هاووڵاتیانی سنووری ماددەی ١٤٠ دڵخۆشن بە سەرکەوتنی پارتی

بەپێی ئەنجامە بەراییەکان پارتی دیموکراتی کوردستان ٣٢ کورسی پەرلەمانی عێراقی مسۆگەر کردووە و کێبڕکێ لەسەر چەند کورسییەکی دیکەش دەکات، هاووڵاتیانی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکان کە دەکەونە سنووری ماددەی ١٤٠، دڵخۆشن و بەبۆنەی سەرکەوتنی کاندیدانی پارتی لەو ناوچانە ئاهەنگی سەرکەوتن دەگێڕن.

لە پارێزگای کەرکووک پارتی دوو کاندیدی هەبوو، هەر دوو کاندیدەکە توانیان بە دەنگێکی باش سەرکەوتن بەدەست بهێنن و بگەنە پەرلەمانی عێراق، لە پارێزگای نەینەوا کە ٣١ کورسی بۆی داناوە، پارتی توانیویەتی ٩ کورسی بەدەست بهێنێت، زۆرترین کورسی لە دەشتی نەینەوا بەدەست هێناوە، کورسییەکانی دیکەشی لە شنگال و مەخموور بوونە”.
لەزگین لیاس، کەسایەتیی دەشتی نەینەوا، بۆ “هەولێر” دەڵێت: “حزبێک رەگ و ریشەی لەناو ناخی جەماوەردا بێت زۆر ئەستەمە بەهیچ رەشەبایەک هەڵبتەکێنرێت، پیرۆزباییەکی گەرم لە خەڵکی ناوچە کوردستانییەکان دەکەم، چونکە ئەگەر پارتی سەرکەوتنی لەو ناوچانە بەدەست نەهێنابایە، ژیانمان دەکەوتە مەترسییەوە و، رۆژانە ئاوارە و دەربەدەر دەبووین”.
خدر مەحموود، لە شنگالەوە، بۆ “هەولێر” گوتی: “پارتی لە شنگال نییە، بەڵام بەرگریی لە شنگال کردووە، شەهیدی داوە، بۆ ئەوەی شنگال ئازاد بێت، هەر بۆیە دەنگم بە کاندیدانی پارتی دا بۆ ئەوەی ناوچە کوردستانییەکان، بەتایبەتی شنگال بگەڕێتەوە سەر هەرێمی کوردستان، چونکە ئەو ناوچانە داگیر کراون، تا نەگەڕێنەوە سەر هەرێمی کوردستان، ئێمە وەکو خەڵکی ئەو ناوچانە بە ئاسوودەیی ناژین و هەر ئاوارە و دەربەدەر دەبین.
نەجوا کاکەیی، کاندیدی دەرچووی پارتی لە کەرکووک، بە “هەولێر”ـی گوت: “سوپاسی خەڵکی کەرکووک دەکەین کە دەنگیان بە کاندیدەکانی پارتی دا، بەڵێن دەدەین کە ببینە نوێنەری راستەقینەی ئەوان و دەنگی خەڵکی کەرکووک بە هەموو پێکهاتەکانەوە بگەینە شوێنی مەبەست”.
محەمەد خورشید، بەرپرسی لقی ٣ی پارتی لە کەرکووک، رایگەیاند، سوپاسی متمانەی خەڵکی کەرکووک دەکەین، دوو کاندەکەی پارتی لە هەردوو بازنەییەک و دوو لە کەرکووک سەرکەوتوون، شاخەوان عەبدوڵڵا، بە زیاتر لە ٣٠ هەزار دەنگ و یەکەمی سەر ئاستی کەرکووکە و نەجوا حەمید کاکەی، بە زیاتر لە ١٠ هەزار دەنگ سەرکەوتووە”.
بەرپرسی لقی ٣ی پارتی لە کەرکووک، ئاشکراشی کرد:” هەڵوێستەکانی پارتی و سەرۆک بارزانی لەسەر کەرکووک وای کرد کە خەڵک دەنگ بە پارتی بدەن، خەڵکی کەرکووک سەلماندیان کە پارتی و کەرکووک کەس ناتوانێت لێک جیایان بکاتەوە.
رێبوار تاڵەبانی، راوێژکاری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ “هەولێر” دووپاتی کردەوە:” سەرکەوتنی کورد لە کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دیکە سەرکەوتنە بۆ هەموو کورد، ئەوانەی دەچنە بەغدا پەیامێکی پیرۆزیان لەسەر شانە دەبێتیەکهەڵوێست بن، دەبێت کێبڕکێ بکەن لەسەر بەدەست هێنانی مافەکانی خەڵکی کوردستان، بەتایبەتی لە ناوچە کوردستانییەکان”.
ئەو راوێژکارەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دەشڵێ:” هەر حزب و لایەنێک بیەوێت مافەکانی خەڵکی کوردستان بەدەست بهێنێت، خەڵک پشتگیری لێ دەکات لەم هەڵبژاردنەشدا بەروونی دیار بوو”.