نووسینی: هۆشەنگ شێخ محەمەد
خوێندنەوەی: باهۆز مستەفا
ڕۆمانی «میدیا»ی نووسەر هۆشەنگ شێخ محەمەد، دەقێکی ئەدەبیی قووڵە، کە بە ئاواز و ریتمێکی بەهێزی دەروێشانە و عیرفانی دەستپێدەکات. هەر لە دێڕەکانی سەرەتاوە بە «ئەڵڵا ئەڵڵا ئەڵڵا ئەڵڵا ئەڵڵا ئەڵڵا ئەڵڵا
.. ئەڵڵا» خوێنەر بەرەو دنیایەک دەبات، کە تێیدا سنووری نێوان ماددە و ڕوح، جەستە و عەشق، ئیمان، مەستبوون و بیرکردنەوە دەسڕێتەوە. ڕۆمانەکە گێڕانەوەی سەفەری فەلەکئاسای کارەکتەری (مانی)یە لە هەوڵە بەردەوامەکانیدا بۆ دۆزینەوەی حەقیقەت و گەیشتن بە نێرڤانەی ڕوحی.
کورتەی بەشەکانی ڕۆمانەکە:
ڕۆمانەکە لە سێ بەشی سەرەکی پێکهاتووە و گێڕانەوەی سەفەری فەلەکئاسای کارەکتەرێکە بە ناوی (مانی) کە لەنێوان جەستە، عیرفان، فەلسەفە و گەڕان بەدوای حەقیقەتدا دەخولێتەوە:
دەستپێک و بەشی یەکەم: ململانێی جەستە و عیرفان
چیرۆکەکە لە کتێبخانەی تەکیەی شێخ محەمەدەوە دەستپێدەکات. مانی خوێنەرێکی جیاوازە و خاوەن دوو چاوی جیاوازە (چاوی ڕاستی زەرد و چاوی چەپی شین). لەنێوان خۆشەویستیی بۆ میدیا، چێژی جەستەیی و خولیای عیرفانیدا تووشی ململانێیەکی دەروونیی سەخت دەبێت، تا کار دەگاتە ئەوەی دەست بۆ خۆخەساندن ببات بۆ ئەوەی خۆی لە داوی شەهوەتی جەستە ڕزگار بکات.
بەشی دووەم: سەفەری سوهڕەوەرد و نێرڤانە
مانی ڕوو لە ناوچەی سوهڕەوەرد دەکات و دەبێتە قوتابی لای مامۆستا ئەمین پیرنیا (بابە حاجی). لەوێ لەگەڵ ژنێک بە ناوی «ئاهی» دەکەوێتە جیهانێکی ڕۆحی و فیکریی قوڵتر، فێری تێڕامان لە سروشت و خوێندنەوەی دەقەکانی سوهڕەوەردی دەبێت. لەم بەشەدا چاوە زەردەکەی دەبێتە هێمای ئاگر و شەڕ، چاوە شینەکەی دەبێتە هێمای ئاو و ئاشتی، مانی بەتەواوی لە جەستە دادەبڕێت و تەنیا بەدوای باڵابوونی ڕوحدا دەگەڕێت. لەم بەشە رۆمانی ڤیسکۆنتی مەداردۆ دی ترالبا-
ئیتالۆ کالڤینۆی بیرهێنامەوە کاتێ لەشەڕ دەبێتە دوو پارچە یان دوو لەت لەتێکی شەڕانگێز و لەتەکەیتر خێرخواز. مانی زۆر شت لە گەشتەکەی سورەوەردی و بابە حاجی فێردەبێ بەتایبەتی لەدروستبوونی بیرکردنەوەی تایبەت بەخۆی لەکاتی خوێندنەوە و چوونە نێو دنیای روحانی و فەلسەفەدا(تۆ دەبێ خاوەن گێڕانەوەی خۆتبیت) مانی چیتر جەستەی خۆی خۆشناوێت هەستدەکات رێگایەکە بۆ خەڵەتاندن و ناپاکی، تەنیا روحە بە دوای باڵابوون و پایە بەرزەکان دەگەڕێ. بەڵام ئاهی بۆچوونی جیاوزبوو بۆیە دەیپرسی: کێ رێگای راست دەستنیشان دەکات؟
شەوانە لەگەڵ ئاهی خەریکی خوێندنەوەی چیرۆکەکانی سورەوەردی بوون(شەققەی باڵەکانی جوبرەئیل، ئەقڵی سوور، نامەیەک لە بارەی منداڵییەوە)
دواجا لەگەڵ ئاهی و بابە حاجی دەچنە سەر قەبران قەبری پەریخان خێزانی مامۆستا ئەمین پیرنیا کە ئاهی پێیدەگوت بابە حاجی، لەوێ بە تەمبوورەکەی و ئاوازی عووشاق، پەریخان دڵخۆش دەکات و خۆی و ئاهیش دڵتەنگ و فرمێسک بۆ بیرەوەرییەکانیان دەڕێژن.
بەشی سێیەم: گەڕانەوە، ئازادیی فیکر و مەرگی تراژیدی
مانێک کە دەگەڕێتەوە، تێگەیشتنێکی جیاوازی بۆ ئاینەکان هەیە (ئیسلام، مەسیحیەت، جوو، ئێزدی، زەردەشتی) و جیاوازییان لەنێواندا نابێنێت. ئەم تێڕوانینە ئازادانەیە تووشی ڕووبەڕووبوونەوەی دەکات لەگەڵ کەسایەتییە دەمارگیرەکان (بەتایبەت مەلا ئەییوب). سەرەڕای ئەم ئاستەنگانە، مانی بڕیار دەدات هاوسەرگیری لەگەڵ «میدیا» بکات و کتێبە تازەکەی بڵاو بکاتەوە. بەڵام لە ڕۆژێکی باراناویدا، لەلایەن پیاوانی مەلا ئەییوبەوە بە چەقۆ دەکوژرێت و خوێنەکەی تێکەڵی کاغەز و مەرەکەبی کتێبەکەی دەبێت.
جۆر و تەکنیکە ئەدەبییە بەکارهاتووەکانی ڕۆمانەکە
ئەم ڕۆمانە خاوەنی کۆمەڵێک جۆر و تەکنیکی ئەدەبی دیار و دەوڵەمەندە.
جۆری ڕۆمان :
فەلسەفی-عیرفا، تێمای سەرەکی تێڕامانە لە حەقیقەت، بەکارهێنانی فیکری سوهڕەوەردی، نیتچە، پلاتۆ و ئەرستۆ، گەڕان بەدوای پاکبوونەوەی ڕوحدا.
سایکۆلۆژی و تراژیدی، ململانێی ناوەکیی کارەکتەر لەگەڵ جەستە و حەزەکانیدا (خۆخەساندن) و کۆتاییهاتنی ژیانی کارەکتەر بە شێوەیەکی تراژیدی.
تەکنیکە ئەدەبی و هۆکارەکانی گێڕانەوە:
سمبولیزم
چاوەکانی مانی، چاوی زەرد هێمای ململانێ، ئاگر و شەڕ، چاوی شین هێمای ئارامی، ئاو و ئاشتی.
خوێن و مەرەکەب، تێکەڵبوونی خوێنی مانی لەگەڵ مەرەکەبی کتێبەکەی هێمای قوربانیدانی هزرو ئەندێشەیە لەسەر دەستی نەزانی.
نێودەق و فرەدەنگی
ئاوێتەکردنی دەقی ڕوانگە فەلسەفی و ئاینییەکان، وەک: کتێبە فەلسەفییەکان، گەشتی دانتی، شیعری مەولانە، و دەقەکانی سوهڕەوەردی (شەققەی باڵەکانی جوبرەئیل، ئەقڵی سوور) لەنێو ڕۆمانەکەدا.
درەوشانەوەی کەشوهەوا و ڕیتمی موسیقایی
دەستپێکردنی ڕۆمانەکە بە ڕیتمێکی سۆفییانە (دەنگی زیکر و تەقەی تەکیە) زەمینەیەکی دەروونی و ڕۆحی لای خوێنەر دروست دەکات تا بپەڕێتەوە بۆ نێو کەشوهەواکە.
بوونی دەنگی ژنانی وەک «ئاهی، سۆفیا، میدیا» کە بەرجەستەی جیهانی مادی و ڕوحی، وەفا و ئەوین دەکەن لەبەرامبەر تێڕوانینە سەختەکەی مانی بۆ حەقیقەت.
دەرئەنجام
ڕۆمانی «میدیا» گەشتێکی هزری و ڕۆحی قووڵە بۆ ناو دەروونی مرۆڤ و هەوڵەکانی بۆ تێپەڕاندنی سنوورەکانی جەستە و گەیشتن بە ڕۆشنایی. نووسەر توانوێتی بونیادێکی فەلسەفیی تۆکمە و تەکنیکی هاوچەرخی ئەدەبی بەیەکەوە گرێبدات و بەرهەمێک پێشکەش ببات، کە بە کۆتاییە تراژیدییەکەی، پرسیار گەلێکی جدی لەسەر چارەنووسی بیرکەرەوەکان لە کۆمەڵگەدا دروست دەکات.
سەرچاوە: هۆشەنگ شێخ محەمەد، ڕۆمانی میدیا

