نووری بێخاڵی
لە جیهانبینیی شاعیرانی کلاسیکی کورددا، سروشت و دیاردەکانی تەنیا ڕووداوێکی فیزیکی یان دیمەنێکی بێگیان نین، بەڵکوو هێما و نیشانەیەکن (آیة) بۆ تێگەیشتن لە نهێنییەکانی بوون و پەیوەندیی نێوان دروستکراو و دروستکەردا.
قەسیدەی “ئاڤ”ی فەقێ تەیران، یەکێکە لە شاکارە هەرە بڵندەکانی ئەدەبی عیرفانیی کوردی (کرمانجیی ژووروو)، کە تێیدا ئاو لە شلەیەکی زیندەیییەوە دەبێتە هێمایەکی وجودی، عاشقێکی سەرگەردان و ڕێبوارێکی هەمیشەییی ڕێگای مەعریفەت.
ڕیتمی جوڵە و زمانی دیالۆگ
لە ڕووی زمانییەوە، دەقەکە لەسەر بنەمای (دیالۆگ و پەیوەندی) بونیات نراوە. فەقێ تەیران لە دەقەکەیدا شێوازی گفتوگۆ بەکار دێنێت، شێوازێک کە تێیدا گۆشەنیگای دەق لە نێوان شاعیر (پرسکار) و ئاو (وەڵامدەرەوە)دا دابەش دەبێت. کردەی جوڵە و شڵەژان لە وشەکانی (تێی و تێی، بێی و بێی، گەڕ، فەتل، رەقس، شەپۆل) و دووبارەبوونەوەی پیتە بەرزەکان (ئاڤ و ئاڤ)، وێنەیەکی هاڕمۆنی دروست دەکات کە ڕێک لەگەڵ شەپۆلدان و خولانەوەی ئاودا دەگونجێت. دەقەکە لە ڕێگای زمانی حاڵەوە (ئەزمانێ حال) قسە دەکات؛ واتە ئاو بە زمانێکی فیزیکی نا، بەڵکوو بە جوڵە و دۆخی خۆی نهێنییەکان دەدرکێنێت، ئەمەش وا دەکات زمانی شاعیر لەگەڵ ڕیتمی سروشتدا بگاتە لوتکە.
پرسی سەرەتای بوون و توخمەکان
لە گۆشەنیگای فەلسەفییەوە، قەسیدەکە بە قووڵی پەیوەستە بە فەلسەفەی (ماتریالیزم) و تەورەی چوار توخمەکە (ئاو، با، خاک، ئاگر). فەقێ تەیران لەم دەقەیدا ڕووبەڕووی پرسیارە بنەڕەتییەکانی وجود دەبێتەوە: ئاخۆ ئاو (حادس/دروستکراوی کاتییە) یان (قەدەم/هاوبەشە لە ئەزەلیەتدا؟
شاعیر ئاماژە بە چەمکی (عەرش) دەکات کە لەسەر ئاو بووە “عەرشێ خودێ ل سەر تەبوو”، ئەمەش ئاماژەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆ دەقە پیرۆزەکان و تەوەرەی دروستبوونی گەردوون. ئاو لێرەدا وەک جەوهەرێک دەردەکەوێت کە سەرچاوەی ژیانە بۆ هەموو زیندەوەر، ڕووەک و گیاندارەکان. بوونی ئاو، بوونێکی شڵەژاو و ناکامڵە، بەردەوام لە گەڕاندایە بۆ گەیشتن بە شوێنی ڕەسەنی خۆی، ئەمەش ڕەنگدانەوەی پرسی سەربەخۆیی و پووچیی ڕاوەستانە لە فەلسەفەی وجودیدا.
سەمای عیشق و حەسرەتی وەسڵ
جەوهەری هەرە دیاری ئەم قەسیدەیە، عیرفانییەتێکی داگیرساوە. ئاو لە دیدی فەقێ تەیراندا تەنیا شلەیەک نییە، بەڵکوو عاشقێکی مەست و (سەوداسەر)ە. هۆکاری بێ ئارامی و شڵەژانی ئاو، حەسرەتی عیشق و دوورییە لە مەحبووبی حەقیقی (خودی پەروەردگار). ئاو لەناو زەینی شاعیر و دەقەکەدا بەرگی لووتبەرزی ڕاماڵیوە، “بێ لباس و کسوەت”ە و ڕووت و ڕەجاڵ لە شەپۆلدان و سەما دایە؛ ئەمەش هێمایە بۆ وەستان لە دۆخی (فەنا) و خۆڕووتکردنەوە لە هەموو بەستەرە مادییەکان بۆ گەیشتن بە (بەقا).
زیاد لەوە، زیکری بەردەوامی ئاو “دەنگێ تە تێ ب رۆژ و شەڤ؛ زکرێ دکی ب حالەتێ”، هێمای تەسبیحاتی تەکوینیی گەردوونە. شاعیر خۆی لە ئاودا دەبینێتەوە “رەنگ شوبهەتێ قەلبێ منێ”؛ بەجۆرێکی وا وێنای دەکات کە هەردوولایان تووشی دەردی غوربەت و سەوداسەری ڕێگای مەعریفەت بوون. لە کۆتاییدا، ئاو وەکوو هێمایەک بۆ “کەنزا قودرەت” و یەکێک لە توخمەکانی خەلق، پەیامی ئەوە دەدات کە جیهان هەمووی لە گەڕان و دۆشدامان بۆ زاتی حەق.
بەکورتی و بەکوردی؛ شاکاری (ئاڤ)ی فەقێ تەیران، بەیەکگەیشتنی ئەدەب، فەلسەفەی سروشت و عیرفانە. شاعیر لەو شاکارەیدا توانیویەتی دیاردەیەکی سروشتی بکاتە ئاوێنەیەک بۆ تێڕامان لە حەقیقەتی بوون و دروستبوون. ئاو لەم قەسیدەیەدا دەبێتە ڕێبوارێک کە بە زمانی جوڵە و زیکر، چیڕۆکی عیشقی ئەزەلیی ئینسان و گەردوون بۆ سەرچاوەی یەکەم دەگێڕێتەوە.

