وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، رێنمایی ژمارە 8ی ساڵی 2026ـی تایبەت بە جێبەجێکردنی “رێبەری سەلامەتی گشتی” دەرکرد، کە ئامانجی پاراستنی گیان و سامانی هاووڵاتییان و چەسپاندنی ستانداردە جیهانییەکانی سەلامەتییە لە پڕۆژە و دامەزراوە جیاوازەکاندا.
بەگوێرەی رێنماییەکی نوێی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، لێژنەیەکی باڵا لە وەزارەت و چەندین لێژنەی لاوەکی لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان پێکدەهێنرێن بۆ چاودێریکردن و جێبەجێکردنی مەرجەکانی سەلامەتی.
بەگوێرەی ئەو رێنماییانە، پڕۆژەکان لە قۆناخی نەخشەسازی، دروستکردن و دوای تەواوبوون پابەند دەکرێن بە جێبەجێکردنی مەرجەکانی سەلامەتی و ساڵانە چوار جار پشکنینی خولییان بۆ دەکرێت.
خاڵە سەرەکەییەکانی ڕێنماییەکە:
یەکەم؛ سەلامەتی سووتەمەنی و گاز: مەرجی توند بۆ سیستەمی گازی LPG لە شوێنە نیشتەجێبوون و بازرگانییەکان، وێستگەکانی سووتەمەنی و دانانی سیستەمی ئاگادارکردنەوە و کوژاندنەوەی ئاگر دیاریکراوە.
دووەم؛ گواستنەوەی ماددە مەترسیدارەکان: تانکەرەکانی گواستنەوەی سووتەمەنی و ماددە کیمیاییەکان دەبێت خاوەنی کۆدی تایبەت و تابلۆی ناسنامە بن و ساڵانە پشکنینی هونەرییان بۆ بکرێت.
سێیەم؛ کۆمەڵگەکانی نیشتەجێبوون: هەر کۆمەڵگەیەکی نیشتەجێبوون کە ژمارەی یەکەکانی لە 1,000 یەکە زیاتر بێت، پێویستە بنکەیەکی بەرگریی شارستانی، ئۆتۆمبێل و ستافی پێویستی بۆ دابین بکرێت.
چوارەم؛ تیمەکانی پاراستنی خود: فەرمانگە و پڕۆژەکان دەبێت تیمی تایبەتیان هەبێت و لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی بەرگریی شارستانییەوە راهێنانیان پێ دەکرێت بۆ کاتی رووداوەکان.
رێنماییەکە خشتەیەکیشی بۆ رسووماتی پشکنین و سزاکان داناوە؛ رسووماتی پشکنینی هەر پڕۆژەیەک 250 هەزار دینارە، لە بەرامبەردا سزای پابەندنەبوون بە مەرجەکانی سەلامەتی 500 هەزار دینار و سزای نەبوونی تابلۆی ناسنامە لەسەر تانکەرەکان 200 هەزار دینار دیاریکراوە.
پەیمانگای بەرگریی شارستانی راسپێردراوە خولی راهێنانی ئاستی A و B بۆ کارمەندانی تیمەکانی پاراستنی خود لە کەرتی گشتی و تایبەت بکاتەوە، بە مەبەستی بەرزکردنەوەی تواناکانیان لە رووبەڕووبوونەوەی ئاگرکەوتنەوە و فریاگوزاری سەرەتایی.

