په‌یامى نێچیرڤان بارزانى له‌ یادى ڕێككه‌وتنى 11ى ئازاردا

ئه‌مڕۆ په‌نجا و دوو ساڵ به‌سه‌ر ده‌ستكه‌وتێكى‌ مێژوویى و هه‌ره‌ دیارى گه‌لى كوردستاندا تێده‌په‌ڕێت كه‌ ڕێككه‌وتنى 11ى ئازارى 1970ى نێوان حكوومه‌تى ئه‌وساى عیراق و شۆڕشى مه‌زنى ئه‌یلووله‌ به‌ ڕێبه‌رایه‌تیى بارزانیى نه‌مر.

ڕێككه‌وتنى 11ى ئازار گرنگترین ده‌ستكه‌وتى مێژووى نوێى تێكۆشانى ئازادیخوازیى گه‌لى كوردستانه‌ كه‌ بووه‌ یه‌كه‌م به‌ڵگه‌نامه‌ى یاسایى و دانپێدانان به‌ مافه‌ ڕه‌واكانى. هه‌رچه‌نده‌ ده‌سه‌ڵاتى ئه‌وساى عیراق دواتر له‌ ڕێككه‌وتنه‌كه‌ په‌شیمان بووه‌وه‌، به‌ڵام بووه‌ هۆى ناساندنى دۆزى گه‌لى كوردستان له‌سه‌ر ئاستى جیهان و بنه‌مایه‌ك بۆ ده‌سكه‌و‌ته‌كانى دواترى له‌ ڕاپه‌ڕین و دامه‌زراندنى قه‌واره‌ى ده‌ستوورى و فیدرالیى هه‌رێمى كوردستان.

ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتى ئه‌وساى عیراق ڕێزى له‌ ڕێككه‌وتنه‌كه‌ بگرتایه‌، وڵات و داهاتووى نه‌وه‌كانى له‌ چه‌ندین شه‌ڕ و مه‌ینه‌تى ده‌پاراست و ئێستا عیراق به‌ ته‌واوى وڵاتێكى دیكه‌ى سه‌قامگیر و ئاوه‌دان و پێشكه‌وتوو ده‌بوو. ئێستاش ده‌بێ هه‌موومان له‌ عیراق په‌ند له‌و وانه‌یه‌ وه‌ربگرین و به‌ پاراستنى فیدرالیزم و مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانى هه‌موو پێكهاته‌كانى عیراق، ئێستا و داهاتوویه‌كى باشتر بۆ نه‌وه‌كانمان دابین بكه‌ین.

له‌م یاده‌دا سڵاو و دروود بۆ گیانى پاكى شه‌هیدانى كوردستان ده‌نێرین و به‌ شكۆوه‌ یادیان ده‌كه‌ینه‌وه‌. با ئه‌م یاده‌ بكه‌ینه‌ هانده‌رى پێكه‌وه‌یى و ته‌بایى و یه‌كڕیزیى گه‌لى كوردستان كه‌ ئه‌وساش سه‌ركه‌وتن و ڕێككه‌وتنى 11ى ئازارى لێكه‌وته‌وه‌، هه‌ر به‌وه‌ش ده‌توانین مافه‌كان و ئێستا و داهاتووى قه‌واره‌ى ده‌ستووریى هه‌رێمى كوردستان بپارێزین.

نێچیرڤان بارزانى

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان

ھەواڵی زیاتر