سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەریی هەرێمی کوردستان سەرکۆنەی هێرشە درۆنییەکەی سەر نووسینگەی سەرۆکوەزیران و شوێنی مانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن دەکات، داواش لە بەغدا دەکات هەڵوێستی رژدی هەبێت.
ئەمڕۆ دووشەممە، 17ـی ئابی 2026، عەبدولجەبار عەزیز حەسەن، سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەریی هەرێمی کوردستان، لە راگەیەنراوێکدا سەرکۆنەی هێرشی درۆنی بۆ سەر نووسینگەی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کرد و دووپاتی کردەوە، ئەمە پێشێلکارییەکی زەقی سەروەری و سەقامگیری و ئاسایشی هەرێم و هاووڵاتییانە.
لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە: “بەتوندی سەرکۆنەی هێرشەکانی سەر نووسینگەی بەڕێز مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و شوێنی حەوانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن دەکەم. ئەم هێرشانە پێشێلکارییەکی زەقی سەروەری و ئاسایشی هاووڵاتییان و سەقامگیریی هەرێمی کوردستانە لە چوارچێوەی عێراقی فیدراڵدا، خزمەت بە هیچ لایەنێک ناکات و دژی ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەکەیە. هەرێمی کوردستان بەشێکی گرنگی بەدیهێنانی ئەو ئاشتی و سەقامگیرییەیە”.
سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەریی هەرێمی کوردستان داوا لە حکوومەتی فیدراڵی و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات هەڵوێست و رێکاری رژد بگرنە بەر بۆ راگرتنی ئەم هێرشانە و دانانی سنوورێک بۆ دووبارەنەبوونەوەیان.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ، هێرشێکی درۆنی کرایە سەر نووسینگەی تایبەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و ماڵی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن و زانیاری لە پیرمام.
دژەتیرۆری کوردستان ئاشکرای کرد، درۆنەکان ئێرانی بوون و بە مەبەستی تێکدانی ئارامیی ناوچەکە ئاراستە کراون.
دوای رووداوەکە، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی پەیامێکی بڵاوکردەوە و گوتی، “بە توندترین شێوە، ئەم هێرشە ناڕەوا و قبوڵنەکراوانە سەرکۆنە و شەرمەزار دەکەم”. دووپاتیشی کردووەتەوە، “ئەمە هەنگاوێکی مەترسیدارە و هەڕەشەیەکی راستەوخۆیە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان”.
سەرۆکی حکوومەت جەختیشی کردووەتەوە، “ئەم هێرشانە هەرگیز ناتوانن بمانوەستێنن لە بەردەوامبوونمان لە ئەنجامدانی ئەرکەکانمان و پاراستنی هاووڵاتییانمان”.

