مردن وەک کارەسات دەرناکەوێت، بەڵکو وەک پێویستییەک سەیر دەکرێت. قوربانی لە گێڕانەوەی ئەو زمانەدا دەرناكەوێت؛ بەڵكو وندەبێت و لە حیكایەتەكاندا دەسڕێتەوە. کاتێک زمان وشە ڕاستەقینەکان دەسڕێتەوە، ئیتر قوربانییەکانیش لە مێژوو و حیکایەتەکاندا دەسڕێنەوە؛ تەنانەت لە یادەوەریی کۆمەڵگاکەشدا ناویان ناکەوێتە خانەی “ستەملێكراو”ەوە، بەڵکو دەبێتە “پەڵەیەکی ڕەش” کە سڕینەوەی وەكـ پێویستی سەیر دەكرێت. هەڵبەتە ئەوە قێزەونترین جینۆساید یان سەرکوتکاری، سڕینەوەی جەستەیی قوربانیی نییە، بەڵکو سڕینەوەی هۆشیاری و مێژووی قوربانییە كە لەڕێگای زمان و فاشییەتی زمانەوە پەیڕەو دەكرێت. زمان وا دەکات کۆمەڵگا مردن بە زەروری بزانێت، بەم جۆرە “تاوانبار” نەک هەر لە سزا ڕزگاری دەبێت، بەڵکو وەک “رزگارکەر” نیشان دەدرێت و قوربانییەکەش بۆ هەمیشە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا دەسڕدرێتەوە. لەو حاڵەتەدا فاشییەتی زمان وەكـ ڕۆڵان بارت ناوی دەنێت، نیشانی دەدات كە ڕاستی مەحاڵە بتوانێ دەست لە ڕاستەقینە بدات!. بەمجۆرە فاشییەتی زمان دەبێتە ئامرازی شاردنەوەی ڕاستی! لێرەوەیە لاكان دەڵێ: (من هەمیشە ڕاستی دەڵێم؛ بەڵام نە هەمووی، چونكە گوتنی هەمووی مەحاڵە. گوتنی هەمووی لەڕووی مادییەوە مەحاڵە: پیت و وشەکان کەم دەکەن. هەر لەڕێگای ئەم مەحاڵەبوونەوەیە کە ڕاستی دەست لە “ڕاستەقینە” دەدات.) بەڵام با چەمكی زمان ئامرازی وەسفکردن و ڕاستی و مەحاڵیش بێ… هەمیشە لەبەرامبەر زماندا چەمكی “مرۆڤبوون” مافێکی ڕەسەن و جێگیرە و ناکرێت دانوستانی لەسەر بکرێت یان هیچ مرۆڤێکی لێ بێبەش بکرێت.

