رۆژنامەی ھەولێر

بەشێک لە گرووپە چەکدارە نایاساییەکانی عێراق گفتوگۆی دانانی چەک ڕەتدەکەنەوە

بەپێی زانیارییەکان دوایین هەوڵەکان بۆ دەستبەسەرداگرتنی چەکی گرووپە چەکدارە نایاسییەکانی عێراق نزیکە لە شکست ئەویش دوای ئەوەی چەندین هەوڵدرا و کۆبوونەوەی زۆریش لەو بارەیەوە لە نێو چوارچێوەی هەماهەنگی بەڕێوەچووە.

حکوومەتی عێراق لەسەر ئاستی باڵا تاوتوێی سیناریۆی شکستهێنانی پڕۆسەی وەرگرتنی چەکی گرووپە چەکدارەکانی کردووە، بەهێزترین بژاردە لە بەردەم بەغدا ئەوەیە ئەگەر پێش کۆتاییهاتنی وادەکە سەرکەوتوو نەبوون، داوا لە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بکرێت ماوەکە درێژ بکرێتەوە.
بەپێی سەرچاوەکان، گرووپەکانی (کەتیبەکانی حزبوڵڵای عێراق، کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا، سەرایا ئەولیا دەم، ئەسحابولکەهف، بزووتنەوەی نوجەبا و کەتیبەکانی کەربەلا) چەکدانانیان بەتەواوی رەتکردووەتەوە، هەرچەندە لە رێگەی چوارچێوەی هەماهەنگییەوە هەوڵ دراوە فشار لەسەر ئەو گرووپانە دروست بکرێت، بەڵام هەوڵەکان بێئاکام بوون.
چەند سەرچاوەیەکیش باس لەوە دەکەن، حکوومەت لە گفتوگۆ لەگەڵ گرووپە چەکدارەکان گەیشتووەتە بنبەست، چونکە بەشێک لەو گرووپانە رادەستکردنی چەکەکانیان رەت دەکەنەوە و مەرجی چوونەدەرەوەی تەواوەتیی هێزەکانی ئەمریکایان بۆ چەکدانان داناوە.
حکوومەتی عێراق کە بەهۆی هێرشەکانی بەرەی مقاوەمە کەوتووەتە دۆخێکی تایبەتییەوە لە گەڵ چوارچێوەی هاوئاهەنگی و گرووپەکانی حەشدی شەعبی و هێزەکانی بەرەی مقاوەمە، هەوڵەکانی خۆی چڕ کردووەتەوە بۆ ئەوەی دۆخەکە لەوەی هەیە ئاڵۆزتر نەبێت چونکە وەڵامدانەوەی گرووپە میلیشیاکان نەک خزمەتی حکوومەتی عێراق ناکات بگرە قەیرانی نوێی سیاسی و تەناهی بۆ حکوومەتی عێراق دەهێنێتەوە کایەوە. هەر خۆی عێراق سەرئێشەی کەمی نییە و بەهۆی وەستانی هەناردەی نەوت لە مانگەکانی ڕابردوودا داهاتەکەی دابەزیوە و دابەشکردنی مووچەی مانگی تەمووزیش زۆر دواکەوت.