رۆژنامەی ھەولێر

وەرگێڕ؛ وەک ناسنامەی تێکست چەند سەرنجێکی کورت

 

 

ئارام کۆشکی

کاتێک سەرنجی بەشێکی زۆر لە کتێبی ئینگلیزیی و زمانە ئەوروپییەکان دەدەین، بە دەگمەن ناوی وەرگێڕ دەبینین لەسەر بەرگی کتێبەکان نووسرابێت، بەشی هەرە زۆریان تەنها ناوی نووسەر لەسەر بەرگە، بەڵام لە وڵاتە ڕۆژهەڵاتییەکاندا بەتایبەت سەرنج لە هەر سێ نەتەوەی “عەرەبی، فارسی و کوردی” بدەین دەبینین کە ناوی وەرگێڕ هاوشانی ناوی نووسەر نووسراوە، یان لەسەر زۆربەی بەرگی کتێبەکان هەیە. هەر بۆیە لە وڵاتە ڕۆژهەڵاتییەکاندا بەتایبەتی لە وڵاتانی عەرەبیزمان و فارسیزمان و کوردستاندا زۆرجار وەرگێڕێک دەبێتە ناسنامەیەکی نوێ بۆ تێکست لە زمانەکەدا. کەمنین ئەو وەرگێڕانەی کە خوێنەر بە متمانەی زۆرەوە کتێبەکانیان دەکڕێت، واتە هەر کتێبێک ناوی ئەو وەرگێڕەی لەسەر بێت، ئەگەر حەز بە شێواز و تەکنیکی ئەو نووسەرەش نەکات لەبەر وەرگێڕەکە و تایبەتمەندی وەرگێڕانەکە، خوێنەرەکە ئەو کتێبە دەکڕێت و ئەمەم لە چەندین نموونەی ڕاستەقینەدا بینیوە.
لە ساڵی ڕابردوودا وەرگێڕانێکی نوێی ڕۆمانی “ساڵی هەرا”ی عەباسی مەعرووفی بە وەرگێڕانی مامۆستا “عەبدوڵڵا حەسەن زادە” لە دەزگای ئایدیا بڵاوکرایەوە. ئەم ڕۆمانە نزیکەی 20 ساڵ لەمەوبەر بۆ یەکەمجار لەلایەن “محەمەد کەریم”ـەوە، چاپ و بڵاوکرایەوە و پێشوازییەکی زۆر باشی لێ کرا، هەر ساڵی ڕابردوو لەلایەن وەرگێڕێکی دیکەشەوە هەمان کتێب بڵاوکرایەوە، بەڵام دەنگدانەوەیەکی ئەوتۆی نەبوو، بەڵام بڵاوکردنەوەی وەرگێڕانەکەی مامۆستا “عەبدوڵڵا حەسەن زادە” دەنگدانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا و هەر زوو چاپی یەکەمی تەواو بوو و چاپی نوێ کرایەوە. من دڵنیام ئەوەی ئەم کتێبەی کردە پڕفرۆش تایبەتمەندی وەرگێڕانەکەی مامۆستا عەبدوڵڵا بوو، نەک شتێکی دیکە. بە وردبوونەوە لەم دیاردەیە ئەوە ڕوون دەبێتەوە، کە زۆرجار وەرگێڕێک دەبێتە ناسنامەیەکی نوێ لەو زمانەدا بۆ تێکستێک.
لە زمانی فارسیدا محەمەد قازی و سروشت حەبیبی و عەبدوڵڵا کەوسەری، سێ لەو وەرگێڕانەن، کە من ئاشنایانم و خاوەنی تایبەتمەندی و شێوازی تایبەتی وەرگێڕانن و خوێنەران بە متمانەوە ناویان لەسەر هەر بەرهەمێک بێت بێ دوودڵی دەیکڕن و دەیخوێننەوە. لە جیهانی عەرەبیدا ساڵح عەلمانی و سامی دڕووبی دوو لەو وەرگێڕە بەناوبانگانەی ئەدەبیاتن، کە جێگە متمانەی خوێنەرانن و شاکارە بەناوبانگەکانیان کردووە بە عەرەبی.
ماوەیەکی زۆرە کەڵکەڵەی دووبارە خوێندنەوەی ڕۆمانی “تاوان و سزا”ی فیۆدۆر دۆستۆیڤسکیم کەوتووەتە سەر، لەگەڵ ئەوەی سێ وەرگێڕانیم هەیە، بەڵام مەیلم هەر بۆ لای یەکەم وەرگێڕانی دەچێتەوە کە مامۆستا ڕەووف بێگەرد، بەر لە 20 ساڵ کردوویەتی و کاتی خۆی هەر ئەوم خوێندەوە. دوای دوو وەرگێڕانی تر و شرۆڤە، هێشتا لای من “تاوان و سزا” ناسنامەکەی هەر بە وەرگێڕی یەکەمینییەوە ماوە کە ڕەووف بێگەردە. بێگومان من لە نرخی کاری وەرگێڕەکانی تر کەم ناکەمەوە، بەڵام ئێمە باس لە دیاردەیەکی نێو دونیای وەرگێڕان دەکەین، کە وەرگێڕ دەبێتە ناسنامەی تێکست.
یەشار کەمال لەو نووسەرانەیە، کە بە وەرگێڕانی مامۆستا شوکر مستەفا تاڕادەیەکی زۆر ناسنامەی وەرگرتووە، هەرچۆن عەلی ئەشرەف دەروێشیان وەرگێڕانەکەی مامۆستا عەزیز گەردی ناسنامەیەتی. هاوکات تیۆدۆر کالیفاتێدیش-ی نووسەری یۆنانی سویدینووس بە وەرگێڕانی دلاوەر قەرەداغی بۆن و بەرامەیەکی تایبەت و ناسنامەیەکی نوێی هەیە، کە چەشنی سێینەکەی ماکسێنس فێرمین کە ئازاد بەرزنجی کردوویەتی بە کوردی. ئەمانە ئەگەرچی وەرگێڕی تریش کاری تێدا کردوون، بەڵام ناسنامەیان بەناوی ئەو دوو وەرگێڕەوەیە.
یۆستاین گاردەر لەو نووسەرانەیە کە یەکەمجار بە وەرگێڕانی بەهرۆز حەسەن هاتە نێو زمانی کوردییەوە و ئەم وەرگێڕە بە خوێنەری کوردی ناساند و شەش بەرهەمی وەرگێڕا و دواتر بەهۆی ناجێگیریی تەندروستییەوە پرۆژەکەی وەستا، بەڵام لە دوای ئەم وەرگێڕەوە دوو سێ وەرگێڕی دیکە کاریان لەسەر بەرهەمەکانی ئەم نووسەرە نەرویجییە کردووە، بەڵام هیچ کامیان نەیانتوانی ببنە ناسنامەیەکی نوێ بۆ گاردەر و ئەو هەر لەڕێگەی یەکەم وەرگێڕیەوە دەناسرێتەوە کە بەهرۆز حەسەنە.
لێرەوە تێدەگەین زمان و تێکست لەڕێگەی وەرگێڕەوە جارێکی دیکە لەدایک دەبێتەوە و هەر وەرگێڕە و بەپێی پاشخانی مەعریفی و زمانیی بۆن و بەرامەیەکی تایبەت دەدات بە تێکست، هەر ئەمەشە دەبێتە ناسنامەیەکی گرنگ، کە خوێنەر بەرەو لای خۆی پەلکێش دەکات.