ئاریان دەرگەڵەیی – هەولێر
پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەدەبیاتی سیاسی و دیدگای فەرمیی خۆیدا، بەردەوام جەخت لەسەر گرنگی و پێگەی ستراتیژیی مامۆستا دەكاتەوە وەك كۆڵەكەیەكی سەرەكی لە پەروەردەكردنی نەوەكاندا و، پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی و گەشەپێدانی كۆمەڵگە.
سەلاح حەمید خۆشناو شارەزا لە بواری پەروەردە و بەرپرسی لیژنەی ناوچەی ئاراس-مامۆستایان لە دیمانەیەكیدا لەگەڵ “هەولێر” باس لە دیدگای پارتی دیموكراتی كوردستان دەكات كە چۆن دەڕوانێتەوە ڕۆڵی مامۆستا
سەرەتا ئەو تیشك دەخاتە سەر رۆڵی مامۆستا و كە چۆن كاریگەری لەسەر گۆڕانكاری كۆمەڵایەتی و هۆشیاری نەتەوەیی دەكات، ئەو پێی وایە كە مامۆستایان ئەركیان تەنها پێدانی زانست نیە، بەڵكو پێشەنگی هۆشیاریی نەتەوەیی و نیشتمانین. كاتێك مامۆستایان سەرەڕای كێشەی دارایی و لۆجیستیک و، نەبوونی هۆكارە پێشكەوتووەكانی خوێندن، هێشتا بە دڵسۆزییەوە دەچنە پۆل و هەوڵ دەدەن نەوەیەكی هۆشیار و نیشتمانپەروەر “”پێبگەیەنن، ئەوە گەورەترین بەڵگەیە كە ڕۆحی نەتەوایەتی لای مامۆستایان وەك مامەڵەیەكی ئەخلاقی و پیرۆز ماوەتەوە، نەك تەنها وەك پیشەیەك بۆ بژێوی ژیان. لە مێژووی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی كورددا، مامۆستایان هەمیشە ڕۆڵی كاریگەریان هەبووە لە پاراستنی زمان و كولتوور، و پارتیش ئەم ڕۆڵە مێژووییە بەرز دەنرخێنێت. لە گشت بۆنە بۆنەكانیشدا ئەو بابەتە بە گرنگییەوە باس كراوە. مامۆستا كۆڵەكەی سەرەكیی پرۆسەی پەروەردەیە. پەرەپێدانی كەرتی پەروەردە و سەركەوتنی هەر چاكسازییەك لەم بوارەدا، سەبارەت بە پشتیوانیكردنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ماف و شایستە داراییەكانی مامۆستایان، )سەلاح حەمید( پێی وایە كە پارتی (بە تایبەت لە ڕێگەی ڕێكخراوی پیشەیی خۆیەوە وەك یەكێتی مامۆستایانی كوردستان) هەمیشە ڕایگەیاندووە كە پێویستە ژیان و گوزەرانی مامۆستایان لە ئاستێكی شایستەدا بێت تا بتوانن ئەركی پیرۆزی خۆیان بەباشی جێبەجێ بكەن. ئەگەرچی بە هۆی قەیرانی داراییەکەی ئەو ساڵانەوە، مووچە و مافیان ئاستەنگی تێ کەوتووە، پارتی هیچ كاتێك پشتی مامۆستایانی بەرنەداوە، خەمی مامۆستایان خەمی پارتی بووە و پارتی بەردەوام دووپاتی دەكاتەوە كە دابینكردنی مووچە و ئیمتیازاتی مامۆستایان لە پێشەوەی كاریاندایە. لە خراپترین دۆخە داراییەكانیش پارتی هەوڵی داوە كە گرنگی بە دۆخی ئابووریی مامۆستایان بدرێت.
دەربارەی ڕۆڵی مامۆستا لە پاراستنی سەقامگیری و ئارامی ناوماڵی كوردی، سەلاح حەمید پێی وایە كە مامۆستایان لە ڕێگەی ناوەندەكانی خوێندنەوە، ڕۆڵی ئەرێنی دەگێڕن لە چاندنی تۆی پێكەوەژیان و ئارامی، لێبوردەیی و خۆشەویستی و تەبایی بۆ نیشتمان لە نێوان قوتابیاندا، بۆیە دەتوانرێت بگوترێت كە پارتیمان وەها سەیری مامۆستا دەكات وەك “ئەندازیاری بنیادنانی مرۆڤ و نەتەوە”
ئەو بەرپرسەی پارتی پێی وایە كە خۆشەویستییەكی لەڕادەبەدەر لە نێوان پارتی و مامۆستادا هەیە و لە ڕوانگەی فەرمی و سیاسییەوە، بەڵێ، پارتی دیموكراتی كوردستان هەمیشە لە وتار، ناوەندی حزبی و بەرنامەكانیدا بە شانازی و ڕێزێكی زۆرەوە باسی مامۆستایان دەكات و ئەوان وەك “پێشەنگی كۆمەڵگە” و “فریاد رەسی نەوەكان” ناو دەبات.
سەلاح حەمید پێی وایە كە ڕۆڵی مامۆستا لە زیندووڕاگرتن و گەشەپێدانی ڕۆحی نەتەوایەتیدا لە چەند خاڵێكی گرنگ خۆی دەبینێتەوە. كە ئەوانیش پاراستنی زمان وەك كۆڵەكەی ناسنامە وەكو دەزانرێت زمان گەورەترین و گرنگترین توخمە بۆ ناسنامەی هەر نەتەوەیەك. لەو قۆناغانەی كە كورد ڕووبەڕووی سڕینەوەی كولتووری و قەدەغەكردنی زمان بووەتەوە، مامۆستایان بوون كە بە نهێنی یان بە ئاشكرا، پیتی كوردی و ئەدەبیاتیان بە نەوەی نوێ ناساند، ئەمە شایانی دەستخوش لێكردنە. خاڵێكی دیكە چاندنی تۆیی نەتەوەیی و هەروەها خاڵێكی دیكە مامۆستا وەك پێشەنگی شۆڕش و ڕاپەڕینەكان لە مێژووی سیاسیی كوردستاندا، مامۆستایان هەمیشە لە ڕیزی پێشەوەی بزووتنەوە ڕۆشنبیری و چەكدارییەكان بوون. زۆرێك لە كەساییەتییە ناسراوەكان، نووسەر و شاعیرە گەورەكانی كورد لە بنەڕەتدا مامۆستا بوون (بۆ نموونە: گۆران، فایەق بێكەس). بۆیە رۆڵی مامۆستایەك هیچی كەمتر نییە لە رۆڵی پێشمەرگەیەك ئەگەر پێشمەرگە لە سەنگەرەكاندا خاكی نیشتمان بپارێزن، ئەوا مامۆستایان لە ناو پۆلەكاندا مێشك و ڕۆح و خزری نەتەوە دەپارێزن. وڵاتێك كە مامۆستاكانی خاوەن ڕۆحێكی بەرزی نەتەوایەتی بن، هەرگیز لێ مەترسێ و كولتوورەكەی ون نابێت.
لە دیدی سەلاح حەمیدەوە، لە سەردەمی جیهانگیریدا، مامۆستایان دەتوانن لە زۆر تەوەرەی سەرەكی ڕۆحی نەتەوایەتی لە ناو قوتابیان بەهێز بكەن كە ئەوانیش رێكخستنی زانیارییەكان و رێگەگرتن لە زانیارییە هەڵەكان: ئێستا قوتابیان ڕووبەڕووی لافاوێك لە زانیاری و كولتوور و هەواڵی جیاواز دەبنەوە. مامۆستا دەتوانێت وەك رینماییكەرێك بێت بۆ ئەوەی ڕێنماییان بكات چۆن تەكنەلۆژیا و مۆبایل و ژیری دەستكرد بۆ خزمەتی نەتەوەكەیان بەكاربهێنن و نەوەی ئێستا نەبنە رۆبۆت، لەلایەنی دیكەیشەوە تەكنەلۆژیا دەتوانێت زانیاری بدات، بەڵام سۆز، هۆگری (ئینتیما) و هەستی نیشتمانپەروەری تەنها لە ڕێگەی پەیوەندیی ڕاستەوخۆی مرۆیی و ئیلهامی مامۆستایەكەوە دەگوێزرێتەوە، هەروەها لەم سەردەمەدا ڕۆحی نەتەوایەتی تەنها بە دروشم ناپارێزرێت، بەڵكو بە زانست دەکر دەکرێت.
سەلاح حەمید پێی وایە كە كە كابینەی نۆی حكومەتی هەرێم بە گرنگییەوە لە كەرتی پەروەردە دەڕوانێت و هەوڵی داوە بۆ باشتركردنی گوزەرانی مامۆستایان ئەویش لە ریگای دابینكردنی ژیانێكی شایستە و مووچەی بەردەوام، هەروەها پەرەپێدانی تواناكان كە بریتییە لەە ڕاهێنانی بەردەوامی مامۆستایان و جگە لەمەش نوێكردنەوەی پڕۆگرامەكانی خوێندن كە بریتییە لە گونجاندنی پڕۆگرامەكان لەگەڵ پێداویستییەكانی بازاڕ.
سەلاح حەمید گەشبینە لە ئایندەی كەرتی پەروەردە لە هەرێمی كوردستان و پێی وایە پەروەردە بنەمای سەركەوتنی هەر وڵاتێكی زیندووە. كاتێك مامۆستا بە ڕۆحیەتێكی نیشتمانییەوە و قوتابی بە تاسەی فێربوونەوە لە پۆلدا كۆ دەبنەوە، ئەوا پاشەڕۆژێكی گەش چاوەڕی كورد دەكات.

