پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

12مین فێستیڤاڵی ئازادی و نەورۆز لە هەولێر بەڕێوەدەچێت

سبەی 12مین فێستیڤاڵی ئازادی و نەورۆز لە هەولێر دەستپێدەکات و تا 20 مانگ بە چەندین چالاکی جۆراوجۆر بەردەوام دەبێت.

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: “دوای ئەوەی چەند ساڵێک فێستیڤاڵی ئازادی نەورۆز لە شارەکەمان ئەنجامنەدرا، ئەمساڵ بەرنامەڕێژی کرا کە جارێکی دیکە ئەو فێستیڤاڵە بەڕێوەبچێت”.

گوتیشی: “لە سبەی 11ی ئازار یادی 31 ساڵەی ئازادکردنی هەولێر چالاکییەکانی 12مین فێستیڤاڵی ئازادی و نەورۆز لە هەولێر دەستپێدەکات، فێستیڤاڵەکە هەمەجۆرە و سوپاسی لیژنەی سەرپەرشتیاری فێستیڤاڵ دەکەین، کە ئامادەکاری باشیان کردووە و ژمارەیەکی زۆر لە هونەرمەند ئامادەی دەبن و بڕگەی جیاواز لە فێستیڤاڵەکەدا هەن، ئێوارەی رۆژی 20ی ئادار لەگەڵ هەڵکردنی مەشخەڵی ئاگری نەورۆز فێستیڤاڵەکە کۆتایی پێدێت”.

 ئومێد خۆشناو، راشیگەیاند: “لەماوەی ئەو چەند رۆژەدا 23 چالاکی جۆراوجۆر لە هەولێر ئەنجامدەدرێن، چالاکییەکان هونەری و وەرزشین و ژمارەیەک زۆر لە هونەرمەندە بە ئەزموونەکان بەشداری دەکەن، نزیکەی 2500 کەس لە چالاکییەکان بەشدار دەبن”.

ئاماژەی بەوەشکرد: “یەکەم چالاکی فێستیڤاڵ بە دانانی بەردی بناغەی پەیکەری شەهید ( خەجە باوە) دەستپێدەکات و هەموو رێوشوێنی ئەمنی گیراوەتەبەر و هەموو ئاسانکارییەک بۆ هاووڵاتییان و گەشتیاران کراوە”.

رۆژی 11/3/1991، خەڵکی هەولێر بە پشتیوانی مەفرەزەکانی پێشمەرگە دژی رژێمی بەعس راپەڕین و لە ماوەیەکی کەمدا شارەکەیان ئازاد کرد.

(خەجە باوە)، یەکێک بوو لە ژنە تێکۆشەرەکانی هەولێر و کوردستان، وەک سیمبولی قارەمانیی ژنانی کورد ناوی دەبرێت، لە راپەڕینی 1991ی گەلی کورد لە هەولێر شەهیدبوو.

بەگوتەی کەسە نزیکەکانی لە رۆژی راپەڕینی هەولێر، پێش ئەوەی پێشمەرگە بگاتە ناو هەولێر خەجە باوە لەناو شار هاتووەتە سەر شەقامەکان و خەڵکی بۆ راپەڕین هانداوە، جاشەکان لەسەر شەقامی 60 مەتری و لە نزیک ھۆڵی زەرد دەیانەوێت رێگای لێ بگرن، تەقەی لێ دەکەن و گولـلەیەک بەر دەستی دەکەوێت، بەڵام ئەو ناوەستێ و بە برینداری هێرش دەکاتە سەریان، خەڵکی دیکەش راپەڕیون، هاوکات ژمارەیەک لە جاشەکان بە قسەی خەجە باوە چەکەکانیان دادەنێن و دێنە بەرەی خەڵکی هەولێر. خەجە باوە لە پێشەوەی ئاپۆڕای خەڵک دەڕوات و بە گەڕەکەکانی هەولێردا دەسوڕێنەوە، کاتێک دەچنە سەر بینای پارێزگای هەولێر، پیاوانی بەعس دەزانن خەجە باوە کاریگەری زۆری بەسەر خەڵکەوە هەیە بە قەناس تەقەیان لێ کردووە و شەھیدیان کرد”.