رۆژنامەی ھەولێر

١٦ی ئاب؛ ئیرادە و مێژووی شکۆمەندیی ئافرەتی کورد لە ڕێبازی بارزانیدا

لیا سیفەدین
ئەمڕۆ کە یادی 8٠ ساڵەی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان و لەدایکبوونی ڕێبەری نەتەوەیی، جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی دەکەینەوە، تەنها یادی دامەزراندنی حزبێکی سیاسی ناکەینەوە، بەڵکو یادی سەرەتای گۆڕینی مێژووی میللەتێک دەکەینەوە کە لەناو بێئومێدیدا، ئومێدی بۆ ژیان و ئازادی لەسەر دەستی باوکی ڕوحی، “مستەفا بارزانی” نەمر چاند.

بۆ ئێمە لە یەکێتی ئافرەتانی کوردستان، ١٦ی ئاب وێستگەیەکە بۆ نوێکردنەوەی پەیمان و وەفا. پارتی دیموکراتی کوردستان هەر لە سەرەتای دامەزراندنیەوە، تەنها وەک هێزێکی سەربازی و سیاسی دەرنەکەوت، بەڵکو وەک قوتابخانەیەکی گەورەی فکری و کۆمەڵایەتی هاتە کایەوە کە تێیدا “ئافرەت” وەک کۆڵەکەیەکی سەرەکیی شۆڕش و بونیادنانی کۆمەڵگە ناسێنرا.

پارتی و ڕێبازی بارزانی، ئەو ڕێبازە بوو کە باوەڕی وابوو هیچ شۆڕش و گۆڕانکارییەک بەبێ بەشداریی کارای ئافرەتان سەرکەوتوو نابێت. هەر بۆیە لەژێر سایەی ئەم حزبەدا بوو کە یەکێتی ئافرەتانی کوردستان دامەزرا بۆ ئەوەی ببێتە سەکۆیەک بۆ پێگەیاندنی ئافرەتی سەرکردە، ئازا و خاوەن بڕیار. ئێمە وەک کادیرانی ئەم ڕێکخراوە، شانازی دەکەین کە لە قوتابخانەیەکدا پەروەردە بووین کە شکۆی مرۆڤ و مافی نەتەوایەتی لە سەرووی هەموو بەرژەوەندییەکەوەیە.

هاوکاتبوونی یادی دامەزراندنی پارتی لەگەڵ لەدایکبوونی جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی، ماناو هێزێکی زیاتر بەم یادە دەبەخشێت. سەرۆکێک کە هەمیشە پشتیوانێکی بێدرێغی مافەکانی ئافرەتان بووە و لە هەموو وێستگەکاندا جەختی لەوە کردووەتەوە کە “ئافرەتان نیوەی کۆمەڵگەن و دەبێت هاوشانی پیاوان لە کایە سیاسی و کارگێڕییەکاندا بن”

لە کاتێکدا یادی ئەم جەژنە نەتەوەییە دەکەینەوە، وەک کادیرێکی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان، دووپاتی دەکەینەوە کە ئێمە بەردەوام دەبین لەسەر خەبات بۆ چەسپاندنی یەکسانی، دادپەروەری و پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان. ئێمە دەستی ئاوەدانی و ئاشتی درێژ دەکەین و لە هەمان کاتدا، وەک قەڵایەکی پتەو دەبین بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانمان.

پیرۆز بێت ١٦ی ئاب لە سەرۆک بارزانی، لە پێشمەرگە قارەمانەکان، لە دایکی شەهیدان و لە تەواوی کادیر و لایەنگرانی پارتی.
بەرز و شەکاوە بێت ئاڵای پیرۆزی کوردستان و شکۆدار بێت ڕێبازی بارزانی.