رۆژنامەی ھەولێر

لە رۆژهەڵاتی کوردستان شانۆگەریی (بێدەنگ) بۆ گێڕانەوەی ئازاری کۆڵبەران نمایش دەکرێت

عەبدولغەفار عەبدوڵڵا – هەولێر

 

شانۆگەریی “بێدەنگ”، کە لە نووسین و دەرهێنانی سۆران حوسێنییە و بە شێوازێکی جیاواز و پانتایی، باس لە کۆڵبەری و ئازار و خەباتی ئەو مرۆڤانە دەکات، لە رۆژهەڵاتی کوردستان، بڕیارە ٢٨ـی مانگی ئابی ٢٠٢٦ لە کرماشان نمایش دەکرێت و دوایی دەچێتە مەریوان.

سۆران حوسێنی، دەرهێنەری ئەو شانۆگەرییە گوتی: ئەم شانۆگەرییە لەلایەن گروپی نێودەوڵەتی شانۆی زێد و بە نووسین و دەرهێنانی خۆم پێشکەش دەکرێت و لە چوارڕێی شەبڕەنگی کرماشانەوە دەست پێ دەکات و لە هەشت بەش بەردەوام دەبێت؛ هەر بەشێک جیهان و دۆخێکی تایبەتی خۆی هەیە و بەشێک لە چیرۆکی گشتیی شانۆگەرییەکە دەگێڕێتەوە، تا گەشتە شانۆییەکە لە کۆتاییدا بە دەریاچەی زەریبار لە مەریوان دەگات.
گوتیشی: ئەم شانۆگەرییە تەنیا هەوڵێک نییە بۆ باسکردنی کۆڵبەری، بەڵکو ئامانجمان ئەوەیە بینەر لە ناو رووداوەکەدا دابنێین. ئێمە تەنیا باس لە کۆڵبەری ناکەین؛ هەوڵ دەدەین بینەر لەگەڵ خۆمان ببەینە ناو رووداوەکەوە. بینەر تەنیا سەیرکەر نییە، بەڵکو لەگەڵ ئەکتەرەکاندا دەڕوات و لە هەر بەشێکی رێگەکەدا رووبەڕووی دۆخێکی نوێ دەبێتەوە.
ئەو دەرهێنەرە باس لە گرنگیی ئەو شانۆگەرییە دەکات و دەڵێت: ئەم شانۆگەرییە بە شێوەیەک داڕێژراوە کە جەستە و بێدەنگی ببنە سەرچاوەی گێڕانەوە، لەگەڵ میوزیکی زیندوو و وێنە کە هەستی بینەر بە جیهانی کۆڵبەرەکان نزیک دەکەنەوە. لە پشت هەر بارێکەوە مرۆڤێک هەیە؛ مرۆڤێک کە خەون، خێزان، هیوا و مافەکانی خۆی هەیە. ئێمە دەمانەوێت بینەر تەنیا ئەمە نەبینێت، بەڵکو هەستی پێ بکات.
ئەوەشی گوت: ئەم گەشتە شانۆییە نزیکەی دوو سێ سەعات بەردەوام دەبێت و نزیکەی ٨٥ هونەرمەند، لەوانە بازیار، ئەنجامدەرانی شانۆی فیزیکاڵ و گروپی میوزیکی زیندوو، بەشداریی تێدا دەکەن.
دەربارەی ئامانج و مەبەستی شانۆگەرییەکە، سۆران حوسێنی دەڵێت: مەبەستی شانۆگەرییەکە تەنیا پیشاندانی ئازاری کۆڵبەر نییە، بەڵکو کردنەوەی گفتوگۆیەکی کۆمەڵایەتییە لەسەر ژیان و کەرامەتی مرۆڤ، بۆ ئێمە تەنیا نمایشێک نییە؛ بەڵکو گفتوگۆیەکە لەگەڵ کۆمەڵگە. گفتوگۆیەک دەربارەی ژیان، ئازار، کەرامەتی مرۆڤ و ئەو مافانەی کە هەموو مرۆڤێک شایستەیەتی.
سۆران حوسێنی باس لە گرنگیی میوزیک لەو نمایشە دەکات و دەڵێت: لە بەشی میوزیکی ئەم شانۆگەرییەش هێمن ئەنساری و محەمەد رۆزخۆش بەشداری دەکەن، بۆ ئەوەی دەنگ و میوزیک ببێتە بەشێکی گرنگ لە دروستکردنی کەشی نمایشەکە.
سۆران حوسێنی ئاماژەی بەوەش دا: ناوی “بێدەنگ” خۆی پەیامێکی گرنگ هەڵدەگرێت؛ چونکە لەو شوێنەی وشەکان ناتوانن هەموو ئازارەکان بگێڕنەوە، جەستە، جوڵە و بێدەنگی دەبنە زمانی گێڕانەوە. دەمانەوێت بینەر تەنیا نمایشەکە نەبینێت؛ بەڵکو لەگەڵیدا بڕوات، هەستی پێ بکات و دوای کۆتایی نمایشەکە، هێشتا بیر لەوە بکاتەوە کە چی بینیوە.