بەرپرسێكی وەزارەتی بازرگانی ئاشكرای كرد، لە ئەمڕۆوە دەست بە دابەشكردنی ئاردی هاووڵاتییان كراوە و سەرەتای هەفتەی داهاتوو لە هەولێر و سلێمانیش دابەش دەكرێت.
نەوزاد شێخ كامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند: “بەشەئاردی یەکەمی ئەمساڵ لە ئەمڕۆوە لە دهۆك دەست بە دابەشکردنی كراوە، لە هەولێریش لە یەكشەممەی داهاتوو دەست پێ دەكات، لە سلێمانیش بەهەمان شێوە لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو دابەش دەكرێت”.
جەختی كردەوە، لە هەموو هەرێمی كوردستان بەشەئاردی یەكەمی ئەمساڵ دابەش دەكرێت.
ئەوەشی خستە ڕوو، دوای تەواوبوونی بەشەئاردی یەکەم، ڕاستەوخۆ بەشی دووەمیش دەست پێ دەکات، گوتیشی: “بەشەئاردی یەكەمی ئەمساڵ بەردەوام دەبێت و نازانین چەند رۆژی پێدەچێت، بەڵام دوای تەواوبوونی، بەشەئاردی دووەمیش دەست پێ دەكات”.
مانگانە تەنیا لە هەولێر 20 بۆ 22 هەزار تەن گەنم دەدرێتە ئاشەكان، بۆ ئەوەی بكرێتە ئارد و بدرێتە بریكارەكانی خۆراك.
دوێنێ چوارشەممە 9ی ئادار، وەزارەتی بازرگانی ئاشكرای كرد: “دوای دوو ڕۆژ لە ناردنی گەنم بۆ کارگەی بێتواتە و هاڕینی، ئەمڕۆ تێستیان کرد و نانیان لێی دروست كرد، دەرکەوت ئاردێکی بەپێزە و لە ڕووی تەندروستیشەوە بۆ بەکارهێنان شیاو و گونجاوە”.