رۆژنامەی ھەولێر

یەکێتیی ئەوروپا: هێرشی درۆنیی سەر نووسینگەی مەسروور بارزانی هەوڵێکە بۆ ڕاکێشانی ناوچەکە بۆ ناو شەڕ

شاندی یەکێتیی ئەوروپا لە عێراق و باڵیۆزخانەی وڵاتانی ئەندام، لە پەیامێکی فەرمیدا بۆ مەسروور بارزانی، سەرۆکی حكوومەتی هەرێمی کوردستان، بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە درۆنییەیان کرد کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە (17ی ئابی 2026) کرایە سەر نووسینگەی سەرۆکی حكوومەت و شوێنی حەوانەوەی سەرۆکی دەزگای ئاسایشی هەرێم لە شارۆچکەی پیرمام. کلێمێنس سێمتنەر، باڵیۆزی یەکێتیی ئەوروپا لە عێراق، لە نامەکەیدا جەختی کردەوە کە ئامانج لەم جۆرە هێرشانە پەکخستنی هەوڵەکانی دیپلۆماسی و کێشکردنی وڵاتە بۆ ناو ململانێ هەرێمییەکان.

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی فەرمیی دژەتیرۆری کوردستان، هێرشەکە لە کاتژمێر 12:28ی بەرەبەیاندا ئەنجامدراوە، تێیدا دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو لە جۆری “حەدید-110” بەکارهێنراون کە لە ناو خاکی وڵاتی ئێرانەوە ئاڕاستە کرابوون. دژەتیرۆر دڵنیایی دا کە ئەم دەستدرێژییە هیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەوتووەتەوە. هاوکات مەسروور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێم، لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی “ئێکس” ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بەرپرسیاری ئەم هێرشەیە و کارەکەی بە “هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ” بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان وەسف کرد.

یەکێتیی ئەوروپا لە پەیامەکەیدا جەختی لەوە کردەوە کە ئامانجگرتنی دامەزراوە فەرمییەکان و بەرپرسانی وڵات بە هەموو شێوەیەک قبووڵنەکراوە. باڵیۆزی یەکێتیی ئەوروپا داوای کرد کە پێویستە تەواوی چەکەکان بخرێنە ژێر کۆنتڕۆڵی دەوڵەت تاوەکو ڕێگری لەم جۆرە پێشێلکارییانە بگیرێت. لە کۆتایی نامەکەدا، یەکێتیی ئەوروپا پابەندیی بەردەوامی خۆی و وڵاتانی ئەندامی دووپات کردەوە بۆ پشتیوانیکردنی عێراق و هەرێمی کوردستان لە پێناو گەیشتن بە داهاتوویەکی ئاشتییانە و گەشەسەندوو.