رۆژنامەی ھەولێر

ئاماژەکان وا دەردەخەن پێکھێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان نزیکە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

پارتی و یەکێتی لە پێکھێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان نزیکبوونەتەوە، پارتی دەیەوێت لەو کابینەیەدا ئەولەویەت خزمەتکردن و خۆشکردنی ژیان و گوزەرانی خەڵک بێت. بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی لە سلێمانی و ھەڵەبجە، دەڵێت: نزیکبوونەوەی باش لە نێوان پارتی و یەکێتی ھەیە، ھەنگاوەکانیش بە ئاراستەی کاراکردنەوەی پەرلەمانە.دەشڵێ:بەرپرسیارەتیی ھەموو لایەنەکانە، بەتایبەتی پارتی و یەکێتی وەکو دوو حزبی سەرەکی، بۆ ئەوەی ئەم قۆناخە تێپەڕێنن.

پارتی دیموکراتی کوردستان لە ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ٣٩ کورسی و زیاتر لە ٨١٠ ھەزار دەنگی بەدەستھێنا، بەراورد بە ھەڵبژاردنی خولی پێنجەم زیاتر لە ٢٠٠ ھەزار دەنگی زیاد کرد و بە ڕێژەیەکی یەکجار زۆر لە پێش ھەموو لیستەکان کەوت، یەکێتیی ٢٣ کورسی، نەوەی نوێ ١٥ کورسی، یەکگرتوو ٧ کورسی، ڕەوتی ھەڵوێست ٤ کورسی، کۆمەڵ ٣ کورسی، بەرەی گەل ٢ کورسی، ھاوپەیمانیی ھەرێمی کوردستان ١ کورسی و بزووتنەوەی گۆڕان ١ کورسی بەدەستھێنا.
لە ماوەی ڕابردوودا، کوردستانییان بەردەوام داوایان کردووە دامەزراوە دەستوورییەکان بەشێوەیەکی ئاسایی و چالاک کار بکەن، چونکە ھەر دواکەوتنێک لە کاری پەرلەمان کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ژیانی خەڵک و چارەسەرکردنی کێشەکانیان دەبێت. لەبەر ئەوە، کاراکردنەوەی پەرلەمان دەرفەتێکی نوێی بۆ ھەموو لایەنە سیاسییەکان ڕەخساندووە تا بتوانن لە ڕێگەی گفتوگۆ و ھاوکارییەوە چارەسەری بابەتە گرنگەکانی ھەرێم بدۆزنەوە.
پارتی، ستراتیژیەتێکی شەفافی ھەیە و بەدرێژایی مێژوو بە ڕاستگۆیی سیاسەتی کردووە، ھەروەھا بەرژەوەندییەکانی خۆی وەلا ناوە و بەرژەوەندیی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانی بەلاوە گرنگتر بووە. ئێستا خواستێکی زۆر لەلایەن لایەنە سیاسییەکان و خەڵکەوە دروست بووە، کە پەلەبکرێت لە پێکھێنانی کابینەی دەیەم، بەڵام ئەم کابینەیە دەبێت کابینەیەکی جیاواز و بەھێزتر و یەکگرتووتر بێت لە ھەموو کابینەکانی پێشوو، لە قۆناغی دوای ھەڵبژاردن پارتی دیموکراتی کوردستان پابەندە بە دروشمەکانی خۆی ئەویش ھێنانەدی ئارامی و ئاوەدانی و پێکەوەییە، پارتی ھیچ مەرجێکی پێشوەختەی نییە بۆ پێکھێنانی کابینەی دەیەم، بەڵام وەکو سەرۆک بارزانی، دەڵێت، یەک حکوومەت و یەک پەرلەمان و یەک ھێزی پێشمەرگە داواکاری پارتی و خەڵکی کوردستانە.
سەرۆک بارزانی، لە پەیامێکی مێژووییدا بە بۆنەی جەژنی پیرۆزی قوربانەوە، پەیامێکی ئاراستەی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان کرد و ڕایگەیاند، پەیامم بۆ لایەن و ھێزە سیاسییەکانی کوردستان ئەوەیە کە ھەموو لایەک بیر لە بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستان بکەنەوە و بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلەکەمان لەسەرووی ئامانج و بەرژەوەندیی بەرتەسک دابنێن، بۆیە داوا دەکەم لایەنە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان بە دڵسۆزی و ھەستی نیشتمانپەروەرانەوە بەیەکەوە کۆببنەوە، ئەو چەقبەستووییە سیاسییە چارەسەر بکەن و کۆتایی بەم دۆخە نالەبارە بھێنن. ئەم پەیامە کاردانەوەی خێرای لایەنەکانی لێکەوتەوە و وەک “دەرچەیەک” بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆکانی پێکھێنانی کابینەی دەیەم دەبینرێت.
سەرکەوت ئەمیر، چاودێری سیاسی، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: پێکھێنانی کابینەی دەیەم زۆر دواکەوت، بە ھەستکردن بە کاریگەرییەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەکە، پێویستە پارتی و یەکێتی پەلە لە پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەت بکەن، بۆ ئەوەی ھەرێمی کوردستان لە گۆڕانکارییە نەرێنییەکانی ناوچەکە بپارێزن، کە دەبینین ڕۆژانە درۆن و مووشک ئاراستەی ھەرێمی کوردستان دەکرێت، دوایینیش بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە، لە دیوی سنووری ئێرانەوە بە دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو ھێرش کرایە سەر نووسینگەی تایبەتی سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان و شوێنی حەوانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن لە پیرمام، بەڵام ھێرشەکە ھیچ زیانێکی گیانیی لێنەکەوتەوە.
ئەو چاودێرە، دەشڵێ: ھەم کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، ھەمیش ئەمەریکا لەزۆر لاوە ئاماژەیان بەوە داوە ناکرێت لەوە زیاتر حکوومەت دواکەوێت جیالەوەش پێویستە ھەموو ھێزە براوەکان بەپێی قەبارەی خۆیان پۆست وەربگرن، ناکرێت فەرزی سیاسی خۆیان بکەن و پێکھێنانی حکوومەت لەبەر چەند پۆستێک لەوە زیاتر دوابخەن.
نەرمین سەعدی، چالاکوانی سیاسی، بە ڕۆژنامەی” ھەولێر”ـی گوت: بەو پێیەی کە پارتی دیموکراتی کوردستان حیزبی یەکەمە ئەرکی پێکھێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی لە ئەستۆدایە، بۆیە پێوستە ھەر حیزب و لایەنێکی بەشداربوو بەپێی ژمارەی کورسییەکانی مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، نەک ئەوەی چەند کورسی ھەبێت ھەمان داواکاری گەورەترین حیزبی ھەبێت، گرنگ و پێوستە بەشداریکردن لە حکوومەت بە کردار و خزمەت بێت نەک بە ڕۆژ لە نێو حکوومەت بی و بە شەویش خۆت بکەیت بە دژبەر و ئۆپۆزسیۆن، خۆ ئەگەر بەشێوەی ڕابردوو بێت ئەوە دیسان بەربەست و ئاستەنگ لە بەردەم کارەکانی حکوومەتی نوێ دروست دەبێت.
نازم مستەفا، شرۆڤەکاری سیاسی، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاشکرای کرد: یەکڕیزی حزب و لایەنە کوردستانییەکان لە چوارچێوەی بنەمای نیشتمانی و کوردستانیدا ھەنگاوێکە بۆ سەرکەوتنی گەلی کوردستان لە ھەموو قۆناغەکاندا و دوورکەوتنەوە لە کێشە و گرفتەکان.
ئەو شرۆڤەکارە، دەشڵێ: پارتی لە یەکەم ڕۆژی ھەڵبژاردنەوە تا ئەمڕۆ ھیواخواز بووە ھەموو حزب و لایەنەکان بەپێی قەبارەی خۆیان بەشداری لە کابینەی نوێ بکەن، چونکە چەند کورد بەھێز بێت ئەوەندە دەتوانێت مافەڕەواکانی خۆی وەربگرێت و پێگەی ھەرێمی کوردستانیش بەھێزتر دەبێت، ھەر کاتێک کورد یەک نەبێت زەرەرمەندی یەکەم خەڵکی کوردستان دەبێت، پارتییش نایەوێت خەڵک زەرەر بکات، ھەر ئەوەش ھۆکار بووە کە پارتی زۆرجار قوربانی بدات و لە مافی خۆی خۆش بێت لە پێناو یەکڕیزی لایەنەکان، بەڵام دەیەوێت ھەموو لایەنەکان ھەر یەکە و بەپێ بەرکەوتەی خۆی بەشداری لە کابینەی دەیەم بکات.
عەلی حوسێن، بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی لە سلێمانی و ھەڵەبجە، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە زۆر قۆناخی گرنگدا ھاوپەیمانی پارتی دیموکراتی کوردستان بووە و لە ماوەکانی ڕابردوودا ھەندێک بەرز و نزمی لە سیاسەتدا ھەبووە، ئاماژەی بەوەدا، لەبەر پێکنەھێنانی حکوومەت و کارانەکردنەوەی پەرلەمان، قۆناخەکە زۆر ھەستیارە و بەرپرسیارەتیی ھەموو لایەنەکانە، بەتایبەتی پارتی و یەکێتی وەکو دوو حزبی سەرەکی، بۆ ئەوەی ئەم قۆناخە تێپەڕێنن.
دەربارەی نزیکبوونەوە و کۆبوونەوەکانی نێوان پارتی و یەکێتی، باسی لەوە کرد، نزیکبوونەوەیەکی باش لە نێوان ھەردوولا ھەیە و پێی وایە دانیشتنەکان ڕەنگدانەوەی ئەرێنییان دەبێت، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بێ ئەوەی بۆ ڕاگەیاندن ئاشکرا بکرێت دانیشتنمان ھەبووە، لەم ماوەیەش دانیشتنی دیکە دەکرێت و ھەنگاوەکان بەرەو کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکھێنانی حکوومەتن.
عەلی حوسێن، ڕوونیکردەوە، پارتی ھەمیشە نەرمی نواندووە بەرامبەر یەکێتی لە ھەڵبژاردنەکانی ١٩٩١ـەوە تا ئێستا، ئێستاش حیسابی ئەوەمان نەکردووە کە یەکێتی ٢٣ کورسیی ھەیە، بەڵکو حیسابی ئەوەمان کردووە کە یەکێتی ھاوبەشی ئێمەیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، کاتێک ھەڵبژاردن کراوە، دەبێت ڕێز لە دەنگ و ئیرادەی خەڵکیش بگیرێت.
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی پارتی ئاماژەی بەوەشدا، دوای ھەڵبژاردنی ٢٠٢٤ لەگەڵ یەکێتی کۆبوونەتەوە و لە سەرەتادا یەکێتی جەختی لەسەر بنەمای حکومڕانی دەکردەوە و دەیانگوت پلە و پۆست گرفت نابێت، بەڵام دواتر پۆستەکان بوونە بیانوو.