شیڤان شێرزاد – هەولێر
هونەرمەندی گۆرانیبێژ (حەمە ڕەئوف کەرکوکی) بەشی هونەری ڕۆژنامەی “هەولێر” لە نوێترین بەرهەمی هونەری خۆی ئاگادار دەکاتەوە و تیایدا ئاماژە بۆ بەرهەم هێنانی دوو گۆرانی نوێ دەکات، کە بەناونیشانی ئاسمانی حەوتەمە و لە هۆنراوە و ئاواز و میوزیکی ڕزگار خۆشناو و بەرهەمی دووەمیشی بە ناوی بیستووی مەرگمە، کە هۆنراوەکەی لەلایەن عەتای کلاسیکەوە نووسراوە، ئاوازەکەشی خۆی بۆی داناوە و میوزیکی ئەو بەرهەمەش خەلیل عەبدوڵڵا ئامادەیکردووە.
لە لێدوانەکەی بۆ “هەولێر” دەڵێت: “گۆرانی “ئاسمانی حەوتەم”، بەرهەمێکی عاشقانەیە و زیاتر لەسەر هەستی خۆشەویستی و سۆزی دڵ دامەزراوە و هەڵگری وێنەیەکی شاعیرانە و هەستیارە. هەروەها گۆرانی “بیستووی مەرگم”، رەنگ و شێوازێکی جیاوازی هەیە، چونکە بە شێوازی پاپ و سۆنەتی ئامادە کراوە.”
حەمە رەئوف کەرکووکی باس لە تۆمارکردنی هەردوو بەرهەمە نوێیەکەی دەکات و دەڵێت، “گۆرانییەکەم لە پرۆژەی تۆمارکردندایە و ئێستا ئامادەکردنی میوزیکەکە بە تەواوی کۆتایی پێهاتووە و بەرهەمەکانم خستۆتە سەر نۆتە، بەڵام هێشتا قۆناخی تۆمارکردنی میوزیک و دواتر تۆمارکردنی دەنگی ماوە.”

